پەیەدە: پێویستە بە خێرایی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێت

پەیەدە سەرنجی خستەسەر مەترسیی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رایگەیاند "پێویستە بە خێرایی بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن".

ئەنجومەنى گشتیی پارتی یەکێتیى دیموکراتیک (پەیەدە) راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتى تورک رێگری لەوە دەکات، کە بنەماڵە و پارێزەران چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجام بدەن و ئەوەش لەم کاتەدا، کە کاتی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنایە دۆخەکەى قورستر کردووە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە:

"لە ناو پێشهات و مەترسییەکان بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهاندا، دەوڵەتى تورکی داگیرکەر سیاسەتە فاشیستی و دوژمنکارانەکەی بەرامبەر بە گەلانی هەرێمەکە، بە تایبەتی گەلی کورد هەم لەناوخۆی تورکیا و هەم لە هەموو ناوچەکە درێژە پێدەدات. ئەو خۆی دوژمنایەتی دەکات و پشتیوانى لە گروپە توندەڕەو و چەتەکان لە سوریا دەکات و هەوڵ دەدات بە هەمو هێزی خۆیەوە ئارامیی ئەو هەرێمانە، کە لە دەست چەتەکانی داعش رزگارکراون تێکبدات و ئەو ناوچانەى داگیریکردوون لە رووی دیموگرافییەوە بگۆڕێت.

لە ناوخۆی تورکیا تاوەکو ئێستا دەوڵەتى تورک بە هەموو هێزی خۆیەوە هەناسە لەبەر زیندانییە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسان دەبڕێت. هەرگیز باسی دۆخی زیندانییەکان ناکات و رێگاش نادات هیچ کەس لە کەسوکاری زیندانییەکان لەگەڵ ئەو زیندانیانەدا قسە بکەن و بەو جۆرەى کە خۆی دەیەوێت پەیوەندی دروست دەکرێت. دەوڵەتى تورکی فاشیست بەردەوامە لەسەر گۆشەگیرکردنی رێبەر ئۆجالان. هەموو داواکانی بنەماڵە و پارێزەرانى بۆ سەردان و چاوپێکەوتن رەتدەکاتەوە. ئەو کردارە قورس و سەختە لەم دۆخە قورسە و لە کاتی بڵاوبوونەوى ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا و هەرێمەکەدا بەڕێوەدەچێت.  ئەوە گەلی کورد توڕە دەکات و یاسا و ماف و بەها مرۆییەکانیش پێشێل دەکات.

ئێمە وەک ئەنجوومەنی گشتیی پەیەدە داوا دەکەین تورکیا کردار و پێشێلکارییەکانى خۆی راوەستێنێت. داواش لە هەموو لایەنە حقوقی، مرۆیی، دیموکراتیک و هێزە لایەنگرەکانى دیموکراسی دەکەین، کە رۆڵی خۆیان پێکبهێنن و گوشار لە دەوڵەتى تورک بکەن، کە ئەو دۆخە قورس و زەحمەتە، کە هەموو جیهانی گرتووەتەوە بۆ خۆی نەکاتە دەرفەت و ئەمانجە دوژمنایەتییەکانى لەو رێگەیەوە پێکنەهێنێت. ئێمە داواى لابردنی گۆشەگیریی سەر رێبەر ئۆجالان دەکەین و دەرفەت بە بنەماڵەکەى و پارێزەرانی بدەن، کە چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

داواش لە گەلەکەمان دەکەین، کە بە شێوازی دیموکراتیک و بەپێی دەرفەتەکانی بەردەستیان بۆچوون و هەڵوێستی خۆیان بخەنەڕوو و بەپێی رێوشوێنەکانى خۆپاراستن بجوڵێنەوە تاوەکو گۆشەگیریی سەر رێبەر ئۆجالان نەمێنێت، دۆخی زنیدانیانى سیاسی لە تورکیا باش ببێت و هەروەها بە پێداگرییەوە گوشار لە تورکیا بکرێت، کە بەپێی پێوەر و یاسا نێونەتەوەییەکان بجوڵێتەوە".

ژ.ت