چوار گوندی شێراوا ٢ مانگە گەمارۆدراون

گوندەکانی بیرجقاس، کیلۆت، گوندی گەورە و باشەمرێ لە ناوچەی شێراوای عەفرین لە سێ لاوە لەلایەن ئارتەشی تورک و چەتەکانییەوە گەمارۆ دراوە. ئەو ڕێگایانەشی دەچنەوە سەر ئەو گوندانە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریادان.

گوندەکانی بیرجقاس، کیلۆت، گوندی گەورە و باشەمرێ سەر بە ناوچەی شێراوای عەفرین. ڕۆژاوای ناوچەکە و هێڵی سنووری هەرێمەکە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی داگیرکراوە. بەوەش ئەو گوندانە لە سێ لاوە لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە گەمارۆدراون. ئەو ڕێگایانەی کە دەچێتەوە سەر گوندەکان لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریادان.

خەڵکی ئەو گوندانە بۆ ئاژانسس هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد و باسی دۆخی خۆیان کرد. مەحمود محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی شێراوایە و ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی هەرچوار گوندەکەیە و وتی:" بیرجقاس گوندێکی کۆنە، بەشێک لە خەڵکەکەی لە رێگەی کاری جوتیارییەوە ژیانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، بەشێکیانش کرێکارن. بە زەحمەتی و ناڕەحەتی دەچنە لوبنان و کار دەکەن. گوندەکە  گەمارۆ دراوە. لە باکور هەتا باشور لە گوندەکانی کیمار، بەرادی، بیرج حەیدەر، بیرجکی سلێمان، کەفەر نەبو، باسۆفان، فیفین، کیبیشین لە دەور و بەری گوندەکانن و لەلایەن دەولەتی تورک و چەتەکانییەوە داگیرکراون. لە گوندی بیرجقاس نزیکی ١٥٠ پەنابەری عەفرین هەیە. لە گوندی کیلۆت ٥ بۆ ٧ پەنابەری عەفرینی لێیە. لە گوندی گەورە نزیکەی ٣٠ پەنابەر و لە باشەمری ١٠ بۆ ١٥ خێزانی عەفرینی هەیە. هەر چوار گوند لەسەر سنوورن، لە لای نوبیل زەهرا دەوڵەت هەیە. ئێمەیان گەمارۆداوە. لە نێوانی ئێمە و چەتەی دەوڵەتی تورک یەک بۆ دو کیلۆمەترە مەودا هەیە و لە هەنێک شوێنیش مەوداکە کەمترە. چەند ڕۆژ جارێک گوندەکان دەدەنە بەر هاون و دەوڵەتیش ڕێگامان لێ دەگرێت. ئێستا ئێمە بە تەواوی گەمارۆ دراوین. هەرکات بیانەوێت ڕێگامان لێ دەگرن. ئێمە تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین و لێرە دەمێنینەوە."

لە هەموی زیاتر ڕژێم ئاستەنگیمان بۆ دروست دەکات

محەمەد عەلی محەمەد لە دوای داگیرکردنی عەفرین ناچار بووە کۆچ بکات و ئێستا لە گوندی بیرجقاسە و ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەى لە هەموی زیاتر ئاستەنگیان بۆ دروست دەکات ئاستەنگکردنی ڕێگای نوبیل زەهرایە کە دایدەخەن. محەمەد وتی،" نزیک ٢٢٥ خێزانی عەفرینی لەو چوار گوندەدا دەژێن. گوندنشینانی گوندی بیرجقاسش ٢٠٠ خێزانن. ئێمەیان لەم گوندانە گەمارۆ داوە. لە سێ لاوە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی گەمارۆدراوین.  بە بەردەوامی هێرش دەکەنە سەر گوندەکان. تانها یەک ڕێگامان هەیە، ئەوەش ڕێگای نوبیل زەهرایە، کە لە لایەن ڕژێمەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت. ڕژێم لەو ڕێگایە ئاستەنگیمان بۆ دروست دەکات. ناهێڵن بپەڕینەوە و داواى  پارەمان لێدەکەن. کێشەمان بۆ دروست دەکەن. بە هۆی هێرشەوە بریندارمان هەیە، بارەگایەکی مانگی سوور هەیە، بەڵام بەش ناکات. دەوڵەتی سوریا زۆر گوشارمان لەسەر دەکات و زۆر زەحمەتی دەبینین. بۆ ئەوەی بتوانین بریندارەکانمان ببەینە نەخۆشخانە و پێداویستی بۆ دابین بکەین ڕێگا نییە، کاتێ دەوڵەت ئەو ڕێگایە دەگرێت زۆر زەحمەتی ئەبینین."

لە نوبیل زەهراوە کارەبا نادەن

هاوسەرۆکی کۆمۆنی گوندی کیلۆت حەسەن عەلی ئاماژەی بەوە کرد، چەتەکان ٥ کیلۆمەتر لەوانەوە دورن، هەمو شەوێ بە هاوەن و ئۆبوس هێرشی گوندەکان دەکەن و وتی،" لە گوند ٧٠ خێزان و بە گشتی ٣١٠ کەس هەیە. لەو ٧٠ خێزاندا ١٠ی لە عەفرینەوە هاتون. لە سێ لاوە لە لایەن تورکیاوە گەمارۆدراوین، تەنها ڕێگایەکمان هەیە ئەویش لە نوبیل زەهراوەیە. بەڵام ڕژێم ئاستەنگیمان بۆ دروست دەکات و لەبەرامبەر هاتوچۆماندا پارەی لێمان دەوێت. ڕژێم کارەبای گەیاندە نوبیل زەهرا، بەڵام نەیگەیاندە ئەم چوار گوندە. خەڵکی گوندەکە زۆر و زەحمەتی دەکێشن، کار نییە، زەوییەک نییە تاکو بتوانین کاری جوتیاری تیا بکەین. لە دەور و بەری گوندەکە مین چێنراوە، خەڵکەکە ناتوانن بچنە ناو زەوییەکانی خۆیان. زۆر جار مین بە ئاژەڵی گوندەکاندا تەقیوەتەوە. هەمو ڕۆژێ بە هاوەن هێرش دەکەنە سەرمان. لە هێرشەکانیان یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش ئەوەیە گوندەکە چۆڵ بکەین، بەڵام با باش بزانن ئێمە بە هیچ شێوەیەک گوندەکانمان چۆڵ ناکەین."

لە گوندی کیلۆت فاتمە ئیبراهیم باسی لەوە کرد چەتەکان داری زەیتون و زەویی گوندەکەیان سوتاندوون، لە ئێستادا سەرچاوەیەک نییە بۆ بژێوی هاووڵاتییانی گوندەکان. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، چەند مانگە لەو گوندە گەمارۆدراون، سەڕەڕای ئەمانەش گوندەکانی خۆمان چۆڵ ناکەین.

دو مانگە گەمارۆدراون  

هاوسەرۆکی کۆمۆنی گوندی گەورە ئەمین حەسەن ڕایگەیاند، لە گوند ٣٥٠ خێزان هەیە و بە گشتی ٥٠٠ کەسی تیایە، لە ناویاندا ٦٠ خێزان لە عەفرینەوە هاتون. چەتەکان بەردەوام هێرش دەکەنە سەر گوندەکە. ڕژێمیش گەمارۆی خستووەتە سەر گوندەکە، دوو مانگە ناتوانین دەربازی شێراوا ببین و وتی:" ڕژێم ڕێگاکەی گرتوە و ناهێڵێت کەس پیایدا تێپەڕدا، چونکە لە بەرامبەر تێپەڕین بە رێگاکەدا پارەیان دەوێت. ڕژێم ئێمە لە یەکتری دادەبڕێت. هەرکە هێرش دەبێت ئێمە ناچار دەبین لە ماڵەکانمان دەرچین. کاتێک ئێمە لە ماڵەکانمان دەردەچین گروپەکانی سەر بە ڕژێم دێنە ناو ماڵەکانمان و تاڵانی دەکەن."

'تەنها ٥٠٠ مەتر دورن لێمانەوە'

هاوسەرۆکی کۆمینی گوندی باشەمرێ زاکیر محەمەد وتی،" لە ڕۆژئاوامان تاکو خەفتان زەڤەش، کەفەر بەسین و ئینەدان هەرێمەکە لە لایەن چەتەکانەوە داگیرکراوە. خاڵی چەتەکان ٥٠٠ مەتر لێانەوە دورن. ڕۆژانە بە هاوەن هێرش دەکەنە سەر گوندەکان. دەوڵەتیش رێگانادات بریندارەکانمان و نەخۆشەکانمان ببەین بۆ نەخۆشخانە. یەک ڕێگامان هەیە ئەویش نوبیل زەهرایە، لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەدایە. جاری وا هەیە بۆ چەند مانگێک لە گوندەکە گەمارۆ دەدرێین و ناتوانین بچین بۆ هیچ شوێنێک."

ژ.ت