"چوومەوە بۆ عەفرین و رێگایان نەدا لە خانوەکەمدا بمێنمەوە و دەریانکردم"

ئە.خ بۆ بینیى ماڵەکەى رۆیشتەوە بۆ گوندەکەى لە عەفرین و دەیویست لە ماڵەکەیدا بێمنێتەوە، بەڵام بەهۆى چەتەکانەوە نەیتوانى بمێنێتەوە. ئە.خ وتى "تاوەکو داگیرکەران لەوێ بن، ئێمە ناتوانین لە زێدی خۆمان بمێنینەوە".

داگیرکەریى سوپاى تورکیا و چەتەکان لە عەفرین ٦ مانگى تێپەڕاند. هاوکات لەگەڵ داگیرکەری تاڵانى، رفاندن، دەستگیرکردن، دەستبەسەردا گرتن و گۆڕینى دیمۆگرافیایى عەفرینیش ئەنجام دەدەن. هەندێک لە دانیشتوانى عەفرین کە لە دواى داگیرکردنى عەفرین ناچاربوو بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و بچنە ناوچەکانى شەهبا و شێراوا، هەوڵیاندا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان و گوندەکانیان و خانووە رووخاوەکانیان نۆژەن بکەنەوە و دووبارە لە زێدى خۆیاندا درێژە بە ژیان بدەن، بەڵام هەموو تاوانێکى دژ بە مرۆڤایەتییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت و ناتوانن لە زێدى خۆیاندا بمێننەوە.

هاووڵاتییەکى عەفرینى بە ناوى ئە.خ بۆ بینینى خانووەکەى چووبووە بۆ عەفرین. ئە.خ ئەوەى بەسەریدا هات بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) گێڕایەوە:

کوردیان سڕیوەتەوە

"بۆ بینیى ماڵەکەم لە گوندەکەماندا گەڕامەوە بۆ عەفرین. بەڵام هیچ نەمابوو. کورد تەنها بە ناو هەیە. لە راستیدا کوردی تیادا نەماوە. ئەگەر مرۆڤێک نەتوانێت گوند، گیان و زێد و بوونی خۆى بپارێزێت و داکۆکیى لێبکات، ئەو کاتە ئەو کەسە مرۆڤ نییە. مرۆڤ لەسەر خاک، نامووس و ماڵەى خۆی دەمرێت، بەڵام لەوێ مرۆڤ ناتوانێت خاوەندارى و داکۆکى لە خۆی و ماڵ و زێدى خۆى بکات. لەبەر ئەوە وتم 'ئەگەر ماڵەکەم و زیتونەکانیشم لە دەست بچن، با بچن' و ئەوێم بە جێهێشت.

تاڵانکردنى ماڵ و موڵکی کورد بەردەوامە

گروپە چەتەکان چووبنە هەر گوندێک ئەو گوندەیان کردووە بە گوندی خۆیان. دەستیان بەسەر هەموو شتێکى هاووڵاتییانى ئەو گوندەدا گرتووە و ماڵ و موڵک و کەلوپەلەکانیان تاڵانکردووە. گوندەکەى ئێمەش و خانووەکەى منیشیان داگیر و تاڵانکردووە و دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە. هەموو گەنجانی کورد بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن و بە چاوى دوژمن سەیریان دەکەن. لەبەر ئەوەش بە بێ جیاوازى و بە بەردەامى بیانویان پێدەگرن و دەستگیریان دەکەن و ئەشکەنجەیان دەدەن. هەموو ئەو تاوانانەش بە فەرمانى دەوڵەتى تورک ئەنجام دەدەن. کاتێک بنەماڵەکان بە دواى سۆراغى رۆڵەکانیاندا دەڕۆن بۆ ئازادکردنیان داواى پارەیان لێدەکەن و بنەماڵەکانیش ناچار دەبن ئەو پارەیە بە چەتەکانى تورکیا بدەن. ئەوانەى کە پارەیان نەبێت رۆڵەکانیان بێسەروشوێن دەکرێت.

ماڵێکى چۆڵیش نەماوە و هەموویان داگیرکردووە

کاتێک بە ناو عەفریندا دەگەڕییت، وەک ئەوە وایە تۆ بە شوێنکى دیکە و نامۆدا بگەڕییت. شارەکەت پێ نامۆیە. کورد لەوێ وەک بێگانە و غەریب سەیر دەکرێت. لە ناوەندى عەفرین و لە گوندەکاندا یەک خانووى چۆڵیش نەماوە و هەر ٦٠٣ گوندەکەى عەفرینیان پڕکردووە لە چەتە و بنەماڵەى چەتەکان. لە غۆتە، حومس و دێرەزۆرەوە خەڵکیان هێناوە و نیشتەجێیان کردوون. کاتێک دەچنە ماڵی هاووڵاتییەکى عەفرین، ئیدى لێى دەرناچن و لە خاوەن ماڵەکەى داگیردەکەن. کاتێکیش هاووڵاتییەکى عەفرین بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەى خۆى لە ناو شار یا لە گوندەکەیدا، چەکى لێ رادەکێشن و رێگاى پێنادەن بچێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی.

بۆ ژیان نابێت

ئەگەر هەموو ماڵ و موڵکى دونیاش بۆ تۆ بێت، ئەوە ناهێنێت مرۆڤ لە ژێر گوشار و زوڵم و سوکایەتیدا بژی. خۆم و منداڵەکانم ٣ خانوومان هەیە و ئێستا داگیریان کردوون و ئەوانەمان لە دەستچووە. ١٠ هەزار دۆلاریان لێسەندم. ئۆتۆمبێلەکەیان بردم. زێڕەکانى هاوسەرەکەمیان برد. منداڵەکانم لە دەرەوە کاریان دەکرد و ئەو پارەیەى کە بە کارى چەندین ساڵەیان بۆم کۆکردبوونەوە، لێیان سەندم. من هەموو ئەوانەم لە دەست دا و زێدەکەشم بەجێهێشت. ئیتر نەدەکرا تیایدا بژیم. هیچ بەها و پێوەرێکیان نییە. تەنها تاڵانى، دزی و دەستگیرکردن و دەستبەسەردا گرتن دەزانن. من دەستبەردارى هەموو ماڵ و موڵکەکانم بووم و هاتم بۆ ئێرە. هیچم بۆ گرنگ نییە، تاوەکو ئەوان لەوێ بن، من هیچم لەوێ نییە".

ر.م