چیرۆکى دڕندەیى دەوڵەتى تورکیا و چەتەکان لە عەفرین دەگێڕێتەوە

دەوڵەتى تورکیا و گروپە چەتەکانى لە دواى داگیرکردنى عەفرین هێرشیان کردە سەر بنەماڵەى (ئە،ش) و ٣ کەس لە ئەندامانى ئەو بنەماڵەیە بەهۆى زووڵمەکانى تورکیا وچەتەکانیەوە گیانیان لە دەستدا. چەند کەسێکى تری ئەو بنەماڵەیەیان بە قورسى ئەشکەنجەکرد.

لەو کاتەوە دەوڵەتى تورکیا و گروپە چەتەکانى عەفرینیان داگیرکردووە، لە ناوەندى عەفرین و گوندەکانى بەردەوامن لە تاڵانى، دزی، ئەشکەنجە، رفاندن، دەستدرێژی و دەستگیرکردن. چەتەکانى داعش، بەرەى نوسرە و سوپاى ئازادى سوریا بە فەرمانى دەوڵەتى تورکیا هەموو جۆرە دڕەندەیى و بەربەرێتییەک لە عەفرین ئەنجام دەدەن.

هاووڵاتییەکى عەفرینى بە ناوی (ئە،ش) کاتێک عەفرین داگیرکراوە، نەیخواستووە ماڵ و خاکی خۆى بۆ چەتەکان بەجێبهێڵێت. لەبەر ئەوەش کرایە ئامانجى هێرشى دڕندانە و بەبەریانە. سەربازان و چەتەکانى دەوڵەتى تورکیا چەندین مانگ (ئە،ش)یان ئەشکەنجە کردووە.

(ئە،ش) بەسەرهاتەکەى و ئەو زڵمەى بەرامبەرى ئەنجامدراوە بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) دەگێڕێتەوە. (ئە،ش) وتى "رۆژانە ٢٠ بۆ ٤٠ هاوەن بەر جندرێس دەکەوت. بە بەردەوامى لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە بۆردومان ئەنجام دەدرا. لەبەر ئەوە من منداڵەکانم برد بۆ گوندی رەمەدانییە. لە گوندی رەمەدانییەش تۆپباران رانەدەوەستا. ژنان و منداڵان دەترسان. لەبەر ئەوە لەگەڵ ژن و منداڵەکانمدا چووین بۆ گوندی کاخرێ. لەوێش هەر تۆپباران و بۆردومان هەبوو. بۆردومانکردن بە تۆپخانە و فڕۆکەى جەنگى رانەدەوەستا. لەوێ (کاخرێ) ٢ هاووڵاتى بەهۆى تۆپبارانەکانەوە ژیانیان لە دەستدا. لەبەر ئەوەش ئێمە چووین بۆ عەفرین، بەڵام لە عەفرینیش بە بەردەوامى هاوەن و تۆپ بەسەر خەڵکدا دەباری. چەند هاووڵاتییەکیش بەهۆى تۆپبارانەکانەوە ژیانیان لە دەستدا".

"تەرمی باوکمم هەڵگرت و رامکرد"

(ئە،ش) باسى ئەوەیکرد، بەهۆی هێرشەکانەوە ناچار بووە باوکی و ٢ خزمى لە عەفرین بباتە دەرەوە و لەوبارەیەوە و تى "ئەو رۆژەى ئێمە هاتین، باوکم بەهۆى تۆپباران و هاوەنبارانەوە جەڵتەى دڵ لێى دا و ژیانى لە دەستدا. من تەرمەکەى باوکمم هەڵگرت و لەگەڵ بنەماڵەکەمەدا روومان کردە باسوتێ. تاوەکو باسوتێ تەرمەکەى باوکمم لەگەڵ بوو. لە باسوتێ بە خاکمان سپارد. دواى ٢ رۆژ یەکێک لە خزمە بە تەمەنەکانم گیانى لە دەستدا. ئەویش بەهۆى تۆپباران و هاوەنبارانەوە مرد. ئەویشمان لەوێ بە خاکسپارد".

(ئە،ش) باسى ئەوەشیکرد، دواتر ناچار بوون بڕۆن بۆ تلسورە و دواى ٢ رۆژ مانەوە لە خوێندنگەى تلسورە گەڕاونەتەوە بۆ جندرێس. کاتێک گەیشتوونەتە جندرێس خزمێکى ترى بە تەمەنی هەر بە هەمان شێوەى باوک و خزمەکەى تریان گیان لە دەست دەدات.

چەندین رۆژ ئەشکەنجیان کرد

(ئە،ش) رایگەیاند، کاتێک گەڕاوەتەوە بۆجندرێس لەلایەن چەتەکانەوە ئەشکەنجەکراوە و لەو بارەیەوە وتی "هێشتا نەگەیشتبووینە بەر دەرگاى مالەکەى خۆمان، ئۆتۆمبێلى چەتەکانى سوپاى ئازادى سوریا لە پاڵماندا راوەستا. چاوى من و زۆر کەسى تری بنەماڵەکەیان بەستم. دەستیانکرد بە ئەشکەنجەدانمان. بە کێبڵ ٢٠ قامچییان لە پشتم دا. دواى ئەوە بە کێبڵ لە قاچیان دام. وایان لێکردم کە نەمدەتوانى بە پێوە بوەستم. دواى ئەوە دەستگیریان کردین"

(ئە،ش) وتیشی "چەند رۆژێک لە زینداندا بووین. لەو ماوەیەدا خواردن و ئاویشیان پێنەداین. بە بەردەوامى ئەشکەنجەیان دەکردین. دواتر ئێمەیان برد بۆ تورکیا، بەڵام نازانم بۆ کوێى تورکیا. لەوێش ئەشکەنجەیان کردین. ئێمەیان ٢ کەس ٢ کەس بە یەکەوە بەستەوە و چەندین رۆژ ئێمەیان بەوشێوەیە راگرت. خواردن و ئاویان پێ نەدەداین. تورکێک لێکۆڵینەوەى لەگەڵ کردین. لە پاڵیدا کەسێکى تر هەبوو کە عەرەبیى دەزانی. دواى چەند رۆژ لە لێکۆڵینەوەکە ئازادیان کردین".

دەیانەوێت ئێمە لە عەفرین دەربکەن و کەسى تر لە شوێنى ئێمە نیشتەجێ بکەن

(ئە،ش) باسى ئەوەیکرد، کاتێک گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکەى دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى هێرشیان کردوونەتەوە سەر و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "کاتژمێر ٢ى نیوەشەو یان ٣ى نیوەشەو و هەر  کات بیانویستایە دەهاتن. بەبێ ئەوەى لە دەرگا بدەن دەرگاکەیان دەشکاند و دەهاتنە ژوورەوە و دەستڕێژیان لە ماڵەکەمان دەکرد. کاتێک لێمان دەپرسین بۆ تەقە لە ماڵەکەمان دەکەن، دەیانویت 'کەسێکمان لەسەر بانەکە بینیوە'. هەموویان قژ درێژ و ریش درێژ بوون. ئەوەیان تەنها بەرامبەر بە ئێمە نەدەکرد، بەڵکو بەرامبەر بە زۆر هاووڵاتیى تریان ئەنجام دەدا. دەیانویست هاووڵاتییانى گوند دەست لە ماڵی خۆیان هەڵگرن و گوندەکە بەجێبهێڵن. بەرپرسەکەیان پێى دەوتین 'بڕۆن بۆ قامیشلۆ، بڕۆن بۆ شوێنکی تر و لێرە نەمێننەوە'."

(ئە،ش) ئەوەشی وت، زۆر کەس بە تۆمەتى "پەیوەندى لەگەڵ یەپەگە" دەستگیرکران و وتیشی "بەڵام بە تایبەت هەڵیاندەکوتایە سەر ماڵى کەسانى دەوڵەمەند، ئەوانەى کە هەندێک ماڵ و موڵکیان هەبوو. دەستیان دەگرت بەسەر ماڵ و موڵکەکەیدا".

چەندین کەسیان لە ژێر ئەشکەنجەکەدا کوشت

(ئە،ش) لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی، زۆر کەس رفێنران و هەرگیز نەگەڕانەوە و وتیشی "لە گوندی هەسهەسکایە کەسێک بە ناوی محمەد ئیبیش-یان برد. ئەشکەنجەیان زۆر کرد و لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتیان. ئەوان وتیان بەهۆی 'جەڵتەى دڵەوە' مردووە، بەڵام درۆیان دەکرد. گەنجێکیان بە ناوی ئەحمەد برد و ئەویشیان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشت".

ئەوەشى وت "بە چاوى خۆم سەدان خێزانى عەرەبم بینى کە لە شوێنى ترەوە هێنابوونیان لە جندرێس نیشەجێیان کردن. دەستیان گرت بەسەر هەموو دوکانەکانى ناو بازاڕدا. کەلوپەلی ناو ماڵەکان و تەنانەت بەتانی و سەرینا و هەموو شتێکى ناو ماڵەکانیان بە بەرچاوى خاوەن ماڵەکەوە دەبرد و دەیانفرۆشت. کەسیش نەیدەتوانی هیچ بکات".

دارستانەکان دەسوتێنن و مۆڵگەى سەربازیى تیادا دروست دەکەن

(ئە،ش) ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە عەفرین ٣٦٠ گوندى هەیە و هەموو ئەو گوندانە لەلایەن چەتەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. (ئە،ش) ئاماژەى بەوەشکرد "دار و دەرختی گوندەکان دەسوتێنن. لە رەمەدان تاوەکو هەچهەچکا و شییە و لە هەموو گوندەکاندا دار و درەختەکان دەسوتێنن. دارە زەیتونەکان هەڵدەکەنن و لە شوێنەکەیاندا قەرەقۆل و بنکەى سەربازى دروست دەکەن. هەندێک کەسی سەر یە ئەنجوومەنى نیشتمانى کوردی سوریا (ئەنەکەسە - ENKS)یان کردووە بە سەرۆکى ئەنجوون و سەرۆکى دەستەکان و موختار. کەسانێک بە ناوەکانى عەلی عێراقچی، حەسەنێ زێبێ و فەوزی حەمودی زۆر تاوان و خراپەکارى لە دژى هاووڵاتیان ئەنجام دەدەن".

ر.م