چەتەکان لە ئیدلب بە جلوبەرگی سەربازیی سوپای تورکەوە جێگیرکران

دەوڵەتى تورک بۆ ئەوەى ژمارەیەکى زۆر چەتە لە ئۆپراسیۆنەکەى رژێم و روسیا بپارێزێت، جلوبەرگ (یونیفۆرم)ی سەربازیی سوپای تورکی لەبەر کردوون و بە ئۆتۆمبێلی سەربازیى سوپای تورکەوە لە ناوچەکەدا دەیانگەڕێنێت و جێگیریان دەکات.

دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەى رێگری لە ئۆپراسیۆنى سوپای سوریا و رووسیا لە دژی ئیدلب بکات، خەریکی تاقیکردنەوەى تاکتیکی نوێیە. بەپێى زانیارییەکان دەوڵەتى تورک جلوبەرگی سوپاکەى کردووەتە بەر ژمارەیەکى زۆر لە چەتەکان و دەیەوێت لە ئیدلب دا بیانپارێزێت.

سوپای تورک لە ماوەى ١٠ رۆژی رابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیى رەوانەى ناوچەکە کردووە بۆ ئەوەى چەتەکان بپارێزێت و جلوبەرگی سوپای تورک بکاتە بەر چەتەکان.

لەو چوارچێوەشەدا ژمارەیەکی زۆر لە گروپە چەتەکان بە ناوەکانی سوڵتان موراد، تومەنا حەمزە، سوڵتان سولەیمان، شاهد و مونتەسر بیلا، کە لەلایەن سوپای تورکەوە پەروردە و راهێنانیان پێکراوە، بە جلوبەرگی سوپای تورکەوە چوونەتە ئیدلب.

ئەو گروپانە، کە لەلایەن سوپای تورکەوە دروستکراون، جگە لە خاڵەکانى پشکنین لە خاڵەکانى چاودێریشدا جێگیر دەکرێن.

لە سەراقیب جێگیرکرابوون

سوپای تورک لە سەرەتای مانگی شوباتەوە بۆ ئەوەى رێگری لە پێشڕەویى رژێمى سوریا و روسیا بکات، لە چوار خاڵی دەورووبەری سەراقیب ئەو گروپە چەتانەى جێگیرکردبوو. بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و تانکی دەوڵەتى تورکەوە لەلایەن ئەو چەتانەوە هێرشکرایە سەر هێزەکانى رژێم.

دواى ئەوەی سەراقیب کەوت، ژمارەیەکى زۆر لە چەتەکان خۆیان کشاندەوە بۆ ئەو خاڵانە و لەوێوە بە ئۆتۆمبێلەکانى سوپای تورک گواسترانەوە.

یاریی نوێ: گۆڕینی جلوبەرگەکان

لە سەرەتای شەڕی سوریاوە تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانى میت و ئەندامانی دەستەى شەڕی تایبەتی تورک بە جلوبەرگی گروپە چەتەکانەوە چوونە ناوچەکە و لەوێ خۆیان جێگیرکرد، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە و دەوڵەتى تورک جلوبەرگی سوپاکەى خۆی لەبەر گروپە چەتەکان دەکات و دەیەوێت بەو جلوبەرگ گۆڕینە خۆی لە ناوچەکە بەهێز بکات.

ئاژانسى هەواڵی رۆیتەرز دوێنێ بڵاویکردەوە، ٤٠ فەرماندەى چەتەکان و سوپای تورک و میت لە رەیحانلی تورکیا کۆبوونەتەوە و وتویانە "دانوستانەکان لەگەڵ مۆسکۆ بێ ئەنجام بووە و خۆتان بۆ بارودۆخی خراپ ئامادە بکەن".

بەرپرسێکى تورک لەو هەواڵەدا وتویەتى "سوریا و رووسیا هەموو رێککەوتنەکانیان پێشێلکردووە و دەبێت خۆیان بۆ ئەو بارودۆخە ئامادە بکەن، چونکە ئیدی لە سوریا سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردووە".

جموجوڵی سەربازی بەردەوامە

ماڵی چاودێریی مافەکانى مرۆڤ لە سوریا رایگەیاند، سوپای تورک لەم هەفتەیى دوایدا ٢٤٠ ئۆتۆمبێلی تری سەربازیی رەوانەى ناوچەکە کردووە و ژمارەی سەربازەکانى لە ئیدلب گەیاندووەتە ٥٠٠٠ هەزار سەرباز.

بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا سوپای تورک بەلانیکەمەوە ١٤٨٠ ئۆتۆمبێلی جۆراجۆری سەربازیى رەوانەى ناوچەکە کردووە.

ژ.ت