چەتەکان لە عەفرین پزیشکێکیان تیرۆر کرد و گەل ڕژانە  سەر شەقامەکان

چەتەکانی سوپاى ئازادى سوریای سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لە عەفرین پزیشکێکیان تیرۆر کرد. دانیشتوانی شارەکەش ڕژانە سەرشەقامەکان و ناڕەزایەتییان نیشاندا. چەتەکان دیسانەوە هێرشیان کردەوە سەر گەل. لەئاکامی ئەو هێرشەشدا ژنێک گیانی لەدەستدا.

بەهۆی ئەو تاوانانەی، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانیان لە عەفرین ئەنجامی دەدەن، گەل ڕژانە سەر شەقامەکان، چەتەکانی سوپاى ئازادى سوریا دوێنێ، ڕۆژی چوارشەممە ویستیان پزیشکێک بەناوی سامی فەرەج بڕفێنن. پزیشکەکە ئەو شتەی قەبوڵ نەکرد، بۆیە لەلایەن چەتەکانەوە تیرۆرکرا. ئەو تیرۆرەش لە ماوەیەکی کەمدا لەناو عەفریندا دەنگى  دایەوە. دانیشتوانی عەفرینیش لەبەردەم ماڵی ئەو پزیشکەدا کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیان لە دژى چەتەکان نیشاندا.

دانیشتوانی عوفرین بە دروشمی 'ئێمە چەتەی بکوژمان ناوێت' تەرمی پزیشکەکەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەرهێنا و دەستیان بە ڕێپێوان کرد. چەتەکانیش بە چەک هێرشیان کردە سەر جەماوەری ناڕازیی و دەستڕێژى گولـلەیان لە خەڵک کردوو و بەو هۆیەوە ژنێک لەناو ئاپۆڕای جەماوەردا کوژرا و چەندین هاووڵاتیى تری ناڕازیی برینداربوون.

لەگەڵ ئەوەی کە هێرش ئەنجام درا بۆ ئەوەی بڵاوە بە جەماوەڕی ڕاپەڕیو بکەن، بەڵام جەماوەر شەقام و کۆڵانەکانیان چۆڵ نەکرد و بەوەش چەتەکان ناچار بوون لە ناوەندی شارەکە دووربکەونەوە.

دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمەکە بە تەواوی چەتەکانیەوە شەڕی سیستماتیک لە دژى خەڵکى عەفرین بەڕێوەدەبات. تورکیا لە ٢٠ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ى بەفرانبار دەستی بە هێرشەکانی کردووە. لە ١٨ ی ئاداری ٢٠١٨ / ٢٧ى رەشەممە چەتەکان کەوتنە ناو شاری عەفرینەوە.

 لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا سەدان هاوڵاتیی مەدەنیی کوژراون، بە سەدانی تریش ڕفێندراون. ماڵ و موڵک و دوکانی هاووڵاتییانی مەدەنیی تاڵان دەکەن. زۆر جێگای مێژوویی وێران کراون. ڕۆژانە هەواڵی ئەوە دەگاتە دەستمان کە هاووڵاتییان ئەشکەنجە دەدرێن. ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هێومان رایتس ۆچ - ئێچ ئاڕ دەبلیو) لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، گروپە چەتەکان، کە تورکیا پشتیوانیان دەکات، لە عەفرین ماڵ و موڵکی کوردان تاڵان دەکەن.

ر.م