چەتەکان-ی دەوڵەتی تورکیا جندرێسیان گەمارۆداوە

چەتەکانی سەربە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ناوچەی جندرێس-ی - عەفرینیان گەمارۆداوە و ڕێگانادەنە هیچ هاووڵاتییەک لە شارۆچکەکە بچێتە دەرەوە، هەروەها گەنجێکی خەڵکی ئەو شارۆچکەیەشیان کوشتووە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە هەرێمییەکانی جندرێسەوە بە دەستمان گەیشتووە، چەتەکانی فاروق لایەنی باشووری جندرێسیان گرتووە ڕێگانادەنە کەس لەوێوە هاتووچۆ بکات.

لەو ناوچانە چەتە قەناس بە دەستەکان جێگرکراون و بە هاووڵاتیان ڕاگەیەندراوە، ئەگەر لەو دەورووبەرانە ببیندرێن دەکرێنە ئامانج.

هەروەها، چەتەکانی جەیشی شەرقی هاووڵاتییەک بەناوی عەبدۆ محەمەد تۆبالیان ڕفاندووە و پاشان کوشتوویانە.

لەم دواییانەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی جندرێس ڕفێندراون و ماڵ و موڵکیان تاڵانکراوە، هەروەها ژمارەیەک لە هاووڵاتیان بێسەروشوێن کراون.

لەبەرامبەر ئەو تاوانانەدا دوێنێ ژمارەیەک لە دایکانی جندرێس لە بەردەمی ناوەندێکی چەتەکان گردبوونەوە و بۆ ئازادکردنی منداڵەکانیان خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

چەتەکانیش ئەمڕۆ بۆ ڕێگریکردن لە خۆپیشاندانی دیکە جندرێسیان گەمارۆداوە و پێدەچێت فشارەکانیان بۆسەر هاووڵاتیان زیاتربکەن.

ک-ش