چەتەکانی تورک لە حەلەب هێرشیان کردە سەر هێزەکانى رژێم

ئەو گروپە چەتانە، کە دەوڵەتى تورک لە ئاستانا و سۆچی خۆی کردبووە زامنیان، ئێوارەی دوێنێ هێرشیان کردە سەر هێزەکانى رژێمى سوریا لە گەڕەکەکانى رۆژئاواى حەلەب دا. دەوترێت لە هەرێمەکەدا شەڕێکى قورس روو دەدات.

گروپە چەتەکانی دەوڵەتى تورک لە ئیدلب، ئێوارەى دوێنێ هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانى رژێمى سوریا لە رۆژئاواى شاری حەلەب.

بەپێى زانیاریى سەرچاوە هەرێمییەکان، گروپە چەتەکانى دەوڵەتى تورکی بە ناوی سوپاى نەتەوەیى سوریا (جەیشول وەتەنی) کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە. دواتر لە قۆڵی جەمعیەت زەهران و بحوس لیمی-یەوە هێرشیان کردووەتە سەر سەنگەرەکانى رژێم.

لە شەڕی دوێنێ دا هەر دوو لایەن چەکی قورسیان بەکارهێناوە، بەڵام زانیاری لەبارەی زیانەکانى ئەو شەڕەوە لە بەردەستدا نییە. ناوە ناوەش شەڕ بەردەوامیى هەیە.

گروپی چەتەکانی جەیشول وەتەنیی دەوڵەتى تورک بە سەرپەرشتیى چەتەکانى لیواى سوڵتان موراد کۆبوونەتەوە. ئەوەش لە کاتێکدا سوپاى تورکی داگیرکەر و ئەو گروپە چەتەیە لە دوێنێوە لە عەفرین دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر گروپێکى چەتەکانی ئەحرار شەرقییە و دەیانەوێت ئەو گروپە تەسفیە بکەن.

لە شاری عەفرین باری نائاسایى راگەیاندراوە و هەموو جۆرە هاتووچۆیەک لە هاووڵاتییان قەدەغە کراوە و فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەریش بە ئاسمانى عەفرین دا دەسوڕێنەوە. بە درێژایى رۆژی رابردوو شەڕ لە گەڕەکەکانى ئەشرەفییە، مەحمودیە، وڵات، شەقامی حال، گۆڕەپانى کاوە و ناوچەى پیشەسازیى عەفرین روویدا و ژمارەیەک چەتە لە هەر دوو لا کوژران و بریندار بوون.

ر.م