چەتەکانی تورکیا لە رێگای M5 دەکشێنەوە

بڕیار وایە شاندێکی روسی لە ئەنکەرە چەندین چاوپێکەوتن ئەنجام بدات و بەر لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکانیش چەتەکانی دەوڵەتی تورک بریاریان داوە لە رێگای نێودەوڵەتی M5 بکشێنەوە.

دوای ئەوەی هێزەکانی رژێمی سوریا بە پشتیوانی ئاسمانی و زەمینیی روسیا، شارۆچکەی سەراقیبی ئیدلبیان وەرگرتەوە، زانیاریی ئەوە بڵاو بووەوە کە ژمارەیەک لە گروپە چەتەکان لە رێگای M5 و چەند ناوچەیەکی دیکە کشاونەتەوە. بە پێی زانیارییەکان بڕیار وایە لە نێوان سەراقیب و حەلەب، گروپە چەتەکان لە ٢٠ شوێن بکشێنەوە. ئەو بڕیارەش بەر لە سەردانی شاندەکەی روسیا بۆ ئەنکەرە دێت.

روانگەی مافی مرۆڤ لە سوریاش رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی روسیا لە ماوە ٣٦ کاتژمێری رابردوودا لە دژی ئیدلب هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.

بە پێی پەیمانی سوچی لە نێوان روسیا، تورکیا و ئێران کە لە ١٧ی ئەیلولی سالێ ٢٠١٨ ئیمزا کرابوو، هەر سێ لایەن لە دەوروبەری ئیدلب ١٢ خاڵی چاودێرییان دروست کردبوو.

تورکیا گەرەنتی چەتەکانی لە ئیدلب وەرگرتبوو، روسیا و ئێرانیش گەرەنتی رژێمیان وەرگرتبوو.

بەر لە سەردانی شاندەکەی روسیا بۆ ئەنکەرە، چەتەکان دەستیان بە کشانەوە کردووە لە رێگای نێودەوڵەتی M5 و بە پێی زانیارییەکانیش، بۆ ئەوەی تورکیا لەسەر مێزەکە بەهێز بێت، ئەم بڕیارەی داوە.

سوپای تورک شەوی رابردووش، ٢٠٠ ئۆتۆمبیلی سەربازی گواستووەتەوە بەرەو ئیدلب و بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاو کراونەتەوە تەنها لە ئیدلب ٥ هەزار سەربازی تورک هەن.

ز.ش