چەتەکانی رژێمەکەی ئەردۆغان لە عەفرین ٦ هاوڵاتی تریان رفاند

سوپای دەولەتی تورکی داگیرکەر و چەتەکانی ئەردۆغان رفاندنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە شاری عەفرینیان کردووەتە کاری هەموو رۆژێکیان. داگیرکەران بۆ جارێکی تر ٦ هاوڵاتی تری مەدەنیان رفاند کە ٥ کەسیان ژنن.

لە پێی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەکەوە بەدەستمان گەیشتوون، چەتەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ئەمڕۆ ١٤ی تشرینی دووهەم لە ناوەندی شاری عەفرین ٦ هاوڵاتی مەدەنی بەتەمەنیان رفاندوو راشگەیێنراوە کە لەو شەش کەسە پێنجیان ژنن و هەموشیان پیر و بەتەمەنن، هەروها ئاشکرا کراوە کە دوای چەند کاتژمێرێک ٢ لەو ٥ ژنەی رفێنرابوون، بەربوون، بەڵام چارەنووسی ئەوانی دیکە نادیارە.

لە لایەکی ترەوە سەرچاوەیەک لە ناوچەی شیی سەر بە عەفرین رایگەیاندبوو کە چەتەکانی 'لیوا ئەلوەقاس' کەسانی مەدەنی دەفڕێنن و بۆ ئازادکردنیان داوای پارە لە کەسوکاریان دەکەن. بە پێی زانیارییەکان لە ٩ی تشرینی دووهەمیش ٢ هاوڵاتی گوندی ئەنڤەل و سەنار بەناوەکانی ئیبراهیم عەبدۆ و زەکەریا محمد لە کاتی کاری کشتوکاڵیدا فڕێنراون و لە هەمان کاتدا تراکتۆرەکانیشیان دزراون و لە بەرامبەر ئازادکردنی هەر یەکێکیان چەتەکان داوای ٣ میلیۆن لیرەی سوری لە کەسوکاریان دەکەن.

لە ناوچەی شێراواش بە هەمان شێوە چەتەکانی 'فەیلەق ئەلشام' کە سەر بە داگیرکەرانی دەوڵەتی تورکن، لە ١٢ی تشرینی دووهەمدا ٦ کەسی تری مەدەنیی خەڵکی گوندی کەباشینیان رفاندوون کە ناوەکانیان بریتین لە: ئیسماعیل جمۆ عەیدەر، حسێن عەبدۆ محمد، خەسان لوئەی عیسۆ، داهێر سلێمان عەبد و محمد عبدولقادر هندی.

لە لایەکی ترەوە باس لەوە دەکرێت کە لە ناوەندی شاری عەفرینیش لە ١٢ی ئەم مانگەدا چەتەکانی تورکیا گەنجێکیان بە ناوی فەرهاد شێخ عەبدیان لە بەردەم دوکانەکەی خۆی رفاندووە، بەڵام لە بارەی چارەنووسی ئەو و کەسوکارییەوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نیە.

ز.ش