چەتەی داعش بالووشا: لە ئاکسارا چارەسەرمان بۆ کرا

چەتەیەکی داعشی فەلەستینی بەناوی محەمەد بالووشا ئێستا لای هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) دەستبەسەرە و ڕایگەیاند، لە ساڵانی ٢٠١٦-٢٠١٧ لە ماڵێکی داعش لە ئەستەنبۆڵ ماوەتەوە و وەکو داعشەکانی دیکە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت چارەسەری بۆ کراوە.

یەکێک لە چەتەکانی داعش، کە ئێستا لای هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەستەبەسەرە ناوی تەواوی ئیسلام محەمەد بالووشا-یە و بە تەڵحە غەزەوی ناسراوە. ئەوەی بالووشا باسی کرد، نیشانی دەدات دەولەتی تورک هەتا ساڵی ٢٠١٥ بە شێوەیەکی کراوە پشتگیریی لە داعش کردووە و دواتریش بە چ شێویەک هاوکاری و پەیوەندییەکانی لەگەڵ داعش بەردەوام کردووە.

بالووشا لە گەڕەکی شێخ ڕەزوانی فەلەستین - غەزە لە ساڵی ١٩٩١ لەدایکبووە. بەپێی قسەکانی بالووشا بێت، پێش ئەوەی بزووتنەوەی حەماس لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٦دا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت باوکی لە ئاسایشی فەلەستین و براگەورەکەی لەناو هەواڵگریی فەلەستین کاریان کردووە.

بالووشا لە ساڵانی ٢٠٠٣-٢٠٠٤ هەتا ساڵی ٢٠٠٨ لە مزگەوتی حەماس بڵاوکراوەی دابەش دەکرد. لە ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆکی سەلەفییەکانی فەلەستین 'مەحمود تالب'ی ناسی و پەیوەندیی بەوانەوە کرد. لە ساڵی ٢٠٠٩ دوای ئەوەی ڕێکخراوی سەلەفیی جوند و ئەنساروڵا هەڵیانکوتایە سەر مزگەوتەکە کەوتە گرتووخانە. سێ ساڵ و نیو لە گرتووخانە مایەوە، بەهۆی ئەوەی پێشتر لە مزگەوتەکانی حەماس بوو بە مەرج ئازاد کرا. هەتا ساڵی ٢٠١٠ جارێکی دیکە لە مزگەوتی حەماس دەستی بە چالاکی کردوەتەوە.

ئەنسار شەریعە و قاعیدە

بالووشا ساڵی ٢٠١٠ لە ڕێگەی مەحمود تالبەوە یوسف موکتادی ناسی. دوای ماوەیەک چووەتە ناو ڕیزەکانی ئەنسار شەریعە. بالووشا لە ساڵی ٢٠١١ بەیعەتی داوەتە دەولەتی ئیسلامی و لە ساڵی ٢٠١٢ لە ڕێگەی هاوڕێیەکی هێزەکەیەوە، کە یەکێک بووە لە فەرماندەکانی حەماس لە میسرەوە دەچێتە تورکیا و پەیوەندی بە داعشەوە دەکات. دواتر دەپەڕێتەوە بۆ سوریا. لەو قۆناغەدا مەحمود تالب دەستگیر دەکرێت. دوای ئەوەی مەحمود تالب دەستگیر دەکرێت ئەویش دوو ساڵ پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی دەپچڕێت. ئەو کاتە هەندێک لە هاوڕێکانی دەمرن. ئەوانەی دەشمێننەوە دەچنە لیبیا و بیابانی سینای میسر بۆ ئەوەی شەڕ بکەن.

پۆلیسی تورک: بڕۆنە ناو داعش

بالووشا لە ساڵی ٢٠١٤ بڕیار دەدات بچێتە ناو داعش. بۆ ئەوەی بچێتە تورکیا ڤیزای تورکیا وەردەگرێت. هەمان ساڵ لە کاتی شەڕی غەزەدا هەلی بۆ دەڕەخسێت و لە دەرگای ڕەفاهەوە دەپەڕێتەوە میسر. لە میسر لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی شادی داودی دەچنە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئەستەنبۆڵ. لەوێوەش دەچنە فڕۆکەخانەی ڕحا. لەو ناوچەیەش چەتەکانی داعش بە ناوەکانی ئەبوو ئەنەس و ئەبوو ئیبراهیم چاوەڕوانیان دەکەن. دوای ئەوەی دەگەنە ڕحا لەگەڵ پۆلیسێکی تورک قسە دەکات، ئەو دیالۆگەی لەبیر نەچووە: "دوای ئەوەی لە ڕحا لە فڕۆکە دابەزین، دوو پۆلیس هاتنە لامان. جلوبەرگی مەدەنیان لەبەر بوو، بەڵام دەمانچەیان پێ بوو. بانگی هەردوکمانیان کرد. پاسپۆرتیان لێ وەرگرتین ناوی ئێمەیان لە کاغەزێک نووسی. خۆمان و جانتاکانمانیان پشکنی. دواتر پێیان وتین 'بڕۆنە ناو داعش'. ئێمەش سەرمان لەو قسەیە سوڕما. لەبەرئەوەی لەوانەبوو بمانگرن. لەو شوێنە تەنها ٥ خولەک ئێمەیان وەستاند".

لە گۆڕەپانی ڕحا و دۆزینەوەی ئەندامەکان

ئەو کاتە ئەوانەی دەچوونە ناو داعش لە گۆڕەپانی ناوەندی ڕحا کۆ دەبوونەوە و بە شێوەی گرووپ دەپەڕینەوە بۆ سووریا. ئەوانیش چوونە ئەو شوێنە و ئەبو ئیبراهیم تورک-یان بینی. تورکی تەمەنی نزیک سی ساڵە و زمانەکانی تورکی و عەرەبی دەزانی دوو ئۆتۆمبیلی لەگەڵ بوو. دواتر دوو ژن و مێردی بیانی، دوو چیچانی، دوو جەزائیری و دوو کەسی سعودی هاتنە گۆڕەپانەکە. بە ئۆتۆمبیل چوونە شوێنێکی نزیک سنوور. لە گوندێکی ڕحا لە دوو ماڵدا مانەوە. هەندێکیان هاوسەر و منداڵیشیان لەگەڵ بوو. شەو لە گوند مانەوە و دواتر کە ڕۆژ بووەوە، ئۆتۆمبیلەکان جارێکی دیکە بەڕێکەوتن. لە شوێنیک کە تەلی سنوورەکە بڕابووەوە، پەڕینەوە ناو سنووری سوریا.

سەرەتا چوونە ڕەقا و دواتر چونە ناوچەی باب

سەرەتا چوونە شاری سلوکی سەر بە کۆبانێ و لەوێوە چوونە ڕەقا و لە یەکینەی ئەبو موسعەب زەرقاوی پەروەردەی سەرەتاییان بینی. دواتر چووە فڕۆکەخانەی کوەیریس-ی حەلەب. پاشان چووەتە عەزاز و لەوێ بەهۆی بۆردومانی گولەهاوەنێکەوە بە قورسی بریندار بوو. بالووشکا گورچیلەیەکی زیانی پێدەگات و لە نەخۆشخانەی ڕەقا چارەسەری بۆ کرا و گورچیلە بریندارەکەی لەدەست دا. دوای ئەوەی گورچیلەکەی لەدەست دا لە نووسینگەی بریندارانی داعشەوە نێردرایە ناوچەی باب.

لە ناوچەی باب هاوسەرگیری دەکات

لە ناوچەی باب لەگەڵ ژنێکی داعشی هاوسەرگیری کرد، کە دوو براشی لەناو داعش بوون. ڕۆژێک کە لەو نەخۆشخانەیە ئیشی لێ دەکرد دەگەڕێتەوە ماڵەوە، هاوسەرەکەی لە ماڵەوە نییە. لە ماڵی کەسوکارەکەشی نەبوو. براگەورەکەی کە ناوی ئەبو معاویە بوو و لە هەواڵگریی منبج کاری دەکرد نامەیەکی بۆ بەجێهێشتبوو و تیایدا نووسیبووی: "ئێمە چوینە تورکیا و لەوێشەوە دەچینە بولگاریا".

بۆ چارەسەریی چووە تورکیا

بالووشا دوای ڕۆیشتنی هاوسەرەکەی جارێکی دیکە هاوسەرگیری دەکاتەوە. بەهۆی ئەوەی گورچیلەی دووەمیشی کێشەی بۆ دروست بوو 'دەستەی نوژداریی' سەر بە داعش بۆ چارەسەری ناردیانە تورکیا. لە جەرابلوسەوە لە تەمموزی ٢٠١٦ پەڕیوەتەوە بۆ دیلۆک و لە دیلۆکیش جارێکی دیکە ئەبو ئیراهیم تورکی چاوەڕوانی بوو. لە ماڵێکی داعشی لە دایلۆک مایەوە. لەگەڵ ئەویش ١٥ چەتەی دیکەی داعش هەبوون، کە ئەوانیش بۆ چارەسەریی هاتبوون.

چارەسەرییەکەی لە دیلۆک نەبوو و بردیانە ئەستەنبۆڵ

داعش لەو شوێنە بەپێی نەخۆشییەکانیان لە یەکتریان جیا کردنەوە. هەندێکیان هەر لە دیلۆک چارەسەریان بۆ کرا، هەندێکیشان دەبوایە ڕەوانەی ئەستەنبۆل بکرێن. بالووشا یەکێک لەو کەسانە بوو دەبوایە بنێردرێتە ئەستەنبۆڵ. ماوەیەک لە ماڵێکی دیلۆک مایەوە، موغەزییان بۆ دادەنا. لەو ماڵەی لێی دەمایەوە، تەنها نەخۆشی لێ نەدەمایە، بەڵکو ئەندامانی تورکیشی لێی دەمانەوە، کە دووربینییان پێ بوو ئاڵای تورکیای لەسەر بوو. ئەو کەلوپەلانەی شەڕ بە شەو دەهێنرانە تورکیا. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ ئیبراهیم تورکی بۆ چارەسەریی چووە ئەستەنبۆڵ. لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە ئاکسارا نەشتەرگەریی بۆ کرا. ناوی نەخۆشخانەکە نازانێت. ئەوەی لەبیریەتی ئەوەیە: لە یەکێک لە کۆڵانە هەرە قەرەباڵغەکانی ئاکسارای بوو. لە گۆڕەپانی ئاکسارای وێستگەی میترۆ هەیە. لەوێ دەچیتە خوارەوە و لەوێ تێدەپەڕێت. لە گۆڕەپانەکە خەڵک شت دەفرۆشێت. لە لایەکی گۆڕەپانەکە فرۆشگای جلوبەرگ هەیە و لە لایەکەی دیکەی چێشتخانە هەیە. ناوی دوکانەکەم لەبیر نییە. چونکە هەمووی بە تورکی نووسرابوو. بەڵام زۆر شوێنی سوریاییەکان لەوێ هەبوون. بۆ نمونە شوێنێکی شاورمە فرۆشتن هەبوو (گەسی سوری) ناوی دیمەشق بوو. دوای ئەو شوێنەی جلوبەرگی لێ دەفرۆشرا لە لای ڕاستی شوێنێک هەبوو. نەخۆشخانەکە لەوێ بوو. لەنزیک ئەوێش ئاسایشی فاتیح هەبوو".

هەموو شتێک ڕێکخرابوو

بەپێی قسەکانی بالووشا، لە کاروباری نەخۆشخانە و چارەسەرییدا هەموو شتێک ڕێکخرابوو. تەنها داعشی لێنەبوون خەڵکی مەدەنیش لەوێ چارەسەر دەکران، بەڵام داعشییەکان بە ڕیش و جلوبەرگەکانیانەوە دیار بوون. دیار بوو کە دکتۆر و خەڵکەکە ئاگاداری دۆخەکە بوون. مومکین نەبوو دەوڵەت ئاگاداری ئەو شتە نەبووبێت.

ماڵی داعش لە نزیک نەخۆشخانەکەیە

دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر نەشتەرگەری، لە نەخۆشخانە دەرچوو و چووە ماڵێکی داعش لە نزیک نەخۆشخانە و لەوێ نیشتەجێ بوو. لەو ماڵە بە پێ دەچووە نەخۆشخانە. داعشییەکانی دیکەش بەم شێوەیە دەگەڕان. ئەبو ئیبراهیم تورکی هەمیشە دەمانچەیەکی پێ بوو و جارجار دەردەکەوت. لە دیلۆکیش و لە ئەستەنبۆلیش، بەردەوام دەمانچەکەی هەڵگرتبوو.

پۆلیس گرتیان و ئازادیان کرد

زانیاری گرنک لەسەر ئاکسارا دەدرکێنێت: "جارێک بۆ ئەوەی جلوبەرگ بۆ خۆم بکڕم چوومە دەرەوە. پۆلیس هاتنە لام و لێیان پرسیم خەڵکی کوێم، منیش لە ترسان نەموت فەلەستینیم، وتم 'سوریم'. پێیان وتم 'تۆ داعشی سوریای؟' 'وتم نا'. منیان بردە شوێنێک. لەوێ تەلەفۆنەکەمیان پشکنی و پشکنینیان بۆ چاوم کرد. نزیکەی شەش کاتژمێر مامەوە. دوای ئەوەی زانیان فەلەستینیم کاغەزێکیان پێدام. ئەو کاغەزە بۆ ئەوە بوو کە بتوانم بە ئاسانی بگەڕێم".

جارێکی دیکە گەڕایەوە دیلۆک

بالووشا لە ئازاری ٢٠١٧ چووە دیلۆک و لەوێوە چووە عەزاز و لەوێشەوە بۆ ئیدلب و لە ئیدلبەوە چووە حەما و خۆی گەیاندەوە داعش. لەوێوە چووە لای هاوسەرەکەی لە تەبقا. لەگەڵ هاوسەرەکەی چووە ڕەقا و دواتر بەهۆی ئەوەی ڕەقا ئاسایشی نەبوو چووە دێڕەزۆر.

خۆی ڕادەستی قەسەدە کرد

بالووشا لە ٢٤ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ / ٢ی گەڵاڕێزان لەگەڵ کوڕەکەی و هاوسەرەکەی بە ماتۆر لە وێستگەی بەنزینی ئەلعومەر دەرچوو و خۆی گەیاندە بنکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک.

تورکیا دایکیانە

بالووشا لەبارەی پەیوەندیی نێوان تورکیا و داعش وتی: "هەزاران داعشیی وەکو من لە تورکیا چارەسەرییان بۆ کراوە. هەموو کەس دەزانێت تورکیا دایکی گروپە جیهادییەکانە. ئەوە ئاشکرایە، بۆ جیهادییەکانی سوریا، عێراق، لیبیا، فەلەستین و ئەفغانستانیش ڕاستە. تورکیا زۆر پشتگیریی داعشی کرد. لە ساڵی ٢٠١٥ چەندین برینداری داعش بە ئەمبۆلانسی تایبەتی تورک گەیاندرانە نەخۆشخانە و چارەسەریان بۆ کرا. ئەوانە کەسانی پایەبەرز بوون و لە سنوورەوە پەڕێنرانەوە. ئەوە لەناو داعش زۆر باوە. یەکێک لەو داعشییانەی بە ئەمبۆڵانس بردبویانە تورکیا داعشییەکی سووری بوو و بەرپرسیاری هەواڵگریی حەما بوو. ناوی ئەبوقاسم بوو و بە بۆردومانی هاوەن بە قورسی بریندار ببوو".

ژ.ت