'ڕووسیا بەرپرسی هێرشی دەوڵەتی تورکە بۆ سەر کۆبانێ'

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری هەرێمی فورات، داوای لە ڕووسیا و ئەمریکا کرد، سنورێک بۆ هێرشی داگیرکەری تورک بۆسەر خەڵکی مەدەنی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دابنێن.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری هەرێمی فورات لەبارەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بۆمبهەڵگرەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گوندی هەلینجی کۆبانێ کە ٣ ژن شەهید بوو، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری هەرێمی فورات هێرشی تیرۆریستی دەوڵەتی تورکی بۆسەر گەلی کۆبانی شەرمەزار کرد و باسی لە بەرپرسیاری ڕووسیا کرد، لەبەرئەوەی بەپێی ڕێککەوتنێکی ٧ مانگ لەمەوبەر ڕووسیا بەرپرسی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکەیە.

بەڕێوەبەرایەتیەکە داوای لە ڕووسیا کرد کە بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات و لەدژی هێرشی تیرۆریستی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بووەستێتەوە.

بەرێوەبەرایەتی خۆسەری هەرێمی فورات هەروەها داوای لە ئەمریکا و هاوپەیمانان کرد کە ئەرکیان جێبەجێ بکەن و هەوڵی ڕاگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بدەن.

ف.ق