ڕژێمی سوریا: ئەمەریکا بنکەیەکى سەربازیى بۆردومان کردین

هێزەکانی لایەنگری ڕژێمی سوریا بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەمەریکا بۆمبارانی بنکەیەکى سەربازیانی لەسەر سنوری عێراق دا کردووە و بەلانیکەمیشەوە لەو بۆردومانەدا ئەفسەرێکیان کوژراوە.

فەرماندەی گروپێک لە لایەنگری ڕژێمی سوریا بە ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، هێرشەکەی دوێنێ ئێوارە، کە لە نزیکی تەنەف ئەنجام درابوو، دژ بە بنکەیەکی سەربازیی پاسەوانی سنووری سوپای ڕژێمی سوریا کرابوو.

 ئەو بەرپرسە سەربازییە بانگەشەی ئەوەشی کرد، کە لەئاکامی ئەو بۆردومانانەدا، ئەفسەرێکی سوپای سوریا کوژراوە.

بە گوێرەی راگەیا ندراوێکى وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا 'پنتاگۆن'، لە دەرەوەی هێزی 'هاوپەیمانان' هێزی تری بیانی لەو ناوچەیەدا جێگیر کراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، هێزی بیانی چوونەتە دەرەوەی ئەو ناوچانەى کە شەڕیان تێدا نییە و ئەو ناوچانەش لەلایەن رژێمى سوریاوە دەستنیشانکراون، پاش ئەو لەسنوور دەرچوونە دەستتێوەردان بە مەبەستی هۆشیارکردنەوە ئەنجامدراوە و ئەو هیزەش ناچار بووە بکشێتەوە.

پنتاگۆن دەستنیشانیشی کرد کە لەو دەستتێوەردانانەدا هیچ کەس زیانی بەر نەکەوتووە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ناوچەی نێوان ئەلبو کەمال و تەنەف، کە دەکەونە سەر سنووری عێراق، بە بۆردومانێکی ئاسمانی لە دژی هێزەکانی لایەنگری ڕژێمی سوریا، زیاتر لە ٥٠ کەس کوژرابوون. ڕژێمی سوریا وەک بەرپرسیاری هێرشەکە، سەرنجی خستبوویە سەر ئەمەریکا. پنتاگۆن-یش بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی نەگرتە ئەستۆی خۆی.

ر.م