ڕژێمی سوریا ناوەندی شاری دەرعای بە تەواوی کۆنتڕۆڵکرد

ڕاگەیەندرا، سوپای ڕژێمی سوریا ئەو شوێنانەی شاری دەرعا، کە لە دەستی گروپە 'ئۆپۆزسیۆن'ەکاندا بوون، کۆنتڕۆڵکردووەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی حکومەتى سوریا (سانا) بڵاویکردووەتەوە، سەربازانی ڕژێم لە گەورەترین ناوچەی ناوەندی شاری دەرعا، ئاڵای سوریایان چەقاندووە.

ڕاشگەیەندرا، سەربازەکانی ڕژێم، پێش ئێستاش تەواوی ئەو شوێنانەیان کۆنترۆڵ کردبوویەوە، کە لە ژێر دەستی گروپەکانی 'ئۆپۆزسیۆن'دا بوون.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا (AFP) بڵاویکردووەتەوە، لە گەڕەکێکی باشووری شاری دەرعا کاروانێک پۆلیسى سەربازیى ڕووسیا و ئۆتۆمبێلێک، کە ئەفسەرانی ڕژێمی سوریای تێدابووە بیندراون. بەپێى ئەو هەوالە، سەربازە سووری و ڕوسییەکان ڕۆیشتوونەتە ناو شارەکەوە و ئاڵای سوریایان تێدا چەقاندووە.

رۆژی ٦ی ئەم مانگە و بە پشتیوانى و نابژیوانیى رووسیا، لە نێوان رژێمى سوریا و گروپە چەکدارەکاندا ڕێککەوتنێک لەسەر شاری دەرعا و دەوروبەری کرابوو. بەپێی ئەو ڕێککەوتنە گروپە چەکدارەکان ناوچەکانى دەرعایان ڕادەستی ڕژێمی سوریا کردبوویەوە.

خۆپیشاندانەکانی سەرەتای بەهاری عەرەبی دژ بە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا، لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١١ لە شاری دەرعاوە دەستیان پێکردبوو. لەبەرئەوەش کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری دەرعا بۆ ڕژێمی سوریا بە "سەرکەوتنێکی گرنگ" دەبیندرێت.

ر.م