ژنانی شەڕڤان: ٨ی ئازار دەکەن بە رۆژی بەرفرانکردنی تێکۆشان و خۆڕاگری

شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر و سوریانی، رۆژی ٨ی ئازاریان لە سەرجەم ژنانی جیهان و بە تایبەت ژنانی تێکۆشەر و خۆڕاگر لە بەرەکانی جەنگ، پیرۆز کرد.

شاری تل تەمر بە تایبەتیش بەرەی خۆڕاگری ناوچەکە ماوەیەکی زۆرە رووبەرووی هێرشی داگیرکەران بووەتەوە.

شەوی رابردووش سوپای داگیرکەری تورک بە توندی هێرشی کردە سەر گوندی ئوم ئەلکێف و زیانێکی زۆری مادی لە موڵک و ماڵی هاوڵاتییاندا. لە دژی ئەم هێرش و داگیرکەریانەش کە خۆڕاگری تەنانەت رۆژێکی نەوەستاوە، شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر و شەڕڤانانی ئەنجومەنی سەربازی سوریانی بەردەوامن لە پاراستنی خاکەکەیاندا.

شەڕڤانی ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر بە ناوی زیلان تل تەمر و ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی سوریانی زەنوبیا لە بارەی تێکۆشان و خۆڕاگریان و بە تایبەت بە بۆنەی هاتنی ٨ی ئازادر رۆژی جیهانی ژنان، رایانگەیاند، لە سەرتاسەری بەرەکانی تل تەمر خۆڕاگرییەکی بێوێنە بەڕیوە دەبرێت.

شەڕڤانان هاوکات بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنان پەیامێکیان ئاڕاستەی ژنانی جیهان کرد و وتیان:"ئەمڕۆ ئێمە وەکو ژنانی کورد، عەرەب و سوریانی شان بە شانی یەکتر وڵاتمان دەپارێزین. ئەمڕۆ لە شاری تل تەمر کە بووە بە هێمای خۆپارێزی گەلان، ژنان تێیدا خۆڕاگری شکۆ بەڕیوە دەبەن. بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانی تێکۆشەر، بانگەوزازی ئاڕاستەی هەموو ژنان دەکەن کە بەرێکخستنبوون، خۆیان بەهێز بکەن بۆ ئەوەی خۆیان و وڵاتیان لە هەر جۆرە هێرشێک بپارێزن."

'دەبێت ژنان پاراستنی جەوهەری خۆیان بەهێزتر بکەن'

ئەندامی ئەنجومەنی سەربازی سوریانی، زەنوبیا رایگەیاند کە ئەمڕۆ شارەکەیان رووبەرووی داگیرکەرییەکی قورس بووەتەوە و بانگەوازی ئەوەی کرد کە هەموو ژنان بە بۆنەی ٨ی ئازار تێکۆشانیان بەرفراوان بکەن و خۆڕاگرییان بەهێزتر بکەن.

زەنوبیا لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی، ئەو زۆر سەربەرزە کە لە ٨ی ئازاردا لە سەنگەرەکانی خۆڕاگریدا پێشوازی لەم رۆژە پیرۆزە دەکات و لە خۆڕاگری و تێکۆشاندان بۆ پاراستنی هەموو ژنان و گەلەکەیان و وتی:"ئەمڕۆ ئێمە لەسەر رێچکەی کلتوری خۆڕاگری ژنانی جیهانی، شەڕی ئازادی دکەین. ئەمەش بۆ ئێمە جێگای شانازییە. راستە لە رۆژی ئەمڕۆماندا هۆشمەندی پیاوسالاری سەردەستە و بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەرمان، بەڵام ئێمە لە دژی ئەو هۆشمەندییە لە خۆڕاگریداین."

'شکستی خەلافەتی داعش بووە هۆی سەرکەوتنی ژنان'

هاوکات شەڕڤانی ئەنجومەنی سەربازی تل تەمر بە ناوی زیلان تل تەمر کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشەوە جێی خۆی لەم خەباتەدا گرتووە، ٨ی ئازاری لە سەرجەم ژنان پیرۆز کرد و وتی:"من ٨ی ئازار، لە رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەم کە رەنج و خەباتیکی پیرۆزی بە ئازادی ژنان بەخشی. هاوکات ئەم رۆژە لە سەرجەم ژنانی جیهان، بە تایبەت لە هەموو ژنە شەڕڤانان پیرۆز دکەم کە ئەمڕۆ لە سەنگەرەکانی پاراستنی وڵاتدا بۆ هەموو ژنان خەبات دەکەن و تێدەکۆشن. ئەمڕۆ ئێمە لە شاری تل تەمر لە دژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە سەنگەرەکاندا دەجەنگین و شارەکەمان دەپارێزین. وا دەیبینن ئێمە وەکو ژنانی سوریانی، کورد و عەرەب بە یەکەوە هەم تێدەکۆشین هەم ژیانێکی هاوبەش بەرێوە دەبەین."

زیلان هاوکات رایگەیاند، ئەوان وەکو ژن، باوەڕیان بە هێزەکەیان هەیە و وتی:"هیچ پێویستییەکمان بە هێزێکی دەرەکی نییە. بە راستی ئێمە وەکو رۆڵەی ئەم خاکە، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەهێز پێشوازی لەم سەردەمە دەکەین. ئێمە لەو بڕوایەداین ئەم یەکگرتنەمان وەکو نەتەوەکان، دەبێتە بنچینەی سەرکەوتنمان. وەکو چۆن لە دێرەزۆر چەتەکانی داعش لە بەرامبەر شەڕڤانانی یەپەگە چۆکیان دادا و شکستی خەلافەتی داعش بووە هۆی سەرکەوتنی ژنان، بۆ تۆڵەی سەرجەم ژنان ئیمەش لە شارەکەمان کۆتایی بە هەموو داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک دەهێنین. بەم بۆنەیەوە منیش رۆژی تێکۆشانی گەورەی ژنان واتە رۆژی ٨ی ئازار لە سەرجەم ژنانی تێکۆشەر پیرۆز دەکەم و بەڵێنیش دەدەین کە هەر ژنێک ئەمڕۆ رووبەرووی زوڵم و ژێردەستی دەبێتەوە، بەو تێکۆشان و خۆڕاگرییەی بەڕێوەی دەبەین و بە رێکخستنبوونەمان، تۆڵەیان بۆ دەکەینەوە و دواڕۆژێکی ئازادیان پێشکەش دەکەین."

ز.ش