ژنانی ڕۆژئاوا: دایکانی بەرخۆدێر تەنها نین

ژنانی قامیشلۆ بەشداریی ڕێپێوانی شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان کرد بۆ سەر دایکان و ڕایانگەیاند، بەرخۆدان بەردەوام دەبێت.

جازیا حسێن هاڤرانۆ ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی لە ئەوروپا (تاژێ ئەوروپا / TAJÊ-E) و مەنیفە سەعید جومعە لە تربەسپی و نەجاح گولۆ ئەندامی کۆنگرەی ستار و دەزگای بنەماڵەی شەهیدان رایانگەیاند، دایکانی کورد تەنها نین.

هاڤرانۆ: ژنانی بەرخۆدێری کورد بە تەنیا نین

هاڤرانۆ رایگەیاند، زۆر سەربەرزە بەوەی کە بەشداریی چالاکییەکانی کردووە و وتی: "سڵاوی ژنانم لە شەنگال و ئەوروپاوە بۆ ئێوە هێناوە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکەین لە دایکانی ئاشتی و ئەو هەڤاڵانەی لە چالاکی مانگرتن دان. تا دوا دڵۆپی خوێنمان لەسەر ڕێبازی هەڤاڵانمان کە زیندانیین، گەریلاکانمان و لەیلا گیوڤەن بەردەوام دەبین".

هاڤرانۆ راشیگەیاند، لە رۆژئاوا هەتا ئامەد سەری رێز و نەوازش لەبەردەم چالاکوانانی مانگرتن و لەیلا گیوڤەن دادەنەوێنێت و وتی: "بەناوی ئەنجوومەنی ژنانی ئێزدی دەڵێم؛ تا دوا هەناسە لەگەڵیان دەبین. سڵاو و ڕێزی خۆمانیان پێڕادەگەینم. تا دوا هەناسە پاڵپشتی لە بەرخۆدانەکەیان دەکەین. ئێمە لەسەر رێبازی رێبەرەکەمان عەبدوڵا ئۆجالان و شەهیدانمان دەمێنینەوە. با ئەردۆغان باش بزانێت، دایکانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و ئەوروپا تەنها نین".

جومعە: داعشمان تێکشکاند و دەوڵەتی تورکی فاشیستیش تێکدەشکێنین

جومعە رایگەیاند، زوڵمی دەوڵەتی تورکی لەدژی دایکان شەرمەزار دەکات و وتی: "نە چەک و نە هیچ شتێکی دیکەی زیانبەخش لە دەستی ئەو دایکانەدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هێرش دەکرێتە سەر دایکە بەساڵاچووەکانمان".

وتیشی: "پاڵپشتی لە دایکانی خۆمان دەکەین، کە لەدژی دوژمن وەستاون. دەبێت گەلەکەشمان خاوەندارییان لێ بکات. تاقە داواکارییان ئەوەیە کە رۆڵەکانیان لە زیندان بێنە دەرەوە و کۆتایی بە گۆشەگیریی سەر رێبەرەکەمان بێت. وەکو هەر گەلێکی دیکە ئێمەش دەمانەوێت رێبەرەکەمان لەناوماندا بێت و لەگەڵمان بێت. پێویستە هەموان لەدژی ئەو زوڵمە بوەستنەوە و هەرچی لەدەستمان دێت بیکەین. لە رۆژئاوا ١١ هەزار شەهیدمان هەیە، بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ و بۆ وەدیهێنانی ئاشتی و بۆ لەیلا گیوڤەن و هەڤاڵانی، ئامادەین ١١ هەزار شەهید دیکەش بدەین هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە تا ئێستاش لە بەرەکانی شەڕ لەدژی دەوڵەتی تورک و دوژمنانى مرۆڤایەتی شەڕ دەکەن. کۆتاییمان بە داعش هێنا و دەوڵەتی فاشستی تورکیش تێکدەشکێنین".

"دەستبەرداری بەرخۆدان نابین"

ئەندامی کۆنگرەی ستار نەجاح گولۆش وتی: "وەکو هەر کاتێکی دیکە ئێمە خاوەنداری لەو هەڤاڵانەی خۆمان دەکەین کە لە چالاکیی مانگرتن دان. ئەو هێزە نێونەتەوەیی و دەوڵەتە ئەوروپییەکان کە لە بەرانبەر ئەو ناڕەواییەدا بێدەنگ جارێکی دیکە شەرمەزاریان دەکەین و دەڵێین، بێدەنگیی بەسە. بەردەوام دەبین لەگەڵ دایکانمان و رۆڵەکانمان ... تا دوا دڵۆپی خوێنمان واز لە بەرخۆدان ناهێنین. لە گۆڕەپانەکان دەبین. با ئەردۆغان باش بزانێت؛ وەکچۆن هێرشەکانی داعشمان تێکشکاند ئاواش کۆتایی بە ئەردۆغانیش دێت ... تا ئازادیی رێبەر و کۆمەڵگە، دایکان لە بەرخۆدان بەردەوام دەبن".

ر.م