ژنێکی دیکە لە کامپی هۆل کوژرا

تەرمی ژنێک لە کامپی هۆل-ی سەر بە شاری حەسەکە دۆزرایەوە کە تا ئێستا ناسنامەی ئەو ژنە ئاشکرانەکراوە.

تەرمی ژنێک لە بەشی بنەماڵەی ژنانی چەتە داعشیە بیانیەکان لەناو کامپی هۆل دۆزرایەوە، لە وێنەکەدا دەردەکەوێت کە ئەشکەنجە و لێدان لەسەر ڕووی ژنە کوژراوەکە دیارە.

لەمبارەیەوە هێزەکانی ئاسایشی کامپی هۆل ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، تەرمی ژنێکی کوژراو لەناو کامپەکە دۆزراوەتەوەو گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گەل لە شاری حەسەکە بۆ لێکۆڵینەوە و دەستنیشانکردنی بکەرانی ئەو تاوانە.

کامپی هۆل، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە کە ٤٥کیلۆمەتر لێی دوورە، بە مەترسیدارترین کامپ دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، کە زیاتر لە ٤٠ هەزار ژن و منداڵی چەتەکانی داعشی تێدایە جگە لە ئاوارەو کۆچبەرە سوری و عێراقیەکان.

پێشتریش بەرپرسانی کامپەکە ڕایانگەیاندبوو کە بەشێک لە ژنانی ناو کامپەکە بیری توندڕەوی داعشی ڕەتدەکەنەوە، بۆیە لەلایەن ژنە داعشیەکانەوە ڕووبەڕووی لێدان و کوشتن دەبنەوە.