کاریگەریی سزای قەیسەر لەسەر بازاڕی سوریا بەردەوامە

دەوترێت لە هەفتەى داهاتودا گەمارۆی سەر سوریا ناسراو بە سزای قەیسەر دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لە ئێستاوە بازاڕ سڕبووە. لیرەی سوری لە ماوەى ٤٠ رۆژی رابردوودا بە رێژەى ٢٠٠ لە سەد بەرامبەر بە دۆلار دابەزیوە.

پرۆژە یاسای سزادانى سوریا لەلایەن ئەمریکاوە بە ناوی سزای قەیسەر ناوبانگی دەرکردووە و بڕیارە ئەو سزایە لە ١٧ی حوزەیراندا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. سزاکە بە "چەکی ئابووریی ئەمریکا لە دژی سوریا" ناودەبرێت و بازاڕی سوریاشی تەزاندووە.

سەرباری ئەوەى هێشتا یاساکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لیرەى سوری بەرامبەر بە دوڵار داشکاندنێکى زۆر خێرای بە خۆییەوە بینیوە و کاتژمێر بە کاتژمێر کاریگەری لەسەر بازاڕ دروست دەکات.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وادەی جێبەجێکردنی سزای قەیسەر بەسەر سوریادا لە ٤٠ رۆژی رابردوودا بەهای لیرەى سوری بەرامبەر بە دۆلار بە رێژەى سەدا ٢٠٠ دابەزیوە.

بەهای دۆلارێکى ئەمریکی لەسەرەتای مانگی ئایاری ٢٠٢٠دا ١٢٠٠ لیرەى سوری بوو، بەڵام نیوەڕۆی دوێنی ٨ی حوزەیران بەهای دۆلارێکى ئەمریکا گەیشتە ٣٤٤٣ لیرەی سوری. بەهۆی دەستوەردان لە بازاڕ بۆ جێگیرکردنی دۆخی بازاڕ لە نزیک ئێوارەدا بەهای دۆلارێک بەرامبەر بە لیرەى سوری بوو بە ٢٨٥٠ لیرە.

ئەو بەرزبوونەوە و دابەزینە کاریگەرییەکى زۆر خراپی لەسەر بازاڕ دروستکردووە. هەم کاسبکاران و پیشەوەران و هەم کڕیاران بەهۆی ئەو دۆخەوە زیانیان پێدەگات. ئەگەر دۆخی بازاڕ بەو شێوەیە بەردەوامیی هەبێت، چاوەڕێ دەکرێت قەیرانێکى گەورە و قورسی ئابووری لە سوریادا روو بدات.

لە قامیشلۆ بۆ تێگەیشتن لە دوایین نرخی دۆلار چووین سەردانی شوێنەکانى ئاڵوگۆڕ و کڕین و فرۆشتنی دراو کرد. ئەوانەى ئاڵوگۆڕی دراو دەکەن رایانگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ئەو بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیە بەهۆی سزاکانى قەیسەرەوەیە و هاوکات سەرمایەدارەکانیش دۆلارەکانیان لە بازاڕ کشاندووەتەوە و ئەوەش کاریگەرییەکى زۆری لەسەر دۆخی ئێستا دروستکردووە.

کاسبکارێکى ئاڵوگۆڕکارانی دراو دۆخی لیرەى سوری بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر روون دەکاتەوە و بۆ ئەوەش لەسەر مێزەکەى بەردەمیدا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی دەخاتە سەر ٤٦٠٠ لیرەى سوری و دەڵێت "ساڵی ٢٠١١ و پێش ئەوەى شەڕی ناوخۆ لە سوریا رووبدات، بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بوو بە ٤٦٠٠ لیرەى سوری، یانی هەر دۆلارێکى ئەمریکی هاوتای ٤٦ لیرەی سوری بوو".

ئەو کاسبکارە دواتر ١٣٠ هەزار لیرەى سوری دادەنێتە سەر مێزەکەى بەردەستی و ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیی دەخاتە سەر و دەڵێت "٤ مانگ لەوە پێش و پێش بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ١٣٠ هەزار لیرەى سوری بوو، واتە هەر دۆلارێکى ئەمریکی بە ١٣٠٠ لیرەی سوری ئاڵوگۆڕ دەکرا".

دواتر ٢٠٠ هەزار لیرەى سوری دەخاتە سەر مێزەکە و ١٠٠ دۆلاری ئەمریکیی دەخاتەسەر و دەڵێت "٤ رۆژ لەوە پێش نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ٢٠٠ هەزار لیرەى سوری بوو، واتە هەر دۆلارێکى ئەمریکی بە ٢ هەزار لیرەى سوری بوو".

لە ئاخریشدا ٣٠٠ هەزار لیرەى سوری دەخاتە سەر مێزەکەى و ١٠٠ دۆلاری دەخاتەسەر و دەڵێت "ئێستا، کە کاتژمێر ١٥:٠٠ یە، بەهای ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە ٣٠٠ هەزار لیرەى سوری، واتە هەر دۆلارێکى ئەمریکی بەرامبەرە بە ٣ هەزار لیرەى سوری، دوای ماوەیەکیش بەهۆی دەستوەردان بۆ جێگیرکردنی دۆخی بازاڕ بەهای دۆلارێکى ئەمریکی دابەزی بۆ ٢٨٥٠ لیرەى سوری".

"سەرمایەدارەکان دۆلارەکانیان لە بازاڕەکان کشاندووەتەوە"

ئاڵوگۆڕکارێکى دراو کە نایەوێت ناوی بڵاوبکرێتەوە رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی ئەو دۆخە سزاکانى قەیسەرە، بەڵام هاوکات هەڵوێستی سەرمایەدارەکانیش کە دۆلارەکانیان لە بازاڕەکان کشاندووەتەوە، کاریگەریی گەورەی لەسەر دۆخی ئێستا دروستکردوە.

بازاڕیش دابەشبووە

بازاڕی سوریا ئێستا بەسەر هەرێمەکانى رژێم و هەرێمەکانى باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و هەرێمەکانى ژێر داگیرکەریی دەوڵەتى تورکدا دابەشبووە و ئەوەش دابەشبوون و پارچەبوونی ئابووریی لێکەوتووەتەوە.

بەهای دۆلار لە شام و قامیشلۆ و ئیدلب جیاوازە، لە جەرابلوس و عەزاز و ناوچە داگیرکراوەکانى ژێر دەستی دەوڵەتى تورکیش بە زۆری لیرەى تورکی بەکار دەهێنرێت.

"یاسای قەیسەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی سوریا" لە ١٨ی کانوون یەکەمی ٢٠١٩ لە ئەنجوومەنى نوێنەرانی ئەمریکا پەسەند کرا و رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم لەلایەن دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکاوە واژۆ و پەسەند کرا. چاوەڕێ دەکرێت یاساکە لە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەهای لیرەی سوری بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاوەکو ئێستا

٢٠١١: دۆلارێکى ئەمریکی = ٤٧ لیرەی سوری

٢٠١٢: دۆلارێکى ئەمریکی = ٧٠ لیرەى سوری

٢٠١٣: دۆلارێکى ئەمریکی = ٣٠٠ لیرەى سوری

٢٠١٤: دۆلارێکى ئەمریکی = ٤٤٠ لیرەی سوری

٢٠١٥: دۆلارێکى ئەمریکی = ٥٩٠ لیرەى سوری

٢٠١٦: دۆلارێکى ئەمریکی = ٦٠٠ لیرەى سور

٢٠١٧: دۆلارێکى ئەمریکی = ٤٧٠ لیرەی سوری

٢٠١٨: دۆلاریکى ئەمریکی = ٤٦٠ لیرەى سوری

٢٠١٩: دۆلاریکى ئەمریکی = ١٠٠٠ لیرەى سوری

٢٠٢٠ (تاوەکو ئێستا) = ١٤٠٠ لیرەى سوری

ژ.ت