"کوشتنى مام زەکى بەردەوامیى فەرمانە"

پلاتفۆرمی باوەڕەکانی میزۆپۆتامیا کوشتنى مام زەکى شەنگالیی وەک بەردەوامیى فەرمان لە دژى ئێزدییەکان ناوەزد کرد.

پلاتفۆرمى باوەڕەکانى میزۆپۆتامیا کە لە رێکخراوەکانى ناوەندی یەکێتیى کۆمەڵە و رێکخراوەکانى ئێزدی (ناڤ یەک ،NAV-YEK)، فیدراسیۆنی دیموکراتیکی عەلەوییەکانی ئەوروپا (فەدا – FEDA)، کۆمەڵگەى ئیسلامیى کوردستان (جیک - CÎK) و کۆنگرەى گەلانى میزپۆتامیا – ئاسوری/ سوریانى پێکدێت، لەبارەى کوشتنى مام زەکى شەنگالی راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، دەوڵەتى تورک بە هاوکاریى بەڕێوەبەریى بەغدا و هەولێر هێرشی کردە سەر شەنگال. راشیگەیاندووە، کوشتنى زەکى شەنگالی بەردەوامیى فەرمان و سڕینەوە و کۆمەڵکوژکردنى کۆمەڵگەى ئێزدییە.

لە راگەیاندراوى پلاتفۆرمەکەدا ئەوەش هاتووە، فاشیزمى ئەردۆغان – باخچەلی هێرش دەکەنە سەر هەموو گەلان و باوەڕەکان. هەروەها کوشتنی ئاتاکان ماهیر یەکێک لە فەرماندەکانى هەپەگە و زەکى شەنگالی وەک بەردەوامیى "هێرشى بەربەریانە و دڕندانە" پێناسە کردووە.

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "بە ناوی پلاتفۆرمی باوەڕەکانى میزۆپۆتامیاوە لە کەسایەتى ئەو ٢ شەهیدە پێشەنگ و گەلپارێزە هێژایەماندا، بە رێزەوە یادى هەموو شەهیدان دەکەینەوە و بەڵێن دووبارە دەکەینەوە، کە درێژپێدەرى رێگاکەیان بین".

ر.م