کۆبانێ، خۆپیشاندانێکی فراوان لە دژی داگیرکەری بەڕێوەچوو

بە هەزاران کەس لە شاری کۆبانێ ڕژانە سەر شەقامەکان و هێرش و داگیرکەری دەوڵەتی تورکیان بۆ سەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئیدانە کرد.

بۆ ئیدانەکردنی هێرش و داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاوڵاتیانی شاری کۆبانێ لە مەیدانی ژنی ئازاد بە بەشداربوونی چەندین پارتی سیاسی، ڕێکخراوی مەدەنی خۆپیشاندانێکیان بەڕێوەبرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا پانکارتی نوسراو"بەڕێز ترەمپ مەبە هاوکاری ئەردۆغان لە قڕکردنی کوردان" و "دەوڵەتی تورک بە چەکی قەدەغەکراو لەبەرچاوی جیهان هاوڵاتی مەدەنی کۆمەڵکوژ دەکات" بەرزکرابوونەوە.

پاشان خۆپیشاندانەکە لە چوار ڕییانی ئاشتی نزیک سنوری تورکیا گۆڕا بۆ میتینگێک، و تێیدا فەوزییە عەبدی هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی یاسادانانی هەرێمی جزیرە هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورکی ئیدانەکردو ناڕەزایەتی دەربڕی لەبەرامبەر بێدەنگبوونی ڕای گشتی نێودەوڵەتی لەدژی داگیرکەری دەوڵەتی تورک و گروپە چەتە هاوپەیمانەکانی بۆسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا.

چالاکیەکە بە دروشمەکانی ئیدانەکردنی داگیرکەری دەوڵەتی تورک کۆتایی هات.