کۆمیتەى رێکخستنی کۆبوونەوەى هاوبەشی حیزبەکانی رۆژئاوای کوردستان دامەزرا

نوێنەرایەتیى کەنەکە لە رۆژئاواى کوردستان بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەى هاوبەشی حیزب و لایەنە سیاسییەکانى رۆژئاواى کوردستان لە دژی هەڕەشەکانى تورکیا بۆ داگیرکردنى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، کۆمیتەیەکى دروستکرد.

نوینەرایەتیى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) لە رۆژئاوا بۆ گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتیى یەکێتیى نەتەوەیى کورد و هەڵوێستى هاوبەش لە دژی هەڕەشەکانى سەر باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا، لە قامیشلۆ کۆبوونەوەیەکى ئەنجامدا.

ئەندامانى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکە بوون و لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەى هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک لە دژی گەلی کورد.

لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندرا، پێویستە یەکێتیى نەتەوەیى کورد بە خێرایى پێکبهێنرێت. هەروەها بۆ پاراستنى دەستکەوتەکانى کورد هەڵوێستێکى روون بخرێتەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کۆمیتەیەک بۆ بەهێزکردنى پەیوەندیى نێوان حیزب و لایەنەکانى رۆژئاواى کوردستان دروستکرا.

ئەندامانى کۆمیتەکە پێکهاتوون لە سینان ئەحمەد ریشسپیى دێرک، دلاوەر زەنگی سەرۆکى یەکێتیى نووسەرانى سوریا، عەبدولکەریم عومەر و دەریا رەمەزان ئەندامانى دەستەى بەڕێوەبەری کەنەکە، سلێمان ئەلیاس لە زانکۆی رۆژئاوا.

چاوەڕێ دەکرێت کۆمیتەکە سبەی لەبارەى کارەکانییەوە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی ئەنجام بدات.

ر.م