کۆمەڵکوژی دەوڵەتی تورک لە تل ڕەفعەت ئیدانەکرا

ئەنجوومەنی تل ڕەفعەت و عەفرین هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک و گروپە چەتە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر گەلانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا و گەلانی عەفرین ئیدانەکرد.

بەسەدان هاوڵاتی ناوچەی تل ڕەفعەت و ئەندامانی ئەنجوومەنی ناوچەی تل ڕەفعەت و ئەنجوومەنی عەفرین لەو شوێنەی کە دوێنێ دەوڵەتی تورک منداڵێکیان شەهیدکرد کۆبوونەوە و هاوڵاتیان وێنەی شەهیدانی کۆمەڵکوژی ٢ی مانگی ١٢-٢٠١٩ی تل ڕەفعەت-یان بڵند کردبووەوە.

"کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە لیستی دەوڵەتی تورک زیادبوو"

عەبدوڵا بەهلول ئەندامی ئەنجوومەنی ناوچەی تل ڕەفعەت ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە کە تێیدا هاتووە:"ئەردۆغان و چەتەکانی لە ژدی منداڵانی ئێمە تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، کەمتر لە دوومانگ لە ناوچەی تل ڕەفعەت چەند کۆمەڵکوژییەکی ئەنجامداوە کە ئەمەش تاوانی جەنگەو دەوڵەتی تورک لە ٢٩ی ئەم مانگە کۆمەڵکوژییەکی دیکەی لە لیستی کۆمەڵکوژییەکانی زیادکرد.

ئەم تاوانە دڕندانە لەناو بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەسەرووی هەموویانە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و منداڵان ئەنجام دەدرێت.

ئەو تۆپ و بۆردوومانانەی بۆسەر ناوچەی تل ڕەفعەت دەبارێت جیاوازی ناکات لەنێوان کورد و عەرەب، بەڵام ئامانجێکی دیکەی ئەو بۆردوومانانە تێکدانی برایەتی و ژیانی هاوبەشە لەو ناوچەیە.

بانگەوازی

ئێمە بانگەوازی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەسەروویانەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ دەکەین کە لەبەرامبەر کۆمەڵکوژکردنی گەلی ئێمە لە باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بە گشتی و لە عەفرین و شەهبا بە تایبەت بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان دەستنیشان بکەن و  فشار لە دەوڵەتی تورک بکەن کە لەخاکی ئێمە بچێتە دەرەوەو تاوانبارانی جەنگ بەپێی یاسای نێودەوڵەتی سزا بدرێن.

هەروەها بانگەوازی لە دەوڵەتی سوریا دەکەین کە هەڵوێستێکی مەردانە و مێژوویی بنوێنێت بۆ چارەسەری سوری-سوری و گەل لە پیلانگێڕی و بەئامانجگرتنی یەکێتی خاکی سوریا دووربخاتەوە".