'کۆمەڵگەى رۆژئاوا بەهۆی فەلسەفەی ئۆجالانەوە یەکیگرتووە'

کۆنسویلا نونیەز لە رێکخراوی دەستپێشخەریى دایکانى ئاشتیى ئینتەرناشناڵ، سەردانى رۆژئاواى کوردستانى کرد و رایگەیاند "من ئەوەم بینى کۆمەڵگە لەم ناوچەیەدا چۆن یەکێتیى خۆیان بەهۆی فەلسەفەی ئۆجالانەوە دروستکردوە".

شاندێکى ٧ کەسی لە رێکخراوى دەستپێشخەریى دایکانى ئاشتیى ئینتەرناشناڵ سەردانى رۆژئاواى کوردستانیان کرد. یەکێک لە ئەندامانى شاندەکە، کۆنسویلا نونیەز وتەبێژی فمینیستەکانى مەدریدی ئیسپانیایە.

نونیەز لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) باسی لە چاودێرییەکانى خۆی و هەروەها باسی لەو پێشێلکارییانەى مافەکانى مرۆڤ کرد کە دەوڵەتى تورکیا بە پێشەنگایەتیى تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ئەنجامی دەدات. باسیشی لەو دژواری و زەحمەتییەکانە کرد، کە گەل لە دواى داگیرکردنى عەفرینەوە تووشی بووە.

نونیەز رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا ئەشکەنجە و زۆڵمێکى زۆر لە گەلی عەفرین دەکات. راشیگەیاند "دەبێت ئێمەش ببینە پشتیوان و وەڵامدەری ئومێدى گەلی عەفرین بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان. بنەماڵەکان لە یەکتر دابڕێندراون. دایک، باوک، منداڵ لە یەکتر دابڕێنراون. ناتوانن خۆیان لە بەرامبەر ئەوەدا رابگرن، کە ئەندامانى یەک خێزان پێکەوە بژین. لەبەر ئەوەش دەبێت ئێمە ببینە یارمەتیدەر و وەڵامى داواى دایکانى عەفرین".

'بەرخۆدانى ئازادی کاریگەریى ژنی لەسەرە'

کۆنسویلا نونیەز لەبارەى ئەوەى کە لە رۆژئاوا چی زۆرترین کاریگەریى لەسەر دروستکردووە وتى "کاتێک ئێمە لە شۆڕشی رۆژئاوا ئاگاداربووینەوە، بۆمان زۆر سەرنجڕاکێش بوو. من هەندێک بابەتم بە ئیسپانی وەرگێڕا و دیکۆمێنتم ئامادە کرد. بە تایبەتی لە قۆناغی عەفرین زۆر سەرنجڕاکێش بوو و چالاکانە لەسەر پێ بووین و چالاکیمان ئەنجام دەدا. ئەو بابەتەى زۆرترین کاریگەریى لەسەر من دروستکرد بابەتى بەرخۆدانی ئازادیى ژن بوو".

وتیشی "لە سەردانەکەماندا بۆ ئێرە ئەوەمان بینی، کە کۆمەڵگە چۆن لە دەوری فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ و لە دەوری یەکتر کۆبوونەتەوە و چۆن یەکێتیى خۆیان دروستکردووە. من لەوە تێگەیشتم کە لە ئەوروپا کۆمەڵگە تا چ رادەیەک پارچە بووە و نزیکایەتیى تاکەکەسی لە پێش کۆمەڵگەوەیە و یەکگرتن چەند دژوارە".

'بە کچەکەم سەربەرزم، کە بەشداری شۆڕش بووە'

کۆنسویلا نونیەز لە کاتى سەردانەکەیدا ژنان و بنەماڵەکانى عەفرینى بینی وتى "گەل بە زۆر لە زێد و لەسەر حاڵ و ماڵی خۆی کۆچبەرکراوە. ئەردۆغانیش بە پاساوی پەنابەران پارە لە وڵاتانى دەرەوە وەردەگرێت. دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتیى ئەوروپا، بەڵام بە بەردەوامی مافەکانى مرۆڤ پێشێل دەکات".

کۆنسویلا نونیەز ئەوەشى وت، کچەکەی میدیاکارە و کاتێک چاودێریى رووداوەکانى باکووری کوردستانی کرد، ئاشنا بوو لەگەڵ بەرخۆدانى گەلی کورد و تێکۆشانی ئازادیى ژن دا و لە ئەنجامدا بەشداری ناو بەرخۆدانى رۆژئاوا بوو.

وتیشی "کچەکەم دواى ئەوەى ئاشنای بەرخۆدانی کوردان و تێکۆشانی ئازادیى ژنانى بوو و کاتێک وتی، دەیەوێت بچێت بۆ رۆژئاوا، وەک دایکێک ترس کەوتبووە دڵم و بیرم لەوە دەکردەوە کە چۆن دەتوانێت لە ناو شەڕدا بمێنێتەوە، بەڵام دواتر هاتم و بینم کە زۆر دڵخۆشە و مانای ژیانى خۆی دۆزیوەتەوە. من بەوە زۆر سەربەرزم. منیش بڕیارمدا بێمە سەر شۆڕشی کچەکەم".

ر.م