کۆچبەران ڕادەستی چەتەکان دەکەن

دەوڵەتی تورکیا کە چەندین ساڵە پرسی پەنابەران لە دژی ئەوروپا وەک هەڕەشەیەک بەکاردەهێنێت، ئێستاش بە زۆری زۆرداری ئەو پەنابەرانە ڕەوانەی ئیدلیب و عەفرین دەکات.

بەهۆی جەنگەوە، نزیکەی سێ ملیۆن هاوڵاتی سوریی ناچار بە کۆچبەریی کراون. دەوڵەتی تورکیا چەندین ساڵە پرسی پەنابەران لە وڵاتەکەی دژ بە وڵاتانی ئەوروپا بەکاردەهێنێت گوایە ئەگەر داخوازیەکانیان بۆ جێبەجێ نەکەن، لێشاوی پەنابەرانیان بۆ دەنێرن. ئێستاش بۆئەوەی پەنابەران لە تورکیا دەربکات، بە زۆری زۆرداری نووسراویان پێ ئیمزا دەکات و پاشان سنوربەدەریان دەکات. بەو شێوەیەش تورکیا ئەو پەنابەرانە ڕادەستی چەتەکان دەکات لەسەر سنوری ئیدلیب.

ه.ە، ناوی خوازراوی یەک لەو پەنابەرانەیە کە پێش پێنج ساڵ ڕووی لە تورکیا کردووە و لە ئێستادا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە زۆری زۆرداریی سنووربەدەر کراوە. ئەو باسی ئەو شتانە دەکات کە بە سەریدا هاتوون. ه.ه ڕایگەیاند کە بەهۆی کێشەی ناسنامەوە دەستگیرکراوە و وتیشی "بەبیانووی ئەوەی کە گوایە ناسنامەمان نیە، من و کەسێکی تریان دەستگیر کرد و ڕەوانەی بنکەی سەربازیی زەیتون بورنوویان کردین. لەوێ ئەشکەنجەیان داین. پاش ٦ ڕۆژ لە زیندانیی و ئەشکەنجە دەیانویست ئازادمان بکەن، بەڵام پێیان وتین کە دەبێت پارەیان پێ بدەین. بڕی ١٢ هەزار لیرەمان پێ بوو، لێیان سەندین. پاشان پێیان وتین کە دەماندەن بە بەشی بیانیەکان. لەویش بە زۆری زۆرداری نوسراویان پێ مۆر کردین و لە دەروازەی سنووری بابولهەوا کە دەروازەی سنووری ئیدلیبە، فڕێیان داین. نزیکەی ٥٠ کەس دەبووین و تەنانەت خێزانیشمان لەگەڵدا بوو".

وتیشی "دەوڵەتی تورکیا لە بابولهەوا منیان ڕادەستی چەتەکان کرد. ئێمەیان بردە بەردەم سەرۆکی چەتەکان. لە لێپرسینەوەدا دەیانوت کە ئێمە موسوڵمان نین و کافریان کردین. لە شوێنی کۆنترۆڵدا ڕایانگرتین و تەلەفۆن و پارەکانیان لێ سەندین. بۆئەوەی تەلەفۆنەکەم وەربگرمەوە، پێنج هەزار پارەی سوریان لێ سەندم".

دەربازبوون بەرەو عەفرین

ئێمەیان بردە لای فەرماندەیەکی تورک. ئەویش پێی دەوتین کە ئێمە لەناو پەکەکەوە هاتووین. لەسەر جەستەی من بە زکماگی دەقەک هەیە، وتیان ئەوە شوێنی فیشەکە. چەتەکان لەوێ لەناو خۆیاندا بوو بە شەڕیان و چەتەیەک کوژرا. لەناو ئەو کێشمەکێشەدا، فەرماندە تورکەکان هەڵهاتن و ئێمەش هەڵهاتین و سواری ئۆتۆمبێل بووین. ئێمە داوای هاوکاریمان لە کەسێک کرد کە ڕێگەمان نیشان بدات بۆئەوەی بڕۆینە عەفرین. بەڵام لەو کاتەدا چەتەکان هاتن. ئێمە ٤٠ هەزار لیرەمان پێدان و پاشان دەربازی عەفرین بووین.

ماوەی ١٠ ڕۆژ لە عەفرین

ئەو پەنابەرە ڕاشیگەیاند کە ئەوان لە عەفرین دیمەنی زۆر خراپیان بینیوە و وتیشی "لەناو عەفریندا ئەشکەنجەی کوردان دەکەن. دەست دەگرن بەسەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی عەفریندا. ئێمە ماوەی ١٠ ڕۆژ لە عەفرین ماینەوە. ئەگەرچی لە ترساندا زۆر لە ماڵ دەرنەچووین، بەڵام دیمەنی زۆر خراپمان بینی. دەست دەگرن بەسەر خانووی هاوڵاتیاندا و دەستدرێژیی دەکەنە سەر ژنان. پاشانیش بۆئەوەی زێڕی دەستی ژنان بدزن، دەستی ژنان دەبڕنەوە. ئێمە لە ترساندا نەمانوێرا بڵێین کە ئێمە کوردین. ئەو کارانە زیاتر لە ناوچەکانی شیا، جندرێس، ماباتا، شێرە و شەرای ئەنجام دەدرێن. نازانم کە ئەگەر لە بیلبیل شتی وەها ئەنجام بدرێت یان نا. بەهۆی ترسی زۆرمەوە لەوەی کە نەمدەزانی چیم لێ دەکەن کە ئەگەر بڕۆمە بیلبیل، نەموێرا بڕۆمە ئەوێ کە گوندی خۆمە".

هەموو ناپیاواتیەک دەکەن

چەتەکان بە ڕۆژانە کەشف و پشکنینیان دەکرد بۆئەوەی بزانن کێ دەوڵەمەندترە، کێ زێڕی لەدەستدایە. پاشان بە شەو دەهاتن و دەچوونە ناو ماڵەکانیان. پێش مانگێک بەهۆی ئەوەی کە لە دەستی ژنێکدا زێر هەبوو، بەشەو چەتەکان کەوتنە نێو مالەکەیەوە. پاش ئەوەی مێردەکەیان کوشت، دەستدرێژیان کردبوویە سەری. بۆئەوەی زێڕەکانی دەستی بدزن، دەستی ئەو ژنەیان بڕیەوە. پاشان بۆئەوەی وا پیشان بدەن کە بەهاواریانەوە چوون، فیشەکیان بەسەر ماڵەکەیاندا باراند و ئەو ژنە و دوو منداڵیان لەگەڵ خۆیاندا برد. ئێمە ئیدی جارێکی تر ئەو ژن و منداڵانەمان نەبینیەوە. هیچ زانیاریەکیشمان لەبارەیانەوە نەدەزانی. دەستی بڕاوی ئەو ژنە هێشتا لە ماڵەکەیدایە.