کۆڕبەندی کۆمۆنیست‌ و چەپەکان: پشتیوانی ڕۆژاڤا و باکوری کوردستانین

لە یەکەمین کۆڕبەندی بەشێک لە لایەنە کۆمۆنیست‌ و چەپەکانی کوردستاندا، پشتیوانی لە ڕۆژاڤا و باکوری کوردستان کرا و داوا کرا بەزوویی کۆتایی بەهێرش و داگیرکاری تورکیا بهێنرێت.

لە دەقی ڕاگەیەندراوێکدا کە پاش بەستنی یەکەمین کۆڕبەندی بەشێک لە لایەنە کۆمۆنیست‌ و چەپەکانی کوردستان بڵاوکراوەتەو هاتووە:

رۆژی ٩/١١/٢٠١٩ به‌ دروشمی (كاراكردنی رۆلی هێزه‌ چه‌پەكانی كوردستان له‌تێكۆشانی نیشتمانی و چینایه‌تیدا) لە شاری هەولێر بە بەشداری ژمارەیەک حزب‌ و کەسایەتی چەپی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکەمین کۆڕبەندی پارتە کۆمەنیست‌ و هێزە چەپەکانی کوردستان بەرێوەچوو. سەرەتا کۆڕبەند بەرێزلێنان بۆ گیانی پاکی شەهیدان‌ و بەمارشی نیشتمانی ئەی رەقیب‌ و سرودی ئینتەرناسیۆنال دەستی بەکارەکان کرد و دوو پانێڵی لەخۆگرتبوو.

 
سەرەئەنجام بەشدارنی کۆڕبەندەکە دووپاتیان کردەوە، کە بەبێ چارەسەری عادیلانەی پرسی گەلی کوردستان لە سەرتاسەری کوردستان مەحاڵە ئاسایش‌ و سەقامگیری لە وڵاتانی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناڤین بەرقەرار بێت، هەروەک پێویستە ئەو دۆزە بەسەرچاوەگرتن لە ڕاستیە مێژووییکان‌ و بەبێ سەپاندنی ئەمری واقیع بەزەبری هێز چارەسەر بکرێت‌ و مافی چارەی خۆنووسین بکرێتە سەر مەشقی چارەسەرەکان. هەر لەو پێودانگەدا بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە هەموو لایەنەکانی کوردستان لەسەریانە پارێزگاری لە یەکریزی نیشتمانی بکەن، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە کۆڕبەند پشتیوانی‌و پشتگیری خۆی بۆ:

یەکەم: خەباتی رەوای گەلەکەمان لە رۆژئاوا دووپات کردەوە، داواشیکرد کە بە زووترین کات شەرو  هێرشی سەر ئەو پارچە رابگیرێت‌و داگیرکاری تورکیاش بوەستێرێت‌و زامنی ژیانێکی ئارام‌و دوور لەشە بۆ خەڵکی بێدیفاع دەستەبەر بکرێت.

دووەم: خەباتی مەدەنیانەی گەل‌و هێزە سیاسیەکانی باکووری کوردستان رەواو راستن‌و لەپێناو ژیانێکی بەحورمەتە، بۆیە ئێمە دژی ئەو زولم‌و زۆرداریانەین کە حکومەتی تورکیا دژ بەگەلەکەمان‌و ئازادیخوازانی تورکیا دەیکات‌و داوادەکەین بە لۆژیکی ئەقل‌و بە ئاشتیانە هەموو کێشەکانیان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. 

سێیەم: رۆژهەڵاتی کوردستان بەدۆخێکی یەکجار ناخۆش تێدەپەڕێ، سەرباری چەوسانەوەی نەتەوایەتی چەوسانەوەی مەزهەبی‌و چینایەتی‌و کەلتووریشیان لەسەرە، بۆیە کۆڕبەند پشتگیری خۆی بۆ خەباتی ئازادیخوازو حەقخوازانەی گەلەکەمان لەو پارچە ئازیزەدا دووپات دەکاتەوە.

چوارەم: ئەو واقیعەی لەباشووری کوردستان هەیە، کە بەتێکۆشان‌و خوێنی گەلەکەمان بەدی هاتووە، سەرباری مەترستە دەرەکیەکان لەگەڵ چەندین قەیرانی ناوەخۆیش رووبەرووە، بۆ بەرگرتن لەو مەترسیانە پێویستە بە زووترین کات دەست بکرێت بەچاکسازی راستەقینە، کە تێیدا رەچاوی ماف‌و خواستی خەڵکی بەشمەینەت‌و زەحمەتکێش کرابێ، بە مەبەستی بنیاتنانی حوکمی رەشید بێت.

پێنجەم: خواستەکانی گەلانی (تورکیا، ئیران، وڵاتانی عەرەبی) لە پێناو دیموکراسی، ئازادی، ئاشتی‌و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی خواستی رەوان، ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ ئەو خواستانە دەردەبڕین.

شەشەم: ئەمڕۆ لەناوەراست‌و باشووری عیراق خەباتێکی مەدەنی لە رێگای مانگرتن‌و رێپێوان لە ئارادایە، داواکانی ئەو خەڵکە کە خۆی لە ئازادی، هەلی کار، ئاسایش، دادپەروەری‌و نەهێشتنی گەندەڵی دەنۆێنی، داوای رەواو راستەقینەن، ئێمە پشتگیری ئەو خەباتە دەکەین.

حەوتەم: لە عیراقدا چەندین لایەن دەیانەوێ هەمواری دەستوور بکەن‌و  سیستەمی سیاسی لەعیراق بگۆڕن، ئەمەش مەترسی لەسەر دۆخی دەستووری هەرێمی کوردستان درووست کردووە، لێرەدا دووپاتی پێویستی پاراستنی مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی هەر جۆرە هەموارێکی دەستوور دەکەینەوە.

پارتە بەشداربووەکانی کۆڕبەندەکە:

- حزبی كۆمۆنیستی کوردستان (باكوور)
- حزبی سۆشیالیتی کوردستان (باكور)
- حزبی كۆمۆنستی کوردستان (ڕۆژئاوا)
-  كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان (رۆژهەڵات).
- حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان (باشوور)
- حزبی شیوعی كوردستان (باشوور)
- بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی گه‌لی كوردستان (باشوور)

 

هـ.هـ