کۆڕبەندێک لەبارەى داعش-ەوە لە قامیشلۆ دەستیپێکرد

قوربانیانى دەستى داعش لە کۆڕبەندی سەر داعش لە قامیشلۆ رایانگەیاند، دەبێت ئەندامانى داعش لە دادگایەکى نێودەوڵەتى دا دادگایى بکرێن.

قوربانیانى دەستى داعش لە کۆڕبەندی سەر داعش لە قامیشلۆ رایانگەیاند "بۆ ئەوەى گروپی هاوشێوەى داعش دروست نەبنەوە، دەبێت ئەندامانى داعش لە دادگایەکى نێودەوڵەتدا دادگایى بکرێن.

ناوەندی لێکۆڵینەوەى ستراتیژیى رۆژئاوا (NRLS) لە ناوچەى عامودێ لە قامیشلۆ لە هۆڵی بەیلەسان کۆڕبەندێکى نێونەتەوەیى لەبارەى چەتەکانى داعشەوە رێکخست. دواى پێشکەشکردنى وتەکان و سەیرکردنى سینەفیزیۆنەکان لەسەر داعش، گوێ لە وتەى شایەتحاڵانى تاوانەکانى داعش گیرا.  

داواى قوربانیانى دەستى دڕندەیى و بەربەرێتى چەتەکانى داعش ئەوەیە، کە چەتەکانى داعش لە هەرێمەکانى باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا دادگایى بکرێن.

ژنێکى ئێزدی: ئێمە تیرۆری داعش لە بیر ناکەین

مەقلوبە ئێزدی ژنێکى ئێزدیى خەڵکى شەنگاڵە و دڵخۆشیى خۆی بە تێکشکاندنى چەتەکانى داعش خستەڕوو و وتى "تاوەکو ئێمە لە ژیاندا بین تیرۆری چەتەکانى داعش لە بیر ناکەین. لە بە بەر چاوی جیهانیانەوە کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. بە بەرچاوی خۆمانەوە کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. ژمارەیەکى زۆر منداڵ لە برسیەتیدا مردن. کەس لەو تاوانانە ناپرسێتەوە، ئەوانەى کوژران و تاوانیان بەرامبەر ئەنجامدرا هەموویان هاووڵاتییانى مەدەنی بوون. فرۆشتن، دەستدرێژیکردن، کوشت و بڕ و هەموو تاوانەکانى تری دژ بە مرۆڤایەتى لەلایەن ئەو چەتانەوە ئەنجامدرا. منیش ٤ ساڵ دیلی دەستیان بووم. زوڵم و زۆردارییان بەرامبەرمان دەکرد. لە بەرچاومانەوە دەیان کەسیان دەکوشت. هێرشی دڕندانەیان دەکردە سەرمان. هەر چەند زوڵمی ئەوان بەرامبەر بە هەموو پێکهاتەکان جیاوازیى نەبوو، بەڵام زۆر دڕندانەتر و وەحشیانەتر هێرشیان دەکردە سەر ئێزدییەکان. هەموو کات ئێزدییەکان دەبوونە ئامانجی چەتەکان. بە تایبەتى تاوانگەلێکى زۆر قێزەون و چەپەڵیان بەرامبەر ئێزدییەکان ئەنجام دەدا. لە موسڵ، رەقا تاوەکو عەفرین تاوانیان لە دژی ئێزدییەکان ئەنجام دەدا. ئێمەیان زیندانى دەکرد و چاویان دەبەستین. ئێمەش لە دەستیان هەڵهاتین و خۆمان گەیاندە ناوچە ئارامەکانى ژێر دەستى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە). ئێمە بە بوونی قەسەدە و هێزەکانیان زۆر دڵخۆشین، کە لە دژی چەتەکانى داعش شەڕێکى بێ هاوتایان ئەنجامدا و چەتەکانیان تێکشکاند".

"بە شەڕ لە دژی داعش تۆڵەى خۆمم کردەوە"

سوعاد مراد خەلیفە ئیمرا قوربانییەکى تری دەستى چەتەکانى داعشە و شایەتحاڵی زۆرێک لە تاوانەکانى داعش بووە. سوعاد لە گێڕانەوەى چیرۆکەکەى خۆیدا وتى "کاتێک ئێمەیان زیندانیکرد گواستینیانەوە بۆ خاکی سوریا. هەزاران ژن و منداڵی ژێر چەپۆکەى چەتەکان گیانیان لەدەستدا. دواى ئەوەى ئێمەیان لە زیندان هێنایە دەرەوە دەیانجار مامەڵەیان پێکردین و فرۆشتینیان، هەزاران ژنی ئێزدی لەلایەن چەتەکانەوە فرۆشران. لە دژی ئەو عەقڵییەتەى داعش هەزاران ژنی ئێزدیى خۆیان کوشت. من لە رێگەى قەسەدەوە لە دەستى چەتەکانى داعش رزگار کرام. سەدان شەڕڤانی قەسەدە بە خۆینى خۆیان یەکێک لە ئێمەیان رزگار دەکرد. دواى ئەوەى رزگارکرام، بۆ ئەوەى تۆڵەی هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی لە چەتەکانى دعش بکەمەوە چوومە ناو ریزى یەکینەکانى ژنانى شەنگال (یەژەشە - YJŞ). من بە شەڕکردن لە دژی داعش تۆڵەى خۆم  و هەزاران ژنی ئێزدیم کردەوە. ئێستا ئێمە داوامان هەیە، لە دواى ئەوەى قەسەدە چەتەکانى داعشی تێکشکاند، داواکەمان ئەوەیە، داعش لێرە دادگایى بکرێت".

بریندارانى کۆمەڵکوژییەکى سوروج: یەک ئازارمان هەیە

سیبەل ئیشک یەکێک لە کەمئەندامانى کۆمەڵکوژییەکەى ٢٠ی تەمووزی پرسوس (سوروج)ە و وتى، "دەوڵەتى تورکی داگیرکەر خواستى بەو کۆمەڵکوژییانە ئیرادە و ورەى گەل تێکبشکێنێت. سەربازان و پۆلیسەکانى دەوڵەتى تورک لە کاتى کۆمەڵکوژییەکەدا نەیاندەهێشت، ئێمە بریندارەکان بگوێزینەوە بۆ نەخۆشخانەکان.  ئەو کۆمەڵکوژییە هەرگیز نەیتوانى کۆتایى بە ئومێد و بڕوامان بهێنێت. ئومێدى هاوڕێیانمان بۆ شۆڕشی رۆژئاوا بەردەوامیى هەیە. بە هێز و ئیرادەى خۆیان چەتەکانى داعش و هاوکارەکانیان لە رۆژئاوا تێکشکاند. ئەمڕۆ قسەکردن لەسەر تاوانەکانى داعش و دادگایکردنى چەتەکانى داعش لە هەرێمەکەدا بووەتە هیواى شەهیدان و منداڵەکانمان و دەبێت ئەو هیوایە بەدی بهێنرێت. هەموو ئازارەکانمان وەک یەکە. ئێمە ئازارەکانى خۆمان بۆ تۆڵەکردنەوەى مرۆڤایەتى دەکەینە هێز. هەڤاڵەکانمان لە کۆمەڵکوژیى پرسوس دا شەهید بوون و بە دەمی بە پێکەنینەوە و پڕ لە بزەوە دەیانوت، دەبێت هەموو کات گەلەکەمان دەم بە پێکەنین و دڵخۆش بێت".  

ئاڵچن ئیبراهیم یەکێکە لەو کەسانە، کە دایک و باوکی لە کۆمەڵکوژیى کۆبانێ دا شەهید بوون. ئاڵچن رایگەیاند، کۆمەڵکوژی ئازارێکى گەورەیە و وتى "باوک و دایکم لە کۆمەڵکوژیى کۆبانێ دا لەلایەن چەتەکانى داعشەوە شەهید کران. من هەموو کات ئەو ئازارەم لەگەڵ دەبێت، بۆیە هەموو کات لە بەرامبەر چەتەکانى داعش دا تێدەکۆشم".

جەواد کەساسبە: دەبێت دەوڵەتەکانیش ئامادەى دادگایکردنى چەتەکانی داعش بن

جەواد کەساسبە برای مەعاز کەساسبە، برای ئەو فڕۆکەوانە ئوردنییە، کە لەلایەن چەتەکانى داعشەوە بە زیندویى ئاگری تێبەردار و سوتێنرا. جەواد کەساسبە لە رێگەى سکایپەوە بەشداریى لە کۆڕبەندی سەر چەتەکانى داعش بوو لە قامیشلۆ و رایگەیاند "دەبێت لێپرسینەوەیەکى روون ئەنجام بدرێت و دەوڵەتەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکانیش بەشداریى ئەو لێپرسینەوە و دادگایکردنە ببن.  ئێمە دەمانەوێت دەوڵەتەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە کاتى دادگایکردنى چەتەکانى داعش دا ئامادە بن. ئێمە دەمانەوێت بکوژانى مرۆڤایەتى دادگایى بکرێن".

ئالیس دایف-ی فەرەنسی یەکێک لە بریندارانى کۆمەڵکوژییەکەى داعشە لە فرەنسا و لە کۆڕبەندەکەى قامیشلۆ لەبارەى داعشەوە رایگەیاند "دەبێت ئەو چەتانە دادگایى بکرێن و سزا بدرێن. مەترسیى ئەو چەتانە بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتییە. دەبێت هەموو چەتەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا دادگایى بکرێن".  

ناسر ئەل سەباح لە دێرەزۆرەوە شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکى شەعیرات بوو، کە ٧٠٠ کەس لەلایەن چەتەکانى داعشەوە کۆمەڵکوژکران و ٥ کەسیش بریندار بوون. سەباح وتى "بێ یەک و دوو با ئەو چەتانە لە هەرێمەکانى ئێمەدا دادگایی بکرێن، لە کوێ کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە با لەوێ دادگایى بکرێن".

ر.م