گروپە چەتاکان لە عەفرین زەویی کشتوکاڵیى هاووڵاتییان دەسوتێنن

گروپە چەکدارەکانى تورکیا و سوپاى ئازادى سوریا هاوکات لەگەڵ تاڵانى و دزینى ماڵی هاووڵاتیان، دەستیان بە ئاگرتێبەردان و سوتاندنى زەویى کشتوکاڵى و باخی هاووڵاتییانی عەفرین کردووە.

ئاژانسى هەواڵى میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، گروپە چەتەکانى سەر سوپاى تورکیا (TSK) سوپای ئازادى سوریا (OSO) بەردەوامن لە تاڵانکردن و دزی و رفاندن و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنى هاووڵاتییانى عەفرین و ئێستاش دەستیان کردووە بە ئاگرتێبەردان و سوتاندنی زەویى کشتوکاڵ و باخی هاووڵاتییانى عەفرین.

چەتەکانى تورکیا و سوپاى ئازادى سوریا لە چوارچێوەى کارەکانیان بۆ کاولکردنى عەفرین، زەویى کشتوکاڵی و باخى هاووڵاتییانى عەفرینیان لە گوندی باسلێ تاوەکو بێنێ لە سنوورى ناوچەى شێراوا-یان سوتاندووە.

بەهۆى ئەو ئاگرتێبەردانەى چەتەکانەوە، چەندین دارى هەنار، زەیتون و مێو و چەندین کێڵگەى گەنمی هاووڵاتییان سوتاون.

گروپە چەتەکان بۆ ئەوەى زۆرترین زیان بە هاووڵاتییانى عەفرین بگەیەنن، رێگری لە هاووڵاتییان دەکەن و ناهێڵێن ئاگرى تێبەرداری زەوی و باخەکانیان بکوژێنەوە و هەر کەسێکیش هەوڵ بدات ئاگرەکە بکوژێنێتەوە، دەستڕێژى گولـلەى لێدەکەن.

سەربارى ئەوەش هاووڵاتییان هەوڵى کوژاندنەوەى ئاگرەکان دەدەن، بەڵام بەهۆى تەقە و دەستڕیژى گولـلەی گروپە چەتەکانەوە چەندین هاووڵاتى لەسەر کوژاندنەوەى ئاگری زەوی و باخەکانیان کوژراون و بریندار بوون.

ر.م