گه‌رده‌لوولی جزیر: له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا ٢٩ چه‌ته‌ی داعش كوژران

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (قه‌سه‌ده‌) ئاماری شه‌ڕی ٢٤ كاتژمێری ڕابردووی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیری ڕاگه‌یاند كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی «شه‌ڕی نه‌هێشتنی تێرۆر»دا له‌ دێره‌زۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت. 

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی قه‌سه‌ده‌ له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٢٩ چه‌ته‌ی داعش كوژراون و شه‌رێكی سه‌ختیش له‌ شارۆچكه‌ی سووسه‌ له‌ ئارادایه‌.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوی قه‌سه‌ده‌:

به‌ره‌ی باغۆز

شه‌وی ڕابردوو له‌نێوان هێزه‌كانمان و تێرۆریستانی داعشدا شه‌ڕێكی سه‌خت ڕوویدا و تێرۆریستان هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی قورسیان به‌كارهێنا و هه‌وڵیان دا هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕڤانان بشكێنن. هه‌روه‌ها ئاگریان له‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان به‌ردا بۆ ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی نه‌توانن جموجۆڵ و بنكه‌كانیان ئاشكرا بكه‌ن. فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان چه‌ندین شوێنیان كرده‌ ئامانج و له‌ شوێنێكدا ژماره‌یه‌كی زۆری تێرۆریست كوژران. هه‌روه‌ها ناوه‌نده‌كانی فه‌رمانداره‌تیی تێرۆریستان ڕووخێنران.

تێرۆریستان هه‌وڵیان دا به‌ ٤ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر خاڵه‌كانی شه‌ڕڤانان، له‌ هه‌مان كاتدا فڕۆكه‌ سیخووڕییه‌كانیان ده‌سووڕانه‌وه‌. هێزه‌كانی ئێمه‌ شۆفێرێكی چه‌ته‌كانیان كوشت و ده‌ستیشیان به‌سه‌ر ته‌رم و ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا گرت. ٣ ئۆتۆمبێلی چه‌ته‌كان به‌ تۆپ له‌ لایه‌ن شه‌ڕڤانانه‌وه‌ له‌ناوبران. به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ته‌كان ناچار بوون پاشه‌كشه‌ بكه‌ن. هێزه‌كانمان لێره‌دا ده‌ستیان به‌سه‌ر برێكی زۆری چه‌ك و كه‌لوپه‌لی چه‌ته‌كاندا گرت.

هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ٤ بنكه‌ی تێرۆریستانیان ڕووخاند و زۆر تێرۆریستیان كوشتن، به‌ڵام ژماره‌ی كوژراوه‌كان ڕوون نه‌بوویه‌وه‌. پێشڕه‌ویی هێزه‌كانمان له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌ی ئه‌م به‌ره‌یه‌، تێرۆریستان هه‌وڵیان دا هێرشێك له‌ به‌رانبه‌ر هێزه‌كانمان ئه‌نجام بده‌ن و بلدۆزه‌رێكی ئێمه‌یان كرده‌ ئامانج. له‌ به‌رانبه‌ردا هێزه‌كانمان وه‌ڵامیان دانه‌وه‌ و زۆر تێرۆریست كوژران و ده‌ستیش به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییه‌كانیاندا گیرا.

هێزه‌كانمان پاش ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ نیوه‌ی شارۆچكه‌ی سووسه‌یان كۆنتڕۆڵ كرد، به‌رده‌وامن له‌ پێشڕه‌وی به‌ره‌و گه‌ڕه‌كه‌كان. شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ له‌ ٣ قۆڵه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌كانی تێرۆریستان، له‌ لایه‌كه‌وه‌ ١كم پێشڕه‌وییان كرد و ١٤ خاڵی نوێیان دامه‌زراند، هاوكات فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانانیش چه‌ندین بنكه‌ی چه‌ته‌كانیان كرده‌ ئامانج. ده‌رباره‌ی زیانی چه‌ته‌كان زانیاری ڕوون نه‌بوویه‌وه‌.

تێرۆریستان جارێكی دیكه‌ بینایه‌كیان تۆپباران كرد كه‌ هێزه‌كانمان ڕزگاریان كردبوو. له‌ كۆتاییدا بیناكه‌ هه‌ڵوه‌شا و چه‌ندین شه‌ڕڤانی ئێمه‌ بریندار بوون. برینداره‌كان ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان كران.

له‌ قۆڵی دووه‌می هه‌مان به‌ره‌دا، هێزه‌كانمان ٢كم پێشڕه‌وییان كرد و ١٩ خاڵی نوێیان دامه‌زراند. هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێلێكیان ده‌ستبه‌سه‌ر كرد كه‌ دۆشكه‌یه‌كی ١٢.٥ملم-ی له‌سه‌ر بوو و چه‌ندین تێرۆریستیان كوشتن. له‌ قۆڵی سێیه‌مه‌وه‌ هێزه‌كانمان ٣،٥ كم پێشڕه‌وییان كرد و ٦ خاڵیان دامه‌زراند.

له‌ شه‌ودا، له‌نێوان هێزه‌كانمان و تێرۆریستاندا شه‌ڕ ڕوویدا. تێرۆریستان به‌ هه‌ڕه‌مه‌كی هاوه‌ن و ئۆبوسیان هاویشتن. شه‌ڕڤانانمان له‌م قۆڵه‌وه‌ كیلۆمه‌ترێك پێشڕه‌وییان كرد و ١٧ خاڵی نوێیان دامه‌زراند.

شه‌ڕ له‌ شارۆچكه‌ی سووسه‌ له‌ ڕۆژی دووه‌مدا به‌ سه‌ختترین شێوه‌ تا ئێستا به‌رده‌وامه‌. له‌م شه‌ڕه‌دا هێزه‌كانمان پێشڕه‌وییان كرد و گورزی تووندیان له‌ تێرۆریستان دا. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گوندی هاویی سه‌ر به‌ سووسه‌ ڕزگار كرا. هه‌روه‌ها هێزه‌كانمان زۆرینه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی شارۆچكه‌كه‌یان كۆنتڕۆڵ كردن.

به‌ره‌ی هه‌جین

له‌م به‌ره‌یه‌دا له‌نێوان هێزه‌كانمان و تێرۆریستانی داعشدا شه‌ڕ ڕوویدا. تێرۆریستان له‌ دووره‌وه‌ چه‌كی قورس، هاوه‌ن و ئۆبوسیان به‌كارهێنا. هێرشه‌كان هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بوو و هیچ زیانێك به‌ هێزه‌كانمان نه‌گه‌یشت. شه‌ڕڤانان پاش ئه‌وه‌ی شوێنی هێرشه‌كانیان ده‌ستنیشان كرد و جموجۆڵه‌كانی كۆنتڕۆڵ كرد، وه‌ڵامی سه‌رچاوه‌ی هێرشه‌كه‌یان دایه‌وه‌. ده‌رباره‌ی زیانه‌كانی ڕێكخراوی تێرۆریستی، هیچ زانیارییه‌ك به‌ده‌ست نه‌خرا. له‌ هه‌ردوو لای ئه‌م به‌ره‌یه‌ تێرۆریستان جار جار تۆپی هاوه‌ن ده‌هاوێژن.

ئامار

- ٢٩ تێرۆریست كوژران.

- ٧ بینای تێرۆریستان ڕووخێنران.

- ٢ بی كه‌ی سی، ١ كڵاشینكۆف، ١ ئاڕ پی جی، ١ ته‌له‌فۆنی هیترا، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو، ئۆتۆمبێلێكی هه‌ڵگری دۆشكه‌ی ١٢ملم ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا.

- فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ ١٠ شوێنیان دا، هه‌روه‌ها به‌ مووشه‌كی هایمه‌رز ٦ شوێنی دیكه‌یان كرده‌ ئامانج.

s.m