گوندییەکانى خۆی نیگەران و ناڕازین؛ بێحاڵ و ماڵن و چاوەڕێی هاوکارین

دەیان گوند لە شاری خۆی لە رۆژهەڵاتى کوردستان بەهۆی بومەلەرزەکەى ٢٣ی شوباتەوە رووخاون. پەیامنێری ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) لە گوندی کۆرتاناڤا چاوپێکەوتنى لەگەڵ بومەلەرزەلێدراوان ئەنجامدا.

بنەماڵەیەکی گوندی کۆرتاناڤا خانووەکەیان رووخاوە و لە ناو قوڕدان. باوکی بنەماڵەکە کە تەمەنی لە دەورووبەری ٥٠ ساڵ دەبێت لە بەردەم خانووە رووخاوەکەیدا راوەستاوە چاکەتێکى شین و کڵاوێکى لەسەردایە و هاوژینەکەشی لە تەنیشتیدایە. هەموو دەورووبەرەکەیان رووخاوە.

'سپاس کەس گیانی لە دەست نەداوە'

باوکی ئەو بنەماڵەیە دەڵێت 'سپاس کەس هیچی لێنەهاتووە' و دایکی بنەماڵەکەش باسی پێویستییەکانیان دەکات و دەڵێت "پێویستیمان بە هەموو شتێک هەیە" و کاتێک ئەوە دەڵێت، شەرم بە دەموچاوییەوە دیارە. هاوژینەکەشی دەڵێت، خەڵک هاوکارییان دەکەن.

لەولاتر بنەماڵەیەکى تر باسی بومەلەرزەکە دەکەن. کەسانی بە تەمەن دیارن و سەری خۆیان بەستوە و سەرمایە. هاوژینە بە تەمەنەکان دەڵێن، ماڵەکانیان رووخاوە. باسی بومەلەرزە گەورەکەى رۆژی یەکشەمە دەکەن و و دەڵێن "ماڵی هەموومانی رووخاند".

هێشتا رووخۆشی و پێکەنین بە دەموچاویانەوە ماوە و پێویستیان بە شوێنى حەوانەوەیە

گوندییەکان دەڵێن، کەس گیان لە دەست نەداوە، بەڵام بریندارمان هەیە. گوندییەکان، کە لە بەردەم ماڵە رووخاوەکانیاندا راوەستاون دەڵێن، ئێستا پێویستیان بە شوێنێکە تیایدا بحەوێنەوە. دەیانەوێت خانوەکانیان سەرلەنوێ دروست بکەنەوە، بەڵام ئێستا توانای ئەو کارەیان نییە، بۆیە چاوەڕێی هاوکاریى بەرپرسانن. سەرباری ئەو کارەساتەى بەسەریاندا هاتووە، بەڵام هێشتا رووخۆشی و پێکەنین بە دەموچاویانەوەیە.

گوندی میخن سەر بە ناوچەى قوتول رووخاوە و ئەویش نزیکی کۆرتاڤانایە. گوندەکە لە قەراخ رێگایەکى گەورەدایە. بە بەردەوامی ئۆتۆمبێل بەو رێگایەدا دەڕۆن و هەندێک لە ئۆتۆمبێلەکانیش لە بەردەم گوندەکەدا رادەوەستن، کە هەندێکیشیان باریان پێیە.

خانوە بەردینەکانیش رووخاون

لە زۆرێک لە گوندەکان، کە هاووڵاتییان خانوەکانیان رووخاوە لە دەرەوە ئاگریان کردووەتەوە و خۆیان گەرم دەکەنەوە. خانوەکانیان ژیانێکى هەژارانە دەخاتە بەرچاومان. ژنێکى بە تەمەن بەتانیی لە خۆی ئاڵاندووە و لەبەردەم ئاگرەکەدا خۆی گەرم دەکاتەوە. هەندێکیش بەو کەلوپەلانەى لە ناو خانووە رووخاوەکاندا دەریان هێناوە دەیانەوێت سەرپەنایەک دروست بکەن تاوەکو شەو تیادا بمێننەوە. تەنانەت خانووە بەردینەکانیش رووخان و بەردەکان بەو ناوەدا بڵاوبوونەتەوە.

بە نیگەرانی، خەمباری و دڵگرانییەوە سەیری ئەو کارەساتە دەکەن کە بەسەریاندا هاتووە. هەندێکیش لە سەیری خانووە رووخاوەکانیان دەکەن و ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت ئیتر ئەستەمە بتوانن وەکخۆی لێبکەنەوە. خانوی وا هەیە بە تەواوی رووخاوە و تەنها زۆپایەک و لە گۆشەیەکدا تەلەفزیۆنێکى تیادا ماوەتەوە.

منداڵان بە ناو خانووە رووخاوەکاندا راکەراکیانە. هەندێک چادریان بۆ هاتووە و دەستیان بە هەڵدانیان کردووە و بەم زستانە سەختەدا لە ژێر چادردا دەمێننەوە.

زیانی زۆریش بە ئاژەڵەکانیان گەیشتووە

نەک تەنها مرۆڤ، بەڵکو ژمارەیەکى زۆر لە ئاژەڵەکانیشیان بەهۆی بومەلەرزەکەوە مرداربوونەتەوە. زۆرێک لە ئاژەڵەکانیش لە دەرەوەى خانەکانیانن. هاووڵاتییەک کادێنە رووخاوەکەیمان پیشان دەدات. ئاژەڵەکانیشی لە دەرەوە و لە ناو ئەو قوڕ و سەرما و بەفرەدان. بەرخێک چاو دەکەین، کە بووە بە ژێر داروپردوی خانە رووخاوەکەوە.

٤٤ گوند لە ناوچەى خۆی رووخاون

سەلەربەیانی و ئێوارەى رۆژی ٢٣ی شوبات ٢ بومەلەرزە بە گوڕی ٥.٩ پلە بە پێوەری رێختەر لە ناوچە سنوورییەکانى نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان لە پارێزگاکانى ورمێ و وان روویاندا. لە ناوچەى خۆی لە پاریزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتى کوردستان زیاتر لە ٤٤ گوند زیانی زۆریان بەرکەوتوە و زۆربەى هەرە زۆری خانوەکانیان رووخان. زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون. قەبارەکى زیانەکە هێشتا بە تەواوی روون نییە، بەڵام هاووڵاتییانی ئەو گوندانە لەوە ناڕازین، کە ئەو هاوکارییانەى بۆیان نێردراون زۆر کەمن. لە ماوەى ٢ رۆژی رابردوودا چەندین بومەلەرزەى بەدوداهاتوو لەو ناوچەیە روویانداوەتەوە، بۆیە گەل نیگەرانن. لەو ناوچەیە ژمارەیەکى زۆر لە هاووڵاتییان ناتوانن بچنەوە ناو ماڵەکانى خۆیان. زستانە قورسەکەش کاریگەرییەکى زۆری لە سەر ژیانیان دروستکردووە.

لە ئەلباکی وانیش ٩ کەس گیانیان لە دەستداوە

لە ناوچەى ئەلباک لە پارێزگای وان لە باکووری کوردستانیش ئەو بومەلەرزەیە زیانێکى زۆری بە هاووڵاتیان گەیاند و بەو هۆیەوە ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و بە لانیکەمەوە ٢٥٠ کەسی تریش بریندار بوون.

ژ.ت

زیانلێکەوتوانى بومەلەرزەکەى رۆژهەڵاتى کوردستان داواى هاوکاری دەکەن

****

ناوچەی 'خۆی' دەهەژێت، زیانەکان گەورەن و هاوکارییەکان کەم!