گۆک سونگور ٢٦ ساڵە لە زینداندایە و بەشداریى لە بەخاکسپاردنى باوکی دا کرد

حەسەن گۆک سونگور لەسەر دۆزی پەکەکە ماوەى ٢٦ ساڵە لە زینداندایە. راگەیاندرا، بۆ ئەوەى بەشداری لە مەرامسیمى بە خاکسپاردنى باوکی دا بکات بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک بردوویانەتەوە بۆ گوندەکەی.

حەسەن گۆک سونگور لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە زینداندایە، دوێنێ سێشەمە بە دەست کەلەپچەکراوى بردیانەوە بۆ گوندی پولایان لە ناوچەى بازارجخ (پازارجک) لە پارێزگاى مەرەش لە باکووری کوردستان تاوەکو بەشداری لە مەراسیمى بەخاکسپاردنى باوکی دا بکات.

کاتیک گۆک سونگور گەیشتەوە گوندەکەى، سەرەتا بەشداریى لە مەراسیمى بەخاکسپاردنى باوکی دا کرد و دواتر بۆ پرسە چوو بۆ ماڵەکەى خۆیان لە گوندەکەیاندا.

بە گشتى گۆک سونگور ٤ کاتژمێر لە گۆڕستان و ماڵی خۆیدا مایەوە و دووبارە بردیانەوە بۆ زیندان.

گۆک سونگور لە ماڵەکەى خۆیاندا لە گوندەکەیاندا وتەیەکى پێشکەشکرد و وتى "ماوەى ٢٦ ساڵە لە زینداندام. باوکم هەرگیز دەستبەرداری پشتیوانیکردن لە من و هاوڕێکانم نەبوو. هەموو کات لەگەڵمان بوو و پشتیوانمان بوو. ئەو هەڵوێستەى باوکم هەموو کات هێز و توانا و ورەى بە ئێمە بەخشی بۆ تێکۆشانەکەمان".

گۆک سونگور لە بەردەم زیندانەوە لەلایەن جەماوەرەوە بە چەپڵەڕێزان بەرەوە گوندەکەی بەڕێکرا، کاتێکیش گەیشتەوە گوندەکەیان بە جۆش و خرۆشێکى زۆرەوە پێشوازیى لێکرا.

ئەو ماوەیەى لە گوندەکەیان بوو، خزمان و هاوڕێکان و شەیدایانی لە چەندین ناوچەى جیاجیاوە پەیوەندییان بە گۆک سونگورەوە کرد و قسەیان لەگەڵ کرد.  

گۆک سونگور لە تشرینى دووەم (نۆڤەمبەر)ی ١٩٩٣ەوە لە زینداندایە. لەو ماوەیەدا لە زیندانەکانى مەلەتی، یۆزگات، مەرەش، کورکوچولەر، سێرت دا بووە. ئێستاش گۆک سونگور لە زیندانى جۆری ئیی ناوچەى ئەلبیستانی پارێزگاى مەرەش دایە و ماوەى زیندانیکردنەکەشی ٤ ساڵی تری ماوە.

گۆک سونگور لە نێوان ساڵانى ١٩٩٣ – ١٩٩٩ دا چەندین جار بەشداریى لە چالاکییەکانى مانگرتن لە زیندانەکاندا کردووە . لە بەرخودانەکەى ئەم دواییەدا بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن لە رۆژی ١ی ئاداری ٢٠١٩ەوە دەستی بە چالاکیى مانگرتن لە خواردنى بێسنوور کرد. گۆک سونگور و زیندانییە مانگرتووەکانى تر لە رۆژی ٢٦ی ئایاری ٢٠١٩ / ٥ی جۆزەردان بەهۆی بانگەوازەکەى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ کۆتایهێنان بە مانگرتنەکان، کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

ر.م