گەدۆ: پێویستە خاوەنداری لە بانگەوازی ئۆجالان بۆ یەکێتی نەتەوەیی بکرێت

ساڵح گەدۆ سکرتێری گشتی پارتی چەپی دیموکراتی کوردی سوریا ڕایگەیاند، ڕێگریکردن کە جموجووڵەکانی میتی تورک لە باشووری کوردستان ئەرکی حکومەتەکانی هەولێر و سلێمانیە. هێرشی سەر پەکەکە بە واتای لەناوچوونی هەموو کورد دێت."

ساڵح گەدۆ سکرتێری گشتی پارتی چەپی دیموکراتی کوردی سوریا ئاماژەی بە هێرشی سەر کەمپی مەخموور بە دەستی دەوڵەتی تورک کرد و وتی،"دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی شەڕ هێرش دەکاتە سەر مەخموور و هەرێمەکانی تر. ژمارەیەک خەڵکی مەدەنی شەهید بوون. ئەوە بۆ کورد دۆخێکی زۆر خرابە. گەلەکەمان هەموو کاتژمێر، هەموو خولەکێک ڕووبەڕووی ئەو دۆخە دەبێتەوە. ئەوەش نیگەرانیەکی زۆری دروست کردووە. کاتێک ناکۆکی دروست دەبن مۆڕالی گەلەکەمان دەشکێت. چونکە داواکاری گەلەکەمان یەکێتی نەتەوەیی یە."

گەدۆ هەروەها باسی لە تێکۆشان لە باکووری کوردستان کرد و وتی، "ئەمڕۆ لە باکوور شۆرشێک هەیە. پیویستە پارتە کوردیەکان پشتگیری لێبکەن. لە جێگەی ئەوەی رێگری لە یەکتری بکەن، پێویستە ڕێ بە یەکتری بدەن. پێویستە پشتگیری لە شۆڕشی باکوور بکرێت. ئەوانەی دەیانەوێت شۆڕشەکە تێکبشکێنن، دەوڵەتی تورک، ئاکەپە، ئەردۆغان و دوژمنانی کوردن. ئەوەش بە دروستکردنی ناکۆکی لەناو گەلی کورد دەکەن."

لەبارەی ناردنی هێز بۆ زینی وەرتێ لە لایەن پەدەکەوە گەدۆ وتی،"پێویستە هێزە کوردیەکان، پێشمەرگە و گەریلا نەچنە شوێنی یەکتری. پێویستە بچنە ئەو جێگایانەی کە دوژمنی لێیە. ناکۆکی نێوان کورد، سوودی بۆ کورد نییە و خزمەتی دوژمن دەکات. ئەوە ئەرکی بزوتنەوە کوریەکانە. پێویستە پەکەکە، پەدەکە و یەنەکە ئەو بارە بخەنە سەر شانیان."

گەدۆ ئاماژەی بە هەبوونی میتی تورک لە باشووری کوردستان کرد و وتی، پێویستە بەڕێوەبەرایەتی پەدەکە و یەنەکە رێگا نەدەن میت لە باشووری کوردستان رێکخستن بکات و پێویستە سنورێکی بۆ دانێن.

گەدۆ دەڵێت،"میت بۆچی لە باشووری کوردستانە؟ بۆ خرابی، بۆ ئەوەی ناکۆکی لەناو کورددا دروست بکات و دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببات. ڕێگریکرندنی ئەرکی سەر شانی پارتە سیاسیەکانی باشوورە. بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی هەولێر و سلێمانی پێویستە هەبوون و بەهێزبوونی میت لە باشوور ئاستەنگ بکەن. پێویستە سنوریان بۆ دانێن و بە تورک بڵێن 'ئیتر بەسە'. میت دەیەوێت لەنێوان کورددا فیتنە دروست بکات، دەیەوێت ناکۆکی دروست بکات. پیویستە کورد لەم بارەیەوە هوشیار بێت."

گەدۆ وتی، عەبدولا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کاتێک بە تەلەفۆن لەگەڵ براکەی قسەی کرد بانگی یەکێتی نەتەوەیی کرد و وتی، پێویستە ڕێکخستنەکانی ڕۆژئاوا بەهێز بکرێن و باسی لە پرۆتۆکۆلی ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ ئیدریس بارزانی کرد.

گەدۆ تیشکی خستە سەر ئەوەی، "لەوبڕوایەدام کاریگەری قسەکانی ڕێبەر ئاپۆ زۆر لەسەر گەل دروست بوو. لە قسەکانیدا پەیامی بۆ هەموو هێڵە سیاسیەکانی کوردستان نارد. یەکێتی نەتەوەیی و هەڵوێستی ڕێبەر ئاپۆ لەمبارەیەوە لە کۆنەوە بەم شێوەیەیە. من خۆم یەکەمجار لەساڵی ١٩٨١ ڕێبەرتیم بینی. ڕێبەرتی ئەو کاتە باسی لە گرنگی یەکێتی نەتەوەیی کورد کرد و وتی، "سەرکەوتنی کورد بە یەکێتی نەتەوەییەوە بەستراوە. بۆ ئەوەی ئەمە سەربکەوێت، پێویستە بۆ یەکێتی نەتەوەیی تێبکۆشین." هەموو کاتێک ئەمەی دەوت."

گەدۆ باسی ئەوەشی کرد کە دەوڵەتی تورک نە تەنها پەکەکە، هەموو کورد و هێزی کورد دەکاتە ئامانج و وتی، "شەڕی دژی پەکەکە لە دژی هەموو کوردێکە. پێویستە پارتە کوردیەکان ئەم راستیە بزانن، ئەگەر پەکەکە لەناوبچێت، یەنەکە و پەدەکەش لەناودەچن. هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناودەچن."

ف.ق