گەردەلولی جزیر: بە هەڵمەتێکى نوێ کۆتایى بە داعش دەهێنین

هێزەکانى قەسەدە رایانگەیاند، لە چوارچێوەى هەڵمەتى گەردەولولی جزیردا قۆناغێکیان بە ناوى "شەڕی کۆتایهێنان بە تیرۆر" لە رۆژهەڵاتى رووباری فورات دەستپێکردووە و ئەو هەڵمەتە دەکەنە دوا هەڵمەتى کۆتایهێنان بە تیرۆر.

هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لە رۆژی ١٠ى ئەیلولی ٢٠١٨ەوە قۆناغی کۆتایى هەڵمەتى گەردەلولی جزیریان دەستپێکردووە.

چەندین فەرماندەى قەسەدە و ریش سپییانی عەشیرەتەکان بەشداریى کۆنفڕانسە رۆژنامەنووسییەکە بوون، کە لە ناوچەى شەدادی لە کانتۆنى حەسەکە بەڕێوەچوو.

قەسەدە رایگەیاند، وەک هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک پێداگرن لەسەر کۆتایهێنان بە تیرۆر لە رۆژهەڵاتى رووباری فورات و جێبەجێکردنى ئەرکە مرۆییەکانیان.

 راگەیاندراوەکەى قەسەدە لەلایەن لیلوا عەبدوڵا خوێندرایەوە و ئەمەش دەقەکەیەتی:

"ماوەى ساڵێکە هێزەکانمان دەستیان کردووە بە هەڵمەتى گەردەلولی جزیر بۆ رزگارکردنى ناوچەکانى دێرەزۆر و حەسەکە. لە هەڵمەتەکەدا سەدان گوند و هەزاران هاووڵاتی لە چەنگی رێکخستنى تیرۆریستیى داعش رزگارکران و رووبەرێکى گەورە لە خاکى ئەو دوو پارێزگایە رزگارکرا. ئەوەش بە هاوکاریى و هەماهەنگیى نێوان هێزەکانى ئێمە و هێزەکانى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى، کە لە ئاسمانەوە بە بۆردومانکردن و لە زەمینەوە بە تۆپهاوێژەکانیان بەڕێوەچوو. تەنها هەرێمى هەجین و ناوچەکانى دەورووبەری لە کۆنترۆڵى رێکخستنى تیرۆردا ماوە.

هێزەکانمان شەوی دووشەممە ١٠ى ئەیلولی ٢٠١٨ قۆناغی کۆتایى هەڵمەتە سەرکەتوەکەیان لە رۆژهەڵاتى رووبای فورات بە  ناوی "شەڕی لەناوبردن و کۆتایهێنان بە تیرۆر" لە ٤ قۆڵەوە بۆ سەر دوایین پێگەى رێکخستنى داعش دەستیپێکرد. لەم قۆناغەدا گوندەکانى شارۆچکەى هەجین، سۆسا، شەفا و ناوچەکانى دەورووبەریان رزگار دەکرێن. ئەو هەرێمە کە رزگار دەکرێت رووبەرەکەى بە درێژەى ٣٥ کیلۆمەتر و پانایى ١٠ کیلومەترە و رزگارکردنى ئەو ناوچەیەش ئەنجامى هەڵمەتى گەردەولی جزیر تاجدار و درەوشاوە دەکات.

لە قۆناغی کۆتایى هەڵمەتى گەردەولی جزیردا هەر یەک لە هێزەکانى لیواى ئەنجوومەنى سەربازیى  دێرەزۆر، یەکینەى هێزەکانى پاراستنى سنوور، لیواى تایبەتى یەپەگە و یەپەژە، فڕۆکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ چاودێریکردن و لێدانى خاڵ و سەنگەرەکانیان بەشدارى دەکەن. هەروەها تۆپهاوێژەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لەگەڵ سوپاى عێراق لە رێگەى بە ئامانجگرتنی شوێنە جێگیرەکانى تیرۆر، پشتیوانى لە هێزەکانمان دەکەن.

ئێمە وەک هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک پێداگرین لەسەر کۆتایهێنان بە تیرۆر لە رۆژهەڵاتى رووباری فوراتدا، بۆیە هەڵدەستین بە بەرپرسیارێتیى مرۆیمان. لەو چوارچێوەیەدا هێزەکانمان رێڕەوێکى مرۆیى لە نزیک شارۆکەى بوحیرە دەکەنەوە بۆ رزگارکردنى هاووڵاتییان. هەروەها تیمە تایبەتەکانمان بە خێرایى کەمپی کاتییان بۆ پێشوازیکردن و پێشکەشکردنى خزتەتگوزاریى جۆراجۆری لۆجستى بۆ هاووڵاتییان ئامادە کردووە. هاوکات هێزەکانمان بەشێوەیەکى گونجاو و شایستە و تایبەت مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانە و کەسوکاریاندا دەکەن کە رفێنراون، یان تاوەکو چارەنووسیان نادیارە".

ر.م