گەریلا تێکۆشین: دڵسۆزی، ئەنجامدانی بەرپرسیارێتییە

تێکۆشین بۆتان لە دوای بەشداریکردنی بۆتانی برای، خۆشی بەشداریی ریزی گەریلاکانی یەژا ستار بوو. ئەو دەڵێت:" دڵسۆزی بە واتای جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتی دێت. ئەوەی مرۆڤ دەتوانێت لە دوای شەهیدان ئەنجامی بدات، بەجێگەیاندنی خەون و خەیاڵەکانیانە."

تێکۆشین بۆتان کە خەڵکی باشوری کوردستانە و بەشداری ریزەکانی یەژا ستار بووە، باس لە بەشداری خۆی بۆ ناو پەکەکەو واتای بەشداربوونەکەی دەکات.

یەکێک لە گەریلاکانی یەژا ستار بە ناوی تێکۆشین بۆتان باس لە بۆتان گەرمییانی برای خۆی دەکات کە لە هەرێمی خواکورک شەهید بووەو دەڵێت:"ئەوەی دوای شەهید مرۆڤ دەتوانێت بکات، بەجێگەیاندنی خەیاڵەکانیەتی."

تێکۆشین بۆتان خەڵکی شاری کەلاری باشوری کوردستانە. ئەو دەڵێت، دوای ئەوەی بۆتانی برای لەگەڵ گەریلا پەیوەندی دروست کرد، بە تەواوەتی گۆڕا و وتی:"ئاستی تێگەیشتنی زیادی کرد. لە خەباتەکانیدا سەرکەوتووتر بوو. ئێمە نەماندەزانی لەگەڵ هەڤاڵان کار دەکات. دواجار بۆتان پەکەکەی بە من ناساند."

تێکۆشین رایدەگەیێنێت، بۆتانی برای لەساڵی ٢٠١٣ هات بۆ شاخ و بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. ئەو دەڵێت:" منیش دوای ساڵێک لە بەشداری ئەو، بەشداری ریزەکانی پەکەکە بووم. ئەمە بۆ من پێویستییەکی حەزکردنە. لە ماڵەوە ئەو برام بوو، بەڵام لێرە بوو بە هاوڕێم. پەیوەندییەکی جوانتر و قوڵترمان بۆ دروست بوو. شتێکی بێوێنەیە کە مرۆڤ لە شاخەکان بەم شێوەیە بەیەکەوە بژین. یەکێک لەو شتانەی منی زیاتر بە شاخەکانەوە بەستەوە، هاوڕێیەتی بوو. بە تایبەت لەبەر ئەوەی سیستەم، ژیانێکی وەکو مردن بەسەر ژناندا دەسەپێنێت. لە ناو پەکەکەدا لە شاخەکان، مرۆڤ هەست دەکات کە دەژیت."

تێکۆشین بۆتان دەڵێت، خەون و خەیاڵی من ئەوە بوو لەگەڵ بۆتان لە یەک سەنگەردا لە دژی دوژمن شەڕ بکەین. شەڕ و ژیانی ژن و پیاو لە شاخ، تەمسیلی ژیان و ویژدان و ئەخڵاق دەکات. هیواو ئاواتێکی گەورەیە کە دەبینین بە سەدان و بە هەزاران رۆڵەی کوردستان لەم رێگایەدا خەبات دەکەن.

گەریلا تێکۆشان وتی:" پەکەکە ئیدی لە پارتیبوون دەرچووە و بووە بە ئایدۆلۆژیای ژیان. مرۆڤە خاوەن ئەخلاق و ویژدانەکان لەگەڵ پەکەکە خەبات دەکەن و دەگەن بە راستی."

ز.ش