گەلۆ نوسرە مامەڵەی تورکیا – ڕووسیا لەسەر ئیدلب تێکدەدات؟

دوای هێرشەکانی ڕۆژی پێنجشەمەی رابردووی هاوپەیمانیى چەتەکانی نوسرە بۆ سەر بارەگای حەمیمیم، باسی گەرم و گرنگ لەبارەی مامەڵە و سەودای ڕووسیا – دەوڵەتی تورک لەسەر ئیدلب – تەل ڕەفعەت کران.

نوسرە (دەستەی ڕزگارکردنی شام) سەرلەبەیانی و ئێوارەى رۆژی ٢ی ئایاری ٢٠١٩ / ١٢ی بانەمەڕ بە مووشەکی جۆری گراد و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى جۆری درۆن، کە بۆمبڕێژکرابوون هێرشی کردە سەر بارەگای ئاسمانیی حەمیمیم ڕووسیای لە لازقیە. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیاش لە سەرلەبیانیى ئەو رۆژەدا چەندین شوێنى ئیدلب-یان بۆردومانکرد. لەگەڵ ئەوەی فڕۆکەکانی ڕووسیا بە قورسی بنکەکانی نوسرە-یان بۆردومان کردووە، دەوترێت بنکەی چەتەکانی تورکیاش کە بە بەرەی ڕزگاریی نەتەوەیی دەناسرێن، بۆردومان کراوە.

ڕێکخەری هاریکاریی مرۆیی هەرێمیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پانۆس مۆوزس بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەو بۆردومانە قورسترین بۆردومانی ١٥ مانگی رابردووە. بەگوێرەی سەرچاوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە مانگی شوباتەوە لە باکوری حەما و باشووری ئیدلب نزیکەی ١٤٠ هەزار کەس ماڵەکانی خۆیان بەحێهێشتووە و کۆچیان کردووە. ڕژێمی سوریا "گروپە تیرۆریستییەکان" بە بەرپرسی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکان دەزانێت.

شەڕ و ئۆپەراسیۆنی ئەم دواییانە ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ بانگەشەی تازە لەبارەی ڕێککەوتنەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە لەسەر "هەرێمى بێ شەڕ".

دەوترێت کە ڕووسیا بەهۆی ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەر بنکەی حەمیمیم یاداشتی داوەتە دەوڵەتی تورک و هۆشداری داوە کە لەبەرامبەردا لە تەل ڕەفعەت بەپێی پەیمانی ئیدلب ڕەفتاری لەگەڵ دەکات.

فەرماندەیەکی ڕژێم: ڕووسیا، تورکیا بە بەرپرسی هێرشەکان دەزانێت

فەرماندەیەکی ڕژێمی سوریا کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات لەوبارەیەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد، دوای هێرشەکەی نوسرەی ڕووسیا یاداشتی داوەتە تورکیا و وتی: "ڕووسیا دەڵێ، ئەو مووشەکانەی کە نوسرە لە هێرشەکەدا بەکاری هێناوە دروستکراوی سوێدە و لە ڕێگەی تورکیاوە گەیشتووەتە دەست نوسرە".

سەودا و مامەڵەی سەر تەل ڕەفعەت و ئیدلب

سەرچاوەیەکی تر ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ٨ی نیسانی نێوان پۆتین و ئەردۆغان دا، ڕێککەوتوون لە بەرانبەر ئەوەی کە تەل ڕەفعەت لەژێر کۆنترۆلی چەتەکانی دەوڵەتی تورک بهێڵدرێتەوە، ئیدلب ڕادەستی ڕژێم بکرێت.

ئەو سەرچاوەیەی نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات وتی: "پەیمانی نێوان ڕووسیا و دەوڵەتی تورک هێشتا هەڵنەوەشاوەتەوە، ڕووسیا بە وەڵامی ئەمڕۆی هۆشداری داوەتە دەوڵەتی تورک کە بەپێی پەیمانەکە ڕەفتاری لەگەڵ دەکات، دەوڵەتی تورکیش ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەی هێرش بکاتە سەر تەل ڕەفعەت".

"نووسرە و کۆماری تورک کۆبوونەوە، وەلێ ..."

هەمان سەرچاوە تیشکی خستەسەر ئەو تایبەتمەندییانە: "بەگوێرەی ئەو پەیمانە، دەوڵەتی تورک نووسرە ڕازی دەکات، کە تەسلیم ببێت و گروپەکانی سەر بە خۆیشی بە تەواوی کۆنترۆڵ دەکات، بەڵام دەوڵەتی تورک وەکو هەموو جارێکی دیکە پەیمانەکەی جێبەجێ نەکرد".

دوو ڕۆژ لەمەوبەر ژەنەراڵێکی سوپای تورک چووەتە دابق-ی سەر بە باب و لەگەڵ بەرپرسێکی نووسرە کۆبووەتەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا نووسرە ڕەزامەند نەبووە کە ڕووسەکان بچنە ناو ئیدلب و ڕۆژی ٢ی ئایار هێرشیان کردووە".

دەورییەى هاوبەشی رووس و تورک ماوەى ٢ رۆژە راوەستاوە

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە کە لە هەرێمەکەوە دەستمان کەوتووە، گەڕان و دەورییەی هاوبەشی ڕووس – تورک کە ٢ مانگە لە ئیدلب بە هاوبەشی بەڕێوەدەچێت ماوەی ٢ ڕۆژە ئەو گەڕانە هاوبەشانە راوەستاون. خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورک لە ٨ی ئاداری ٢٠١٩ / ١٧ی رەشەمە ڕوونکردنەوەیەکی دابوو و وتبووی: "ئەمڕۆ لە ناوچە سنوورییەکانی ناوچەی ئیدلب، ئەو شوێنانەی کە لە چەکەکان پاک کراونەتەوە، گەڕانی ڕووسیا و هێزە چەکدارەکانى تورک دەست پێدەکات".

لەو بەینەدا هێرشی نووسرە بە تۆپ و مووشەک لە دژی هەرێمەکانی ژێر دەستی ڕژێم لە حەما و بارەگاکانى ڕووسیا لە   حەمیمیم بەردەوامە، فڕۆکەکانی ڕووسیاش ئیدلب بۆردومان دەکەن.

دەوترێت رۆژی ٢ی نیسان نووسرە بە مووشەکی گراد و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى جۆری درۆن زیاتر لە ١٠٠ بۆمبی بەسەر حەمیمیم داباراندووە.

دەورییە و گەڕانی تەل ڕەفعەت راوەستاوە

بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، دوای چالاکییەکانی ٣٠ی نیسانی ٢٠١٩ / ١٠ی بانەمەڕی هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین  لە ناوچەی شەڕای عەفرین، گەڕان و دەورییەیی هاوبەشی ڕووس - تورک لە سەر سنووری تەل ڕەفعەت راوەستێندراوە. لە چالاکییەکانی هێزەکانی ڕزگارکردنی عەفریندا ٩ سەربازی تورک کوژرابوون کە دوانیان ئەفسەری پایەبەرز بوون.

هێزەکانی ڕووسیا ماوەی ١٥ ڕۆژ بوو، کە لە ناوچەکانی شێخ عیسا، تەل مادک، تەل ڕەفعەت ی سەر بە شەهبا دەگەڕان و دەورییەیان دەردەکرد و سوپای تورکیش لە هەمان کاتدا لە مارع، عەزاز و مارەناز دەورییەیان دەردەکرد.

ر.م