گەلی باب لە دژی داگیرکەریى تورکیا و چەتەکان راپەڕین

گەلی شاری باب و ناوچەکانى کە ئێستا لە ژێر داگیرکەریى دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدایە، لە دژی دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى رژانە سەر شەقام و کۆڵانەکان و داواى چوونە دەرەوەى تورکیایان کرد.

بەپێى ئەو دیمەنانە، کە لە گۆڕەپانى عیلم لە ناوەندی شاری باب لە کاتژمێر ٢٠:٣٠ی شەوی رابردوودا بڵاوکرایەوە، گەل لە دژی تورکیاى داگیرکەر و چەتەکان راپەڕیوە.

لەلایەن جەماوەری گەلەوە رێگاکان داخران و چەندین تایە ئاگریان تێبەردرا و دروشمیان لە دژی سوپای تورکی داگیرکەر دەوتەوە و داوایان دەکرد تورکیا لە باب بچێتە دەرەوە.

بەپێى ئەو وێنانە، کە گەیشتوونەتە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) لە چەندین شوێنى ئەو گۆڕەپاندا ئاگر لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کراوەتەوە.

هەر دوێنێ شەو لە چەندین ناوچەى داگیرکراوی تردا لە دژی سوپاى تورکی داگیرکەر و چەتەکانی ناڕەزایەتى و خۆپیشاندان و پێکدادان و تەقینەوە روویاندا.

لە کاتژمێر ١٩:٢٠دا لە ناوچەى شەرای عەفرین، کە لە ژێر داگیرکەریى تورک دایە، تەقینەوەیەک روویدا. تەقینەوەکە لە نزیک بارەگایەکى سەربازیى سوپاى تورکی داگیرکەر روویدا.

لە گوندی سەکرییە لە رۆژئاواى منبجیش لە نێوان گروپێکى چەتە بە ناوی ئەحفاد ئەل رەسوڵ و سوپاى تورکی داگیرکەر شەڕ روویدا.

تا ئێستا زانیارییەکى روون لەبارەى زیانەکانى ئەو تەقینەوە و پێکدانەوە لە بەردەستدا نییە.

ر.م