گەلی عەفرین و شەهبا لە دژى داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن

سەدان هاووڵاتیى عەفرین لە کانتۆنى شەهبا، لە دژى داگیرکەریى دەوڵەتى تورکیا و هەوڵەکانى ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە بۆ گۆڕینى دیموگرافیا و بارى دانیشتوانی عەفرین، خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ سەدان هاووڵاتیى عەفرین و شەهبا بۆ ئیدانەکردنى کردەوەکانى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانیان، بەرەو گوندی تەل قەراح کەوتنەڕێ.

جەماوەرى خۆپیشاندەر لەو گوندەوە دەست بە خۆپیشاندانەکەیان دەکەن و خۆپیشاندانەکەش تاوەکو کەمپى سەردەم لە گوندی سۆسن بەردەوام دەبێت.

لە خۆپیشاندانەکەدا ئاڵاکانى یەپەگە، یەپەژە، تەڤدەم، کۆنگرەى ستار و ئەنجوومەنى کانتۆنى شەهبا هەڵکراون.

هەروەها لافیتەکان بە دروشمەکانی "رووسیا و تورکیا هابەشى پارچەکردنى سوریا و گۆڕینى دیموگرافیاى عەفرین و غوتەن"، "ئەنجوومەنى دیلۆک ئەنجوومەنى خائینەکانە"، تاوانەکانى داگیرکەریى تورکیا لە دژى هاووڵاتیانى مەدەنیى عەفرین رابگرن"، "ئێمە بێدەنگیى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرامبەر بە داگیرکەریى تورکیا لە عەفرین ئیدانە دەکەین" و "گەلی شەهبا بەردەوامە لە  پشتیوانییەکانى بۆ بەرخۆدانى عەفرین لە دژى داگیرکەریى تورکیا" بەرزکراونەتەوە.