گەلی کۆبانێ لە دژى گۆشەگیری و داگیرکەری خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

هاووڵاتییانى کۆبانێ لە دژى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان  رێبەری گەلی کورد و داگیرکەریى تورکیا لە عەفرین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و گۆشەگیرییەکە و داگیرکەرییەکەیان ئیدانەکرد.

گەلی کۆبانێ بە پێشەنگایەتیى بزووتنەوى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم -TEV-DEM) بۆ رزگارکردنى عەفرین خۆپیشاندانیان ئەنجامدا. هەزاران هاووڵاتى لە گۆڕەپانى ژنى ئازاد بە بەرزکردنەوەی وێنەکانى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و ئاڵاکانى یەپەگە، یەپەژە، قەسەدە، تەڤدەم، پەیەدە و تەڤ چاند، وێنەى شەهیدان و دروشمی ئیدانەکردنى گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوە.

لە گەلی عەرەبەوە تاوەکو کۆچبەرەکانیش بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون

جگە لە دەرمانخانەکان و نانەواخانەکان هەموو دوکان و بازاڕەکان دەرگانیان داخست و بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون. نوێنەرانى هەموو رێکخراوەکان و رێکخستنەکان لە کۆبانێ و هەروەها خوێندکاران، مامۆستایایان لە کاتى پشوویاندا بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون.

گەلی عەرەبیش بە دەستپێشخەریى عەشیرەتەکان، ژنان و منداڵ و ژمارەیەکى زۆر کەس و ئەوانەى کە ناچاربوون لە عەفرینەوە کۆچ بۆ کۆبانێ بکەن بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون.

خۆپیشاندانەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانى عەفرین" لە گۆڕەپانى ئازادی کۆتایى پێهات.

هێزەکانى پاراستنى کۆمەڵگە (هەپەجە)، هێزەکانى ئاسایش، ئارامیى خۆپیشاندانەکەیان لە ئەستۆ گرت و لە چەندین شوێنى شارەکەدا خاڵی چاودێرییان دانابوو. لە چەندین شوێنیشدا تیمەکانى تەندروستیى مانگى سووری کورد خۆیان جێگیرکردبوو.

"با کۆتایى بە گۆشەگیری و داگیرکەری بێت"

بەشداربووانى خۆپیشاندانەکە لە وتەکانیاندا رایانگەیاند، دەبێت عەفرین ئازاد بکرێت و گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەرى گەلی کورد کۆتایى پێبێت و بۆ ئەوەش داواى گەشەدان بە تێکۆشانیان کرد.

ر.م