گەنجانى سۆسیال دیموکراتى سوید بۆ حکومەتى وڵاتەکەیان: رۆژئاوا بپارێزن

رێکخراوى گەنجانى پارتی سۆسیال دیموکراتى سوید (SSU)، کە بەشدارە لە حکومەتى سوید دا، داوایان لە حکومەتەکەیان کرد فرۆشتنى چەک بە تورکیا رابگرێت و لە دژی هێرش و هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورک رۆژئاوا بپارێزن.

مارتینا هیدرینوس، لۆڤیسا پیترۆسۆن و ژاکۆب نیلسۆن لە بەڕێوەبەرانى هەرێمى ستۆکهۆلم – کۆنگشۆلمەن لە یەکێتیى گەنجانى سۆسیال دیموکراتى سوید (SSU) لە کۆبوونەوەى رۆژی هەینیی خۆیاندا، کە لە رۆژنامەى رۆژانەى (ETC) بڵاوکراوەتەوە، رەخنەى توندیان لە سیاسەتەکانى حکومەتى سوید بەرامبەر بە تورکیا گرتووە.

گەنجان رایانگەیاندووە، سەدا ٤٠ی بەڕێوەبەریى رۆژئاوا لە ژنان پێکدێت، لە دژی رێکخستنى فاشیستیى داعش، قاعیدە و هاوشێوەکانیان تێکۆشاوە. لە رۆژئاوا پێکهاتەکان و دەستەکانى گەلە جۆراجۆرەکان بە هاوبەشی لەو بەڕێوەبەرییەدان، ئەو هەوڵە داگیرکەرییانەى دەوڵەتى تورک هاوشێوەى هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دا لە دژی عەفرین.

بەڕێوەبەرانى یەکێتیى گەنجانى سۆسیال دیموکراتى سوید (SSU) راشیانگەیاندووە، دواى ئەوەى سوپای تورک هێرشی کرد و چووە ناو (عەفرین) شارەکە، مرۆڤەکانیان کۆمەڵکوژکرد، ژنان لە شەقامەکان و لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلە فرۆشران، ماڵ و موڵکی خەڵک تاڵانکران و رەخنەیان لە بێدەنگیی سوید بەرامبەر ئامادەکارییەکانى دەوڵەتى تورک و ئەردۆغان لە دژی رۆژئاوا گرتووە و رایانگەیادووە "سوید بە بەردەوامیبوون لەسەر فرۆشنى چەک بە تورکیا پشتیوانى لەو گوشارانە دەکات. ئێمە وەک وڵاتێک، کە بۆ ئاشتى لە جیهاندا هێزێکى گەورەمان هەیە و بەوە دەناسرێین، ئێستا ناتوانین داکۆکی لەو ناوەی خۆمان بکەین. بە فرۆشتنى چەک بە تورکیا، ئێمەش پشتیوانى لە کوشتنى هاووڵاتییان و ئەو داگیرکەرییە دەکەین".

لە کۆتایى راگەیاندراوەکەى یەکێتیى گەنجانى سۆسیال دیموکراتى سوید (SSU) داوا کراوە، یاسای فرۆشتنى چەک گۆڕانکاریى بەسەردا بێت و چەک فرۆشتن بە تورکیا رابگیرێت. هەروەها داواشیان لە حکومەتى سوید کردووە، بۆ پاراستنى خۆبەڕێوەبەریى رۆژئاواى کوردستان چییان لە دەست دێت ئەنجامى بدەن.

ژ.ت