گەنجانی کۆبانێ پیلانگێڕی ١٥ی شوباتیان شەرمەزارکرد

گەنجانی کانتۆنی کۆبانێ بە ڕێپێوانێک پیلانگێڕی ١٥ی شوباتیان لەدژی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد شەرمەزارکرد.

ئەنجومەنی گەنجانی پارتی یەکیتی دیموکراتیک (پەیەدە)-ی هەرێمی فورات بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕی ١٥ی شوبات لەدژی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا.

ڕێپێوانەکە بە دروشمی 'بە گەنجێتی شۆڕش فاشیزم تێکدەشکێنین، ڕێبەرایەتی ئازاد دەکەین' دەستیپێکرد.

بە دەیان گەنجی پەیەدەیی لە شاری کۆبانی و ناوچەی سرین بەشداریان لە ڕێپێوانەکەدا کرد. گەنجان وێنەی ڕێبەر عەبدوڵلا ئۆجالان و ئاڵای پەیەدەیان بەرز کردەوە.

ڕپێوانەکە لە گۆرەپانی ژنی ئازادی کۆبانێ تا گۆڕەپانی ئاشتی بەردەوام بوو و دروشم بۆ ئۆجالان وترانەوە.

هەروەها ژمارەیەک کەسایەتی وتاریان پێشکەش کرد و باسی سیستمی نەتەوەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کوردیان کرد و ڕایانگەیاند، دوژمنەکان ئەو مۆدێلەی کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ گەلانی پێشنیارکردووە وەک مەترسیەک لەسەر خۆیان دەبینن.

لە لایەکی ترەوە هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک لەدژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شەرمەزارکران.

ف.ق