یه‌په‌گه‌ له‌ عه‌فرین گورزێكی دیكه‌ی له‌ داگیركه‌ران دا

یه‌په‌گه‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی دووه‌می به‌رخۆدانی سه‌رده‌مدا، هێزه‌كانیان به‌ چالاكیی كاریگه‌ر گورزی توندیان له‌ چه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر داوه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌رباز و چه‌ته‌ كوژراون و بریندار بوون.

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل - یه‌په‌گه‌ ده‌رباره‌ی چالاكییه‌كانی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه‌\یه‌په‌ژه‌  و هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی - قه‌سه‌ده‌ له‌ عه‌فرین، ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌:

«له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی دووه‌می به‌رخۆدانی سه‌رده‌مدا، شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ ڕۆژانی ٣٠-٣١ی ئایار\٩-١٠ی جۆزه‌ردان له‌ دوو قۆڵه‌وه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر باره‌گه‌كانی چه‌ته‌ و سه‌ربازانی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر. له‌ چالاكییه‌كه‌دا زۆر سه‌رباز و چه‌ته‌ كوژران، به‌ڵام ده‌رباره‌ی ژماره‌یان، زانیاری ڕوون به‌ده‌ست نه‌خرا.

زۆر سه‌رباز كوژران، ته‌رمی ٢ چه‌ته‌ بینرا

له‌ گوندی قورتقولاقێی سه‌ر به‌ ناوچه‌ی شه‌را، یه‌كینه‌كانی ئێمه‌ شه‌وی ٣٠ی ئایار\٩ی جۆزه‌ردان له‌ دژی باره‌گه‌یه‌كی سه‌ربازیی توركیا چالاكییه‌كیان ئه‌نجامدا. له‌م چالاكییه‌دا زۆر سه‌رباز كوژران، ته‌رمی ٢ چه‌ته‌ به‌ چاو بینرا.

هێزه‌كانمان ڕۆژی ٣١ی ئایار\١٠ی جۆزه‌ردان كاتژمێر ٣ له‌ دژی باره‌گه‌یه‌كی چه‌ته‌كان له‌ ده‌وروبه‌ری گوندی مه‌ریه‌مینێ كه‌ ٧ كم دووره‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ندی شاری عه‌فرین، چالاكییه‌كیان ئه‌نجامدا. له‌م چالاكییه‌دا كه‌ بوو به‌ شه‌رێكی سه‌خت و نزیكه‌ی ٤٥ ده‌قه‌ به‌رده‌وام بوو، ژماره‌یه‌كی زۆری سه‌رباز و چه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر كوژران و بریندار بوون. ده‌رباره‌ی ژماره‌ی كوژراو و برینداره‌كانی دوژمن زانیاری ڕوون به‌ده‌ستنه‌خرا.

٣ شه‌ڕڤان شه‌هید بوون

له‌و چالاكییانه‌ی كه‌ له‌ گوندی قورتقولاقێ و مه‌ریه‌مینێ ئه‌نجامدران، ٣ شه‌ڕڤانی ئێمه‌ قاره‌مانانه‌ تا دوایین گوله‌ شه‌ڕیان كرد و شه‌هید بوون. ناسنامه‌ی هه‌ر سێ شه‌هیده‌كه‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.»

s.m