یەپەژە: جارێکیتر مزگێنی تێکشکاندنی هێزە پیلانگێڕەکان بە گەلی هەرێمەکە دەدەین

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (پەیەژە) بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی هەنگاوی تێکشکاندنی داعش رایگەیاند، داگیرکەری دەوڵەتی تورکیش تێکدەشکێنن و پیلانگێڕی نوێیش پووچەڵدەنەوە.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (پەیەژە) بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی هەنگاوی تێکشکاندنی داعش ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

"ئەمڕۆ ئێمە پێشوازی لە یەکەمین ساڵیادی سەرکەوتنی مێژوویی 'هەنگاوی تێکشکاندنی داعش' دەکەین. ئەم هەنگاوە مێژووییە لە ئەنجامی تێکۆشانی سەختی ٨ ساڵە و بە باجی زۆری کچ و کوڕانی ئەم وڵاتە سەرکەوتنی خۆی لە هەموو جیهان ڕاگەیاند. ئێمە لە کەسایەتی شەهیدان سلاڤا عەفرین، ژیندا تەل تەمر، ئارین میرکان، شەهیدانی ئینتەرناسیۆنالیست سیبەل بولوت، ئیڤانا هۆفمەن، دەستان تەموز، شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم، هەروەها شەهیدانی هەنگاوی دێرەزۆر شەهید بەرفین، ڕۆنیا، گوونەش و ئامارا عەفرین، یادی هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی شەرەف بە خۆشەویستی و بەڕێزەوە دەکەینەوە.

جەندین ساڵە مرۆڤایەتی شایەدی تاڵان، داگیرکەری و زوڵمی هێزە سەردەستەکانە. لە شەخسی چەتەکانی داعشدا هێزە دەسەڵاتدارەکان جارێکی تر زوڵمەکەیان لە جیهاندا بڵاوکردەوە. بە شێوەیەکی ئاشکرا و دڕندانە بە هەزاران مرۆڤیان کوشت و هەنگاو بە هەنگاو هێرشیان کردە سەر ئیرادەی مرۆڤەکان. لەو هێرشانەدا زیاتر ژنان ڕووبەڕووی هەڕەشە بوونەوە. ئەو ژنەی کە نوێنەرایەتی بەهای کلتوری، مێژوویی و مەعنەوی کۆمەڵگا دەکات رووبەڕووی دەستدرێژی و دڕندەییەکی زۆر بووەوە.

ژنی کورد کە خاوەن فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و خاوەن فیداکاری ژن بوو، ئیرادەکەی رادەستی ئەو هێزە چەتانە نەکرد. ئەو هەڵوێستەی ژنان، قەلغانێکی گەورەی لە دەوری گەلان دروست کرد و شۆڕشی ڕۆژئاوا لە منبج، تەنقا، رەقا و دێرەزۆر بۆ جەژنی هەموو گەلانی هەرێمەکە گۆڕا.

گەنجانی عەرەب، چەرکەز، سوریان، تورکمان و کورد ئەم جارە لەژێر چەتری قەسەدەدا بەرگری خۆیان بەهێزتر کرد و بەیەکەوە و شان بە شانی یەکتری هەموو هەرێمەکانی خۆیان لەدەستی چەتەکان رزگار کرد. ئەو ئاگری شۆرشە جارێکیتر تۆڕەیی و بەرخۆدانی گەلانی لەدژی زوڵم و داگیرکەران پیشاندا.

لە ٢٣ی ئازاردا بە پێشەنگایەتی یەپەژە فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک تێکشکاندنی خەلافەتی داعشی راگەیاند، بێگۆمان ئەو سەرکەوتنە بە یەکگرتنی گەلانی هەرێمەکە (عەرەب، کورد، ئاشووری، تورکمان و چەرکەز) بەدیهات. گەلانی هەرێمەکە بە پێکهێنانی یەکێتی خۆیان و بە بەهێزکردنی هیزێ پاراستنی خۆیان (قەسەدە) پیلانگێڕی و داگیرکاریان لەناوبرد کە چەندین ساڵ بوو لە هەرێمەکە هەبوو. ئەگەر یەکێتی گەلان نەبوایە، ئەگەر گەنجانی ئەم وڵاتە یەکیان نەگرتایە و بە بەهێزی بەرگیریان نەکردایە، دڕندەیی و زوڵمی داعش لەناو نەدەچوو. بەو شێوەیە سەرکەوتنی هەنگاوی تێکشکاندنی داعش لە ئەنجامی رەنج و تێکۆشان و یەکێتی هەموو گەلانی هەرێمەکە گەیشتە ئەنجام. بەم شێوەیە داعش وەک سمبوڵی دڕندەیی و زوڵم و یەپەژە و قەسەدەش وەک سمبوڵی ڕزگارکەری ژن و گەلان لە لاپەڕەکانی مێژوودا جێی خۆیان گرت.

یەپەژە لەسەر بناغەی نەتەوەی دیموکراتیک، لە بەرەی بەرخۆداندا یەکێتی ژنانی دروست کرد. ئەو هەڵوێستە بە شەرەفە کاریگەری لەسەر هەموو گەلانی هەرێمەکە دروست کرد. ئیدی گەل خاوەنداری لە دەستکەوتەکانی شۆرش کرد و بەشداری لەناو ڕیزەکانی پاراستندا زیادی کرد. ئەوەش نیشانەی ڕۆڵی دیارکەری یەپەژەیە لە ناو قەسەدە دا. گەل و ژنانی باکوور و ڕۆژهەلاتی سوریا پشتیان بە یەکتر بەست و بە ئەزموونی قەسەدە و یەپەژە بۆ ئەوەی یەکێتی ئەخلاقی و سیاسی گەلی هەرێمەکە گەرەنتی بکرێت و خۆیان بپارێزن، ئەنجومەنی سەربازی خۆیان دروست کرد.

داعش دەسەڵاتی سەر زەوی و فیزیکی خۆی لەدەستدا، بەڵام ئەوانەی داعشیان دروست کرد یان دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و هێزە نێودەوڵەتیەکان، ئەمڕۆ جارێکیتر هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی شۆڕش. بەم شێوەیە حسابمان لەگەڵ هێزە پیلانگێڕەکان و داگیرکەران کۆتایی نەهاتووە. دەوڵەتی داگیرکەری تورک بووە بە نوێنەری هێزە پیلانگێڕە نێودەوڵەتیەکان و هێرشی کردە سەر شاری بەرخۆدان عەفرین و هێرشەکانی تا ئەمڕۆش بەردەوامە. لە کاتێکدا کە پڕۆژەی ژیانی گەلانی هاوبەش و دیموکرات لە هەموو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاو دەبووەوە، هێزە داگیرکەرەکان ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ بە واتایەکی تر لە ساڵیادی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لەدژی ڕێبەری گەلان بەڕێز ئۆجالاندا، جارێکیتر هێرشی کردە سەر هەرێمەکە و شارەکانمان سەرێکانی و گرێ سپییان داگیر کرد. بە ڕێبازە دڕندانە و نائەخلاقی خەڵکیان شەهید کرد. لە کەسایەتی هاوڕێ هەڤرین خەلەفدا هێرشان کردە سەر کەسایەتی ژنی ئازاد و بەو هێرشە جارێکیتر هەوڵیاندا چاوی گەلانی هەرێمەکە بترسینن. هەوڵیاندا یەکبوونی ژن و گەلان هەڵبوەشێنن بۆ ئەوەی عەقلیەتی داگیرکەری و دەستدرێژکاری خۆیان بسەپێنن و خاکی زێڕینی هەرێمەکە داگیر بکەن. بەڵام گەلی هەرێمەکە پیلانگێڕیەکەی قبوڵ نەکرد و بە شێوەیەکی بەهێز ناڕەزاییان لە بەرانبەر داگیرکەری دەربڕی.

تا ئەمڕۆشمان لەبەرانبەر داگیرکەری هەنگاوی بەرخۆدانی شەرەفمان بەردەوامە. بۆ ئەوەی کۆتایی بە داگیرکەری دەوڵەتی تورک بهێنین و پیلانگێڕی  پووچەڵبکەینەوە، پێویستە گەلی هەرێمەکە یەکێتی خۆی بەهێزتر بکات و بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی لەدژی هەر شێوەیەکی هێرش و داگیرکەری بووەستێنەوە. ئێمە وەک یەپەژە بەڵێن بە هەموو ژنان و گەلانی هەرێمەکە دەدەین، هیوا و بڕوای ئەوان بە تێکۆشان بەرزتر دەکەین و جارێکیتر مزگێنی تێکشکاندنی هێزە پیلانگێڕەکان بە گەلی هەرێمەکە دەدەین."

ف.ق