یەپەژە: درێژەپێدەری رێگاکەى هاوڕێ ئەڤین دەبین

ناوەندی راگەیاندنى یەپەژە ناسنامەى شەڕڤانێکى خۆی بڵاوکردەوە کە لە بەرخۆدانى سەردەم لە عەفرین بریندار بوو بوو و بەهۆی قورسیى برینەکەیەوە لە نەخۆشخانەیەکى باشووری کوردستان شەهید بووە.

ناوەندی راگەیاندنى یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە) بڵاویکردەوە، ئەڤین تۆڵهەڵدان رۆژی ٢٠ی ئەیلول شەهید بووە.

ئەڤین تۆڵهەڵدان شەڕڤانى یەپەژە لەبەرخۆدانى سەردەم لەعەفرین بریندار بوو و دواتر بۆ چارەسەر گواسترابوویەوە بۆ نەخۆشخانەیەکى باشووری کوردستان، بەڵام هۆی قورسیى برینەکەیەوە رۆژی ٢٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى باشووری کوردستان شەهید بوو.

ئەمڕۆ تەرمی ئەڤین تۆڵهەڵدان لە مەراسیمێکى گەورە و بە شکۆی جەماوەریدا لە شاری دێرک لە رۆژئاواى کوردستان بە خاکسپێردرا.

دەقی راگەیاندراوى یەپەژە لەبارەى شەهید ئەڤین تۆڵهەڵدانەوە:

"شۆرشى گەلان لە باکووری سوریا بە رەنج و فیداکاریی شەهیدان خوڵقاوە. شەهادەتى هەر هەڤاڵێک بۆ ئێمە ئەمر و فەرمانێکە تاوەکو خەون و خولیاى ئەوان بۆ ئازادی بهێنینە دی.

هاوڕێ ئەڤین تۆڵهەڵدان بۆ سەرخستن و گەیاندن و بڵاوکردنەوەى ئازادی رەنج و فیداکارییەکى زۆر گەورەی تاوەکو ساتى شەهید بوونى ئەنجامداوە. بە ورە بەرز و گەورەکەیەوە خۆشەویستی و رێزی خۆی لە دڵی هەموو هەڤاڵەکانیدا جێکردبووە. ئێمە بەهۆی شەهادەتى هاوڕێ ئەڤینەوە، غەمباربوونی خۆمان رادەگەیەنین و سەرەتا لە بنەماڵەکەى و بنەماڵەى شەهیدان و گەلە وڵاتپارێزەکەمان سەرەخۆشی دەکەین و بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری رێگاى شەهیدان دەبین.

هەڤاڵ ئەڤین لە شاری عەفرین لە بنەماڵەیەکى وڵاتپارێز دایکبوو. لە ناو ئەو بنەماڵە وڵاتپارێزەدا نشونومای کرد. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیاى ئازادی و گەڕان بە دوای ئازادیدا تیادا سەرهەڵدەدات. دواى بڵاوبوونەوەى شەپۆلی شۆڕش لە سەرتاسەری رۆژئاواى کوردستان، ئەویش وەک زۆرێک لە کچانى گەنج لە رۆژئاواى کوردستان روویان لە ریزەکانى شۆڕش کرد و ساڵی ٢٠١٢ بەشداری ریزەکانى یەپەژە بوو. لە ریزەکانى پێشەوەى شۆڕش و بە تەمەنە گەنجە پڕ لە وزەکەیەوە رۆڵی خۆى لە ناو ریزەکانى یەپەژە بە باشترین و سەرکەوتوترین شێوە بە ئەنجام دەگەیاند.

هەڤاڵ ئەڤین هەموو کات بەشێوەیەکى چالاک بەشداریى کارەکانى دەکرد. بە دڵگەرمی و رۆحی گەنجێتییەوە و هەڵوێستێکى تەندروست و تۆکمەوە و بە خەونى ئەوەوە، کە ببیتە شەڕڤانێکى لێهاتوو و دڵپاکی گەلەکەى و مرۆڤایەتى لە تێکۆشانى بەردەوامدا بوو.

هەڤاڵ ئەڤین ساڵی ٢٠١٣ بەشداریی شەڕەکانى دژ بە چەتەکانى بەرەى نوسرەی کرد لە تەل عەلۆ. لەو شەڕانەدا بە قورسی بریندار بوو. بۆ ماوەیەکى درێژ لە ژێر چاودێریى پزیشکدا بوو و چارەسەریى وەردەگرت و هاوکات لەگەڵ چارەسەرییەکەیدا شانبەشانى تیمى پزیشکى کاری چارەسەرکردنی پێشکەش بە هەڤاڵەکانى تری و گەلەکەى دەکرد.

بە بەرپرسیارێتییەکى گەورەوە هەموو کات و بە بەردەوامى خزمەتى گەل و هاوڕێکانى دەکرد. سەربارى ئەوەى ماوەى چەند ساڵ لە ژێر چاودێریى پزیشکدا بوو و بە بەردەوامى چارەسەری وەردەگرت، بەڵام برینەکانى ساڕێژ نەدەبوون. لە دوایین حاڵەتى شەڕدا لە قۆناغی بەرخۆدانى سەردەم لە عەفرین، دیسانەوە بریندار بوویەوە و برینەکانى زیاتر لە جاران قورس بوون. بۆ ئەوەش بۆ چارەسەر رەوانەى باشووری کوردستان کرا، بەڵام سەرباری هەوڵی پزیشکەکان لە نەخۆشخانە شەهید بوو.

هاوڕێ ئەڤین تاوەکو دوا هەناسەی کەسێکى پۆڵاین و تۆکمە و خاوەن باوەڕێکى بەهێز بوو و لە ئەنجامى تێکۆشانە گەورەکەیدا گەیشتە پلەى شەهادەت. جارێکیتر یادی هەڤاڵ ئەڤین بە بەرزی رادەگرین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەى، بنەماڵەى شەهیدان و هەمەوو گەلی کوردستان و باکووری سوریا دەکەین و بەڵێنیش دەدەین، کە درێژەپێدەری رێگاى شەهیدان دەبین تاوەکو هاتنەدیى خەونەکانیان بۆ ئازادی و کامەرانى".

ناسنامەى هەڤاڵ ئەڤین تۆڵهەڵدان

نازناو: ئەڤین تۆلهەڵدان

ناو و پاشناو: ئەڵماس محەمەد

ناوى دایک: فازیلە

ناوی باوک: حوزنی

شوێن و کاتى بەشداربوون: عەفرین / ٢٠١٢

کاتى شەهیدبوون: ٢٠ی ئەیلولی ٢٠١٨

ر.م