یەپەگە: لە عەفرین ٤ چەتە کوژران

شەڕڤانانى یەپەگە و یەپەژە لە عەفرین لە دژی سوپاى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانى ٣ چالاکیى سابوتاژیان ئەنجامدا. لەو چالاکییانەدا ٤ چەتە کوژران.

ناوەندی راگەیاندنی یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەى قۆناغی دووەمی بەرخودانى سەردەم لە عەفریندا لە ناوەندی عەفرین و ناوچەکانى دەورووبەری جندرێس و بلبلێ ٣ چالاکیى سابوتاژ لە دژی سوپاى تورکی داگیرکەر و چەتەکانی ئەنجامدران.

لە راگەیاندراوەکەى یەپەگەدا هاتووە، دەستەیە لە شەڕڤانانى یەپەگە رۆژی ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ١٦ی سەرماوەز لە دەورووبەری گوندی دێر بەلوت لە ناوچەى جندرێس لە دژی ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى چەتەکانى ئەحرار شام چالاکییەکى سابوتاژیان ئەنجامدا. بەهۆی ئەو چالاکییەوە ٢ چەتەى داگیرکەر کوژران.

راشیگەیاندووە، دەستەیەکى تری شەڕڤانانی یەپەگە رۆژی ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ١٧ی سەرماوەز لە رۆژئاواى ناوەندی عەفرین لە دژی ئۆتۆمبێلێکى چەتەکانی ئەحرار شەرقییە چالاکییەکى سابوتاژیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا چەتەکان کوژراو و برینداریان هەبوو، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان روون نەبوویەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "دەستەیەکى تر لە شەڕڤانان هەر لە رۆژی ٨ی کانوون یەکەمی ٢٠١٨ / ١٧ی سەرماوەز لەسەر رێگاى گوندی شێخ ئورزێ لە ناوچەى بلبلێ لە دژی ئۆتۆمبێلێکى سەربازیى چەتەکانى سوڵتان موراد چالاکییەکى سابوتاژیان ئەنجامدا. لەو چالاکییەدا ٢ چەتەی داگیرکەر کوژران".

ر.م