یەپەگە: لە مانگى ئەیلولدا ٧٤ چەتە و سەربازى تورک کوژراون

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیى یەپەگە ئاماری چالاکییەکان، هێرش و ژمارەى سەرباز و چەتە کوژراوەکانى تورکیای لە مانگى ئەیلول دا بڵاوکردەوە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) رایگەیاند، شەڕڤانان لە مانگى ئەیلولدا لە عەفرین ٣٨ چالاکییان ئەنجامداوە و لەو چالاکییانەدا ١١ سەربازی سوپاى تورک و ٦٣ چەتە، کە یەکێکیان سەرەک چەتە بووە کوژراون.

لە راگەیاندراوەکەى یەپەگەدا هاتووە:

"دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە هەموو دەرفەتەکانى بەردەستیدا هێرشەکانى لە دژی سوریای دیموکراتیک و رۆژئاواى کوردستان زیاتر کردووە. لەگەڵ چەتەکانیدا لە عەفرین بەردەوامە لە ئەنجامدانی کردەوەی فاشیستییانە لە دژی گەلەکەمان. دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دەیەوێت بە گۆڕینى دیموگرافیا (باری دانیشتوان)ی عەفرینى داگیرکراو، مانەوەى داگیرکەرانەى خۆی بکاتە هەمیشەیى و ئامانجی ئەوەیە خۆی بکاتە تاکە هێز. کارەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانی لە مانگی ئەیلولدا زۆر بە چڕی بەردەوامییان هەبوو. دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە دژی گەلەکەمان لەو هەرێمەدا لە رێگەى رفاندن، فیدیە سەندن لە هاووڵاتییان و ئەشکەنجەکردنیان  بەردەوامە لە ئەنجامدانی رەفتاری فاشیشتییانە و چاوسوورکەرەوانە.

لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا هێزەکانمان لە یەپەگە و یەپەژە لە چالاکییە کاریگەرانەکانیاندا گورزی قورسیان لە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانی داوە. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتى تورکی داگیرکەردا لە هەموو سنوورەکانى رۆژئاواى کوردستانەوە وەڵامى رەوا و پێویست بە هێرشەکان دراوەتەوە. شەڕی بەرخۆدان لە بەرامبەر داگیرکەری لە مانگى ئەیلولدا پێشکەوتنى بەرفراوانى بە خۆیەوە بینیوە:

لە ٣٨ چالاکیدا ٧٤ چەتە و سەرباز کوژراون

هێزەکانمان لە دژی سوپاى تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانی بە گشتی ٣٨ چالاکیی جۆراجۆری سابوتاژ، لێدان بە قەناس، هێرشکردنە سەر و بۆسەدانانیان ئەنجام داوە.

لەو چالاکییانەدا ٧٤ سەربازی تورکی داگیرکەر و چەتەیان کوژران، کە ١١یان سەرباز تورک و ٦٣ی تریشیان چەتە بوون. لە ناو چەتە کوژراوەکاندا کەسێکیان سەرەک چەتە بوو.

لەو چالاکییانەدا ٣٧ سەربازی تورکی داگیرکەر و چەتەیان برینداربوون، کە ٦ برینداریان سەربازی تورک و ٣١ برینداری تریان چەتە بوون.

لەو چالاکییانەدا دەستگیراوە بەسەر ١٣ چەکی ئەی کەی -٤٧ (کڵاشینکۆف) و چەکێکى جۆی ئێم جی – ٣.

هەر لەو چالاکییانەدا بارەگایەک و ٦ ئۆتۆمبێلى سەربازی و تانکێکى جۆری تی ٥٥ تەقێنراونەتەوە.

هاووڵاتییانیان کردووەتە ئامانج

سوپاى تورکی داگیرکەر لە مانگى ئەیلول دا بەردەوام بوو لە دەستدرێژیکردنە سەر سنوورەکان. لە سنوورەکانی کۆبانێ، سەرێکانی، قامیشلۆ و گرێسپی هاووڵاتییانى مەدەنیى کردووەتە ئامانج. بەهۆی ئەو هێرشانەى سوپاى تورکی داگیرکەرەوە ٣ هاووڵاتی بریندار بوون، کە یەکێکیان منداڵ بوو. هەروەها شوێن و ماڵی هاووڵاتییان، باخ و رەز و باخچەی هاووڵاتییان بەهۆی ئەو هێرشانەوە زیانیان پێگەیشتووە.

شێلگیرانە شەڕی کۆتایهێنان بە تیرۆر بەردەوامە

لە چوارچێوەى هەڵمەتى گەردەولی جزیر بە پێشەنگایەتیى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) لە ١٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ / ١٩ی خەرمانان دوا قۆناغی ئە هەڵمەتە بە دروشمی "شەڕی کۆتایهێنان بە تیرۆر" دەستیپێکرد. هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە لە ژێر چەتری قەسەدەدا بەشدارن لەو قۆناغەدا و بەشێوەیەکى چالاکانە کار و ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن. هەڵمەتەکە بە ئامانجی رزگارکردنى هاووڵاتییان و رزگارکردنى شارۆچکەى هەجین-ە، کە دوایین شوێنى ژێر دەستى چەتەکانى داعشە و بەرەوپێشچوونێکى گەورەش تۆمار کراوە.

ئەو شەڕە، کە بەرخۆدانێکى ٢٠ رۆژەی لە دواى خۆی بەجێهێشتووە تیادا چەندین خاڵی ستراتیژی، گوندو هاووڵاتی رزگارکراون. ئەو هەڵمەتە بە شێلگیرییەکى زۆرەوە بەردەامە. لەبەر ئەوەى ئەنجامی ئەو شەڕە ٢٠ رۆژییە لەلایەن ناوەندی راگەیاندنى قەسەدەوە بڵاوکراوەتەوە و لە راگەیاندراوەکانیدا لەبارەى ئەو شەڕەوە ئاماری مانگی ئەیلولی بڵاوکردووتەوە، بۆیە ئێمە لە راگەیاندراوەکەماندا بە بەرفراوانى باسمان لە ئامارەکانى ئەو شەڕە نەکردووە.

بە ئۆپراسیۆنى تایبەت لە شانە نووستوەکانى داعش درا

لە تێکۆشانی دژ بە داعش، ٢ کەسی بیانی کە زۆر بە داعش گرنگ بوون لەلایەن یەکەکانى دژە تیرۆر (Y.A.T)ەوە دەستگیرکران.

هەروەها رۆژی ١٩ی ئەیلول لە گوندەکانی قوببە و جەددەی سەر بە ناوچەى شێخلەر لە باشووری رۆژئاواى کۆبانێ ئۆپراسیۆنێکى تایبەت و هاوبەشی یەپەگە، یەپەژە و یەکەکانى ئاسایش لە دژی شانە نووستووەکانى داعشی سەر بە دەوڵەتى تورک ئەنجامدرا. لەو ئۆپراسیۆنەدا بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە دەیان چەتەى داعشی سەر بە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر دەستگیرکران. لە ئەنجامى هەڵمەتى پشکنیندا ژمارەیەکى زۆر ئامێر و کەرەستەى تەقەمەنی، کە ئامادەیان کردبوون بۆ ئەنجامدانى هێرشی بۆمبدانان و خۆکوژی دەستیان بەسەردا گیرا. دەستیش بەسەر ٢ چەکی بی – ٧ و مووشەکهاوێژیک و ١٠ مووشەکیدا و ١١  چەکی ئەی کەی -٤٧ (کڵاشینکۆف)، ٢ دووربینى شەو، ٤ دووربینى رۆژ، ١٤ تەلەفون، ٤  دەستکێش، ٩ دەمانچە و گولـلەکانیان لەگەڵ چەندین ئامێر و کەرەستەى تری سەربازیدا دەستیان بەسەردا گیرا.

٨ شەڕڤان شەهید بوون

لە مانگى ئەیلول دا ٨ هەڤاڵمان لە ئەنجامى رووداوى هاتووچۆ و بەهۆی نەخۆشیى قورسەوە شەهید بوون.

بە دڵنیاییەوە تۆڵە دەکرێتەوە

ئێمە وەک هێزەکانى یەپەگە و یەپەژە سەرەتا و پێش هەموو شتێک لە دژی داگیرکەریى دەوڵەتى تورک و لە دژی ئەو کەسانە، کە هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەمان، کە بە رەنج و باج و ماندبوون و خوێنى شەهیدان و گەلەکەمان بە دەستهاتوووە، بە دڵنیاییەوە تێکۆشان و چالاکیى کاریگەرانەى ئێمە لە دژیان بەردەوام دەبیت".

ر.م