"یەک زمان و یەک مەزهەب بەسەر عەفرینى داگیرکراودا دەسەپێندرێت"

ڕێکخراوی گەلانى هەڕەشە لێکراوە لە ئەڵمانیا رایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا دژ بە کوردان و گروپە ئایینییەکانی تر لە عەفرین شەڕ دەکات. ئەو ڕێکخراوە راشیگەیاند، یەک زمان و یەک مەزهەب بەسەر گەلانی هەرێمەکەدا دەسەپێندرێت.

ڕێکخراوی گەلانى هەڕشە لێکراو، کە ناوەندەکەی لە شاری گۆتینگەنی ئەڵمانیایە، ڕاپۆرتی خۆی لەسەر کانتۆنی عەفرین بڵاوکردەوە، کە ماوەی ٤ مانگە لەلایەن سەرباز و چەتەکانی تورکیاوە داگیرکراوە.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن بەرپرسی دیسکی ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئەو ڕێکخراوە دکتۆر کەمال سیدۆ وە ئاشکرا کرا و تێیدا ئاماژە بە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا کراوە بۆ لەناوبردنی فرە ڕەنگی و پێکەوەژیان لە عەفرین.

لەو ڕاپۆرتەدا ڕاگەیەندراوە، دەوڵەتی تورکیا و گروپی چەتەکانی، پاش ئەوەی لە ١٨ ی ئاداری ئەمساڵدا، ناوەندی شاری عەفرینیان داگیرکرد، یەکسەر زمانی کوردی و وانەکانی زمانی کوردیان لە قوتابخانەکاندا نەهێشت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "لە شاری عەفرین کە چەندین ناسنامەی جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی هەن و پێکەوە بە ئاشتی دەژیان، دەرچوونی ژنان لە ماڵەکانیان قەدەغە کرا بە بێ پۆشینی حیجاب. پۆشینی حیجاب بەسەر ژناندا سەپێنراوە. بەو شێوەیەش لەپڕ تەنها پیاوان لەناو کۆڵان و شەقامەکانی عەفریندا دەبینرێن".

"چیتر لە عەفرین ئێزدی و عەلەوی و مەسیحی نەماون"

ڕێکخراوی گەلانى هەڕەشە لێکراو لە ئەڵمانیا بە بیری هێناوەتەوە، جگە لە موسوڵمانان لە عەفرین، باوەڕەکانی تری وەک ئێزدیی، عەلەوی و مەسیحیی بوونیان هەیە و لە ڕاپۆرتەکەیاندا ڕایانگەیاندووە "بەڵام چیتر ئەو مرۆڤانە بوونیان نییە لە شاری عەفرین کە ناسنامەی نەتەوەیی و باوەڕیی و مەزهەبیی جیاوازیان هەیە. بە نموونە، بە پێی خەمڵاندن و سەرژمێرییەکانی پێشتری ئێمە، تەنها لە ناوەندی شاری عەفریندا نزیکەی هەزار مەسیحیی هەبوون. ئێستا تەنانەت یەک مەسیحیشی تێدا نەماوە."

نوێنەری ئەو ڕێکخراوە دکتۆر کەمال سیدۆ، دەربارەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە شاری عەفرین ئەم زانیاریانەی دا: "بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی، کە ئێمە لە چالاکوانانی هەرێمەکەوە وەرمانگرتووە، لە نیوەی سەرەتای مانگی تەموزەوە، لە شاری عەفرین ١٢٠ کەس ڕفێندراون، ٧ کەس کوژراون، ١٠ جار ڕووداوی شێلاندن و ٢٧ جاریش هەڵکوتانە سەر ماڵان ئەنجام دراوە. بێگومان ئەم ژمارانە تەنها هی ئەوانەن کە بیندراون. بەڵام بە کۆی گشتیی، لە سەرەتای داگیرکردنی شاری عەفرینەوە لە ١٨ ی ئاداری ئەمساڵ لەلایەن سووپای تورکیاوە لانیکەم ٣ هەزار کورد ڕفێندراون، بەڵام بەپێى سەرچاوە جۆراوجۆرەکان بەگشتی ژمارەى ئەو کەسانەى لە عەفرین رفێندراون بە ٧ هەزار کەس دەخەمڵێنرێن".

"سڕینەوەی نەتەوەیی"

دکتۆر کەمال سیدۆ جەختی لەوە کردەوە، بنەماڵەکان لە ترساندا ناوێرن ڕفاندنی ڕۆڵەکانیان ئاشکرا بکەن. هێزەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا، دەستیان گرتووە بەسەر مۆبایل و تەلەفۆنی هاووڵاتییانی مەدەنیدا. بە کورتی مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە لە هەرێمەکە هەڵمەتی سڕینەوە و پاکتاویی نەتەوەیی ئەنجام دەدرێت. سووپای تورکیا دەیان هەزار ئیسلامیی تووندڕەوی لە دەرەوە هێناوە و لە هەرێمەکانی کورداندا نیشتەجێى کردوون.

ر.م