بۆ دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک ١٤ ڕۆژ مۆڵەت دیاریکراوە

تا ئێستا لایەنە سیاسیەکانی پارێزگای کەرکووک بۆ دیاریکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک نەگەشتوون بە ڕێکەوتن، بەو مەبەستەش سەرۆک وەزیرانی عێراق ماوەی ١٤ ڕۆژ مۆڵەت دەداتە لایەنەکانى پارێزگاکە بە مەبەستى ڕێککەوتن و ئەنجامدانى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاکە.

ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردوو محەمەد شیاع سوودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ جاری سێیەم لەگەڵ لایەنە سیاسی و پێکهاتەکانى کەرکووک کۆبووەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنى پارێزگار و پێکهێنانى ئیدارەى خۆجێی شارەکە، بەڵام لەو کۆبوونەوەیەشدا نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێکی کۆتایی. لە کۆبوونەوەکەدا بەهۆی ئەوەى لایەنەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، سوودانى بڕیاریداوە ١٤ ڕۆژ مۆڵەت بدات بە لایەنەکانی کەرکووک، ئەگەر ڕێککەوتن ئەوا کۆبوونەوەى چوارەم دەکەن، ئەگەر ڕێکنەکەوتن ئەوا سوودانى خۆی ڕۆژێک بۆ کۆبوونەوەى ئەنجومەنی پارێزگا دیاری دەکات بە مەبەستى هەڵبژاردنى کەسێک بۆ پارێزگاری کەرکووک.