بۆ وەیسی ئاکتاش کە لە ئیمراڵی ئازاد ناکرێت، داواکاری پێشکەش کرا
بنەماڵەی وەیسی ئاکتاش کە ئازادکردنی ساڵێک دواخراوە، سەردانی لقی ئامەدی ئۆهەدە و ئیهەدەیان کرد و داوای پشتگیری یاساییان کرد.
بنەماڵەی وەیسی ئاکتاش کە ئازادکردنی ساڵێک دواخراوە، سەردانی لقی ئامەدی ئۆهەدە و ئیهەدەیان کرد و داوای پشتگیری یاساییان کرد.
لە زیندانی دوورگەی ئیمراڵی ٣٩ مانگە زانیاری لەبارەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هاوڕێکانی عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش، نییە. وەیسی ئاکتاش بەم دواییانە لە ٣ ی ئاداری ٢٠٢٠ لەگەڵ بنەماڵەکەی دیداری ئەنجامدا. هەروەها لە ٢٧ ی نیسانی ٢٠٢٠ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بە تەلەفۆن لەگەڵ بنەماڵەی قسەی کردبوو، بنەماڵەکەی لەو ڕۆژەوە زانیارییانە لەبارەیەوە نییە.
ئاکتاش لە ٢٨ ی نیسانی ٢٠٢٤ سزای ٣٠ ساڵی خۆی تەواو کرد. ئازادکردنی لەلایەن دەستەی کارگێڕی و چاودێری زیندانەوە بۆ ساڵێک دواخرا. نووسینگەی یاسایی سەدە داواکاری پێشکەشی دادگای سزادانی بۆرسا کرد. دادگا ٢ ی ئایار داواکارییەکەی ڕەتکردەوە. پارێزەران داوایان پێشکەشی یەکەمین دادگای سزای قورسی بۆرسا کرد، دادگا دیسان ڕەتی کردەوە.
خوشکەکانی ئاکتاش، سەبیحە ئاسڵان و مەلیحە چەتین، هەروەها پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە مەزڵوم دینچ و سوزان ئاکیپا، بۆ پشتیوانی یاسایی سەردانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە) و کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە)یان کرد.
بنەماڵە و پارێزەران سەرەتا سەردانی ئۆهەدەیان کرد، بنەماڵەکە باسی ڕەوشی گۆشەگیری ئاکتاشیان کرد و داوایان کرد هەوڵی یاسایی بدرێت. دووپاتیان کردەوە هەرکاتێک بوومەلەرزەیەک لە هەرێمی بۆرسا ڕوودەدات دڵیان دەلەرزێت. داوایان کرد دژی ئەو ناهەقییەی لە ئیمراڵی بەڕێوەدەچێت هەوڵی جدی بدرێت.
هاوسەرۆک و بەڕێوەبەرانی ئۆهەدە ڕایانگەیاند لە ئیمراڵی ناهەقی دەکرێت و درێژە بە تێکۆشان دەدەن بۆ کۆتاییهێنان بەو ڕەوشە.
پاشان چوونە سەردانی لقی ئامەدی ئیهەدە و داوای پشتیوانیان کرد. سەبیحە ئاسڵان ڕایگەیاند کاتی مردنی باوکیان و لە بومەلەرزەکەی مەرەش ڕێگە نەدراوە پەیوەندی بە ئاکتاشەوە بکەن، دووپاتی کردەوە دەبوو ئێستە وەیسی ئازادبکرایە، ئەمەی دەکرێت ستەمێکی ڕوونە.
مەلیحە چەتین ڕایگەیاند لە تورکیا دادپەروەری نەماوە، گوتی: "ئەوان ٩ ساڵە بێجگە لە دەنگی ئاو هیچ شتێک نابیستن. تەلەفۆن و دیدار نییە، هیچ نییە. باوکمان مرد، نازانین ئەو ئاگای لێ بووە یان نا".
سەرۆکی ئیهەدەی ئامەد ئەردان یەڵماز ڕایگەیاند بۆ ئەنجامدانی دیدار لە ئیمراڵی ٤ جار داواکاریان پێشکەش کردووە و گوتی: "بۆ کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری، درێژە بە تێکۆشان دەدەین".