بۆ ڕۆژنامەنووس سەردار کاراکۆچ بانگەوازی کرا

ڕۆژنامەنووسان، سیاسەتمەداران، پارێزەران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردار کاراکۆچ ناڕەزایەتیان دەربڕی و ڕایانگەیاند: "شەرمەزارییەکی گەورەیە کە سیاسەتمەدارانی ئەوروپا بەپێی داواکارییەکانی تورکیا مامەڵە بکەن."

ڕۆژنامەنووسان، سیاسەتمەداران، پارێزەران و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، بەیاننامەیەکی نووسراویان دژی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سەردار کاراکۆچ بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "زۆر خەمگینین بە دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسی کورد سەردار کاراکۆچ، کە ساڵانێکە لە هۆڵەندا نیشتەجێیە، هەرچەندە داواکەی ئاڵمانیا وەک هۆکار نیشان دەدرێت، بەڵام دەزانین ڕاستییەکانی پشت ئەم دۆخە دەرئەنجامی فشارەکانی تورکیایە. شەرمەزارییەکی گەورەیە کە سیاسەتمەدارانی ئەوروپا بەپێی خواست و داواکارییەکانی تورکیا مامەڵە بکەن."

هەروەها لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: "سەردار کاراکۆچ ساڵانێکی زۆرە وەک ڕۆژنامەنووس لە تورکیا کاری کردووە و هەموومان لەنزیکەوە دەیناسین، لە ڕۆژنامە کوردییەکان خەبات و کاری بەڕێوەبەری کردووە، کاتێک بارەگای ڕۆژنامەی ئۆزگور ئولکە بۆردومان کرا، لەوێ بووە و بە ڕێکەوت لەم هێرشە ڕزگاری بووە. ئەوە بەڵگەیەکی بە‌هێزە کە ئەو لە بارودۆخێکی سەختدا کار و خەباتی بەڕێوە بردووە. بە هۆی ئەوەی نەیتوانیوە لە هەلومەرجی سەختی تورکیادا بژیت هاتووتە هۆڵەندا، ئێمە شایەتحاڵێ ژیانی سەردار کاراکوچین.

ئێمە داوای ئازادکردنی سەردار کاراکۆچ دەکەین. هەروەها دەمانەوێت سەرنجی هەموو کەسێ بۆ ئەو ڕاستییە ڕابکێشین کە گوشار و گرتن و هەوڵی ترساندن لە دژی ڕۆژنامەنووسانی کورد جێگای قبوڵکردن نییە. ئازادی بیر و ڕا یەکێکە لە بنەما بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگا دیموکراسیەکان و پێویستە پێکەوە بۆ پاراستنی ئەو ئازادییە تێکۆشان بکەین.