باقرخان: کۆتایی بە گۆشەگیریی ئیمراڵی بهێنن
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان گوتی: "ئەگەر ئێوە ئاساییبوونەوە دەخوازن، دەبێت بزانن چارەسەر هێندەی دوورگەیەک لێتانەوە دوورە".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان گوتی: "ئەگەر ئێوە ئاساییبوونەوە دەخوازن، دەبێت بزانن چارەسەر هێندەی دوورگەیەک لێتانەوە دوورە".
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی دەربارەی ڕۆژەڤەکان دوا.
بەبۆنەی ١٥ ی ئایار جەژنی زمانی کوردییەوە، باقرخان بە زمانی کوردی دەستی بە قسەکانی کرد، لە کەسێتی جەلادەت عەلی بەدرخان و عوسمان سەبری و قەدری جان و جگەرخوێن و محەمەد شێخۆ و ئارام تیگران و ئاپێ موسا و فەرزاد کەمانگەر هەموو خەباتکارانی زمانی کوردی بیرهێنایەوە و گوتی: "بە کوردی دەنووسین و دەدوێین و بیردەکەینەوە". باقرخان تیشکی خستەسەر ئاستەنگەکانی بەردەم زمانی کوردی و ڕایگەیاند سەرەڕای هەموو ئەمانە، زمانی کوردی هەبوونی خۆی پاراستووە.
باقرخان تیشکی ئاماژەی کرد فشارە سیاسییەکانی سەر پارتە کوردی و ئۆپۆزیسیۆنەکان، بەتایبەت کردنەوەی دۆزی کۆبانێ دژی سیاسەتمەدارانی کورد و گوتی: "ئەگەر ئاسایبوونەوەیەکی ڕاستەقینە دەخوازن، کۆتایی بە دۆزی کۆبانێ و دۆزە سیاسییەکانی تر بهێنن".
پاشان باقرخان داوای کرد دەسەڵات کۆتایی بە گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بهێنێت و گوتی: "هەرکات بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵی خۆی لە ئاشتی و چارەسەر گێڕابێت، خۆشگوزەرانی هاتۆتە وڵات، گەنجان بە هیوایەکی مەزنەوە دەیانڕوانیە ئایندەی وڵات. بەڵام هەرکات دەستوەردان کراوە لە سیاسەتی دیموکراتیکدا، بێهوایی و قەیرانی ئابووری و ملیۆنان کەسی نائومێد دەرکەوتوون. بەڵێ ئاسایبوونەوە باشە، بەڵام ئەگەر ئاسایبوونەوەی ڕاستەقینە دەخوازن، دەبێت بزانن چارەسەر هێندەی دوورگەیەک [ئیمراڵی] نزیکە لێتانەوە".
باقرخان ڕایگەیاند گرنگترین پرس لە تورکیا، پرسی کوردە، ڕێگەی ئاسایشی ناوخۆی و دەرەوەی تورکیا، بریتییە لە ئاشتی نێوان تورک و کورد، تا ئەم ئاشتییە نەیەتەدی ئابووری و ماف و دیموکراسی هەروا لەرزۆک دەبن، جەختی کردەوە ئاسایش بە تۆپ و تفەنگ و فیشەک و ئۆپەراسیۆنی دەرەوەی وڵات و نکۆڵی و پشتگوێخستنی کوردان نایەتەدی، پێویستە ئاشتیەکی جڤاکی لەنێوان کورد و تورک بێتەدی و ئازادی و دیموکراسی بچەسپێت.
باقرخان ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکانیان لەپاش هەڵبژاردنی ٣١ ی ئادار لەگەڵ پارتە سیاسییەکان چەند پێشنیارێکیان خستۆتەڕوو، پێشنیارەکان بەکورتی لەم پێنج خاڵە پێکدێن:
* چارەسەری پرسی کورد بە سودی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوینە، پێویستە دانوستان بکرێت بۆ بەدیهێنانی چارەسەر، بەبێ ئەمە سەدەی نوێی تورکیا و دەستوور نایەنەدی.
* مسۆگەرکردنی مافی سیاسەتی دیموکراتیک و ڕێگری لە کودەتای سەربازی و سیاسی.
* کارکردنی هاوبەش بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری، پاراستنی مافی کرێکاران و هەژاران و جڤاک.
* کۆتایی هێنان بە هێرشی سەر ژنان و بنیاتنانی جڤاکێکی یەکسان و ئازادیخواز.
* بۆ ئاشتی جڤاکی پاراستنی مافی هەمووان، وەستانەوە دژی جیاکاری یاسایی بەرامبەر کورد و کرێکاران و شۆڕشگێڕان و ئۆپۆزیسیۆنەکان. دانانی دەستوورێک لەسەر بنەمای دیموکراسی هەرێمی و دابەشبوونی هێزەکان. خوێندنەوەی ڕاستەقینەی پەیامەکانی گەل لە ٣١ ی ئادار، کارکردن بۆ ئاشتی و دادپەروەری و ئارامی لە وڵاتدا.
لەکۆتاییدا باقرخان داوای لە تەواوی کوردانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد یەکێتی نەتەوەیی کوردان بپارێزن و کەس هەوڵ نەدات بۆ تێکدانی یەکێتی نەتەوەیی کورد لەپێناو هیچ بەرژەوەندییەکدا، ڕایگەیاند یەکێتی کوردان دژی هیچ لایەک نییە، بە سودی هەموو کوردان و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەشکێتەوە، گوتی: "ئەمە هەڕەشە نییە بۆ سەر دیموکراسی تورکیا، بەپێچەوانەوە، دیموکراسییەت و ئازادی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. وەرن پێکەوە بە ڕێگەی دیموکراتیک پرسی کورد چارەسەر بکەین".