بنەماڵەی زیندانیان لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی وەزیری داد کۆبوونەوە

بنەماڵەی زیندانیان بە درووشمی "دادپەروەری و یاسا بەدی بێنن" چالاکیان دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەت و بەرپرسی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی داد کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەی بنەماڵەی زیندانیان

چالاکی "دادپەروەری و یاسا بەدی بێنن" بە پێشەنگایەتی بنەماڵەی زیندانیان بە ئامانجی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کور عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوامە، سێ هەفتە لەسەر یەک چوونە ئەنقەرە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داد بەڵام ڕێگەیان لێ گیرا و بە پاساوی جیاجیا داواکەیان ڕەت دەکرایەوە. ئەمڕۆ بە پاساوی ئەوەی وەزیری تونچ لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدایە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی وەزارەت بوشرا سەلەک و بەرپرسی لێکۆڵینەوەکانی وەزارەت عیرفان یەڵماز لەگەڵ بنەماڵەکان کۆبوونەوە.

لەسەر ناوی بنەماڵەی زیندانیان سێ کەس وەک نوێنەر بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، هەروەها پەرلەمانتارانی دەم پارتی بورجوگول چوبوک و سەرحەد ئەرەن لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.

بنەماڵەکان پێشێلکاری و ناهەقییەکانی نێو زیندانەکانیان باسکرد و دووپاتیان کردەوە تا لەگەڵ وەزیری یەڵماز تونچ کۆنەبنەوە ڕێپێوانی هەزاران کەسی ئەنجام دەدەن. ئاماژەیان بەوە کرد ڕۆڵە نەخۆشەکانیان لە زیندان لە گۆشەگیریدان و ئەم ڕەوشەی ڕۆڵەکانیان قبووڵ ناکەن.

سەلەک و یەڵماز سەرنجەکانیان پەیوەست بە کۆبوونەوەکە تێبینییەکانی خۆیان نووسی و دووپاتیان کردەوە سەرنجی بنەماڵەکان دەگەیەننە وەزیر.